جوڵەی ئاوەدانی لە هەڵەبجە نزیکبووەتەوە لە وەستان؛ وەبەرهێنەران داواکارییان هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

عەزیز و ئیبراهیم، دوو بەڵێندەری دیاری هەڵەبجەن کە نزیکەی 25 ساڵە ئەو کارە دەکەن و، بەردەوام پێویستیان بە فەرمانگە حکومییەکانە؛ بەڵام بۆ هەر پڕۆژەیەک، دەبێت چەندین رۆژ سەردانی سلێمانی بکەن تاوەکو مامەڵەکەیان تەواودەکەن.
 
هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەڵەبجە کراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەژماری بانکی تایبەت بە خۆی نەکراوەتەوە، بۆیە خاوەنکار لە سلێمانی ئەو پارە دادەنێن.
 
عەزیز محەممەد، بەڵێندەر لە هەڵەبجە دەڵێ "داوادەکەین لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کارئاسانی بکەن بۆ ئەوەی کارەکان بەرەو پێشەوە بڕۆن. ئەو بەڕێوبەرایەتییانەی تایبەتن وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی، باجەکان و باجی کۆمپانیاکان، لەنێو هەڵەبجە ئیشیان پێبکرێت، بۆ ئەوەی ئێمە بۆ هەموو کارێکی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، یان بۆ باج نەگەینەوە سلێمانی، کە دوو، سێجار دەچین و بەرمان ناکەوێت."
 
دەشڵێ "ئێستا کە هەڵەبجە خۆی پارێزگایە، زیاتر لە جاران دەچینە سلێمانی، جاران یەک جار دەڕۆیشتین و ئێستا دەبێت چەند جارێک بڕۆین، تاڕادەیەک بە سلێمانییەکە رازین، بەڵام جاری وا هەیە دەچینە هەولێر و هەر وەڵام نادەنەوە."
 
نەگواستنەوەی بەشێکی بەرچاوی کارەکان لە پارێزگای دایکەوە بۆ هەڵەبجە بەشێکە لە کێشەکان، بەڵام سەرئێشەی سەرەکی، ئەو کاتە دەستپێدەکات کە بەهۆی رۆتینەوە خاوەنکارەکان ناچارن بۆ هەمان کار، چەند جارێک لە پارێزگەیەکەوە بچنە پارێزگەیەکی دیکە.
 
ئیبراهیم حەمید، بەڵێندەر باسی پڕۆژەیەک دەکات کە بەگوتەی خۆی "بەهای 40 مليۆن دینار دەبێت، دەبێت 10 جار بچینە سلێمانی، بۆ ئەم پڕۆژەیە پێشینەی یەکەمم داوا کردووە کە 26 ملیۆنە، بە دوو کەسەوە یەک هەفتەیە لە سلێمانی خەریکین، جاری وا هەیە شەویش ناگەڕێمەوە بۆ ئەوەی ئەوەندە هاتووچۆ نەکەم."
 
بەڵێندەرەکە باسی ئەو سەختیانە دەکات و دەڵێ "قورسییان بۆ دروستکردووین، دەڵێن ئێستە کە پڕۆژەیەک دەسپێدەکەن، یەکسەر دەبێت نووسراو ببەی و بڵێیت دەستمان پێکردووە، جاران وا نەبوو، یەکجار سولفە یا ئەستۆپاکیمان دەکرد و تەواو، لەکاتێکدا هەڵەبجە بووەتە پارێزگا، دەبێت بۆ هەموو شتێک بچینەوە سلێمانی."
 
هەڵەبجە، لە گەرمەی شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کرایە پارێزگا، بەپارێزگابوونی نەوەک پڕۆژە و هەلی کاری نوێی نەهێنایەدی، بەڵکو ئەو پڕۆژانەش کە دەستیان پێکرابوو، وەستان و جوڵەی ئاوەدانی نزیک بووەوە لە وەستان. 
 
شاد سەید حەیدەر، دانیشتووی هەڵەبجە دەڵێ "هەڵەبجە بەتەواوەتی داڕووخاوە. هەڵەبجە پێویستی بەوەیە دوای بڕیاری بەپارێزگابوونی، هەنگاوی باشی لێ بنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی، بۆ رەخساندنی هەلی کار، هێنانی کۆمپانیاکان بۆ شارەکە، تاوەکو وابکرێت خەڵک نەڵێت 'دەچم بۆ شارەکانی دیکە' و لە هەڵەبجە بمێنێتەوە."
 
شاد جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەگەر هەڵەبجە ببێتە پارێزگا، من هیچ کات بیرلەوە ناکەمەوە بچمە دەرەوە، لە هەڵەبجە دەمێنمەوە و ژیان بەسەردەبەم؛ گەنجان ئەو وزەیەی هەیانە لە هەڵەبجە خەرجی دەکەن."
 
سەرەتا حکومەتی عێراق و پەرلەمانەکەی پێداگر بوون لەسەر ئەوەی؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت راستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەڵەبجە بکاتە پارێزگا، بەڵام هەر زوو روون بووەوە عێراقی نوێ، ئامادە نییە کار بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان و حکومەتەکەی بکات، ئەمەش وای کرد پڕۆژەیاسای هێنانەدیی پارێزگای هەڵەبجە، بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق، ئێستاش هەرچەندە عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و تێکڕای لایەنە کوردییەکان داوادەکەن پڕۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام پێناچێت بەم زووانە ماڵی شیعە و سوننە وەک رێزێک بۆ شەهیدانی هەڵەبجە، گڵۆپی سەوز بۆ 19ـیەمین پارێزگەی عێراق هەڵبکەن.
 
چرۆ حەمەشەریف، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێ "ئێستا هەوڵەکانمان چڕترکردوونەتەوە و خەریکی لۆبین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان. سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆن (ـی یەکێتی) سەردانی سەرجەم ئەو لایەنانەی پێشووتر ناڕازیبوون لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کردووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا، من دڵنیام هەڵەبجە دەبێتە پارێزگا، لەبەرئەوەی هەندێک لایەن هەبوون پێشتر ناڕازیبوون و ئێستا ئەو گرژی و ناکۆکییەیان نەماوە."
 
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێ "پێشتر (ئەو لایەنانەی ناڕازیبوون لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە) ناوی هەندێک قەزای دیکەیان دەهێنا لەپاڵ هەڵەبجە کە ببنە پارێزگا؛ ئێمە وەکو کورد، رێگر نین لەوەی هەر قەزایەک بیەوێت ببێتە پارێزگا، بەڵام ناکرێت هیچ شوێنێکی دیکە ببەسترێتەوە بە پارێزگای هەڵەبجە، لەبەرئەوەی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 تاوانێکی بەرامبەر کراوە، کە هیچ شوێنێکی دیکە لە عێراق ئەو تاوانەی بەرامبەر نەکراوە."
 
سەبارەت بە رێکارە یاسایی و ئیدارییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، پەرلەمانتارەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی "تەواو کراون، بۆیە ناکرێت قەزایەک بهێنی کە هێشتا هیچ کارێکی ئیداری و یاسایی تەواو نەبووبێت و لەگەڵ هەڵەبجەیەک کە پڕۆژەیاساکەی هاتووەتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە لە دەنگدانی کۆتاییدا و بڵێی 'دەنگ بەم پڕۆژەیاسایە نادەم تاوەکو ئەمە نەکرێت.' بەڕاستی من وای دادەنێم هەڵەبجە جارێکی دیکە تاوانی بەرامبەر دەکرێت، هەر فراکسیۆنێک و هەر ئەندام پەرلەمانێک کە دەنگی 'بەڵێ' نەبێت لە خوێندنەوەی سێیەم، یان دەنگدانی کۆتایی بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، وەک ئەوەیە جارێکی دیکە تاوان بەرامبەر هەڵەبجە ئەنجامبدرێت.''
  
بەگوتەی بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە، عێراق دەرگای ئاوەدانی پارێزگای هەڵەبجەی قوفڵ کردووە، قوفڵێک کە کلیلەکەی لە دەستی پەرلەمان و حکومەتی عێراقدایە.
 
کاوە علی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێ "سەبارەت بە رێکارەکانی تەواوبوونی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، تەنیا یەک دانیشتن ماوە. هەڵەبجە کە بووە پارێزگا، لە رووی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە، لە بودجەی وەبەرهێنان بەشی هەرێمی کوردستان زیاد دەکرێت و، هەڵەبجە دەتوانێت وەک پارێزگایەک لەو سندووقی گەشەپێدانانەی هەن و لە بودجەی عێراق زیاتر سوودمەند بێت، لەکاتێکدا دەبێت ئێستا لە رێگەی پارێزگای سلێمانییەوە داوابکات."
 
لە رووی مەرزەکانیشەوە کە ئێستا 20٪ـی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابینکراوە کاوە عەلی دەڵێ "ئەوکاتەش بەپێی ئەو یاسایەی لە عێراق دەرچووە، بۆ کردنەوەی مەرزەکان رۆڵی هەیە، ئەگەر هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا مەرزەکانیش، بەتایبەتی مەرزی سازان بکرێتەوە، دەتوانین بڵێین گەشەپێدانێکی باش دەبێت بۆ هەڵەبجە و بە بڕوای ئێمە کۆچی پێچەوانە روودەدات، بەمەرجێک مەرزی سازان بکرێتەوە."
 
ھەڵەبجە بە دووریی 75 کم کەوتووەتە خوارووی رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی و رووبەرەکەی 1029 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، نزیکەی 140 هەزار دانیشتووی هەیە و  چڕیی دانیشتووانی 130 کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا.