مەسرور بارزانی: لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ بەغدا کردەوە دەستوەردان بکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ بەغدا کردەوە دەستوەردان لە هەرێمەکە بکات و گوتی، "ئەمە دژی سیستمی فیدراڵییە."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی لە قەڵای هەولێر گفتوگۆی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە، لەو گفتوگۆیەدا زۆر بابەتی گشتیی پەیوەست بە هەولێر و دۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن تاوتوێ کران.
 
لە وەڵامی پرسیاری قوتابییەکی زانکۆ لەبارەی گرفتی هاتووچۆ و کێشەی ئاو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر سیستمێکی گواستنەوەی گشتی دەکات.
 
لەسەر پرسی ئاوەڕۆ و دروستبوونی لافاو لە هەولێر مەسرور بارزانی دەڵێت، "لەدوای لافاوەکەی هەولێر رێوشوێنی جیدیمان گرتەبەر بۆ رێگریکردن لە لافاو." لەبارەی کێشەی بێ ئاوی رایگەیاند، بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی کێشەی بێ ئاوی لە هەولێر چارەسەر ناکات و بەنیازن لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاو بۆ هەولێر تەواو بکەن.
 
پرۆژەکانی حکومەت
 
لەبارەی پرسی سەقامگیری و پڕۆژەکانی حکومەت و بابەتی دارایی ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان زۆربەی بیانووەکانی حکومەتی فیدراڵیی بڕیوە و کاری جیدییان کردووە بۆئەوەی مافەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێن، لە ساڵانی داهاتووشدا ئەنجامی کار و بەرنامەکانیان زیاتر دەردەکەون. دواتر گوتی، "هیوادارم ناوچەکە بەرەو سەقامگیریی زیاتر بڕوات، بۆئەوەی لەمپەر و قەیران دووبارە کاری ئاوەدانیمان سست نەکەن."
 
"لە هەوڵداین کارەبای بەردەوام دابین بکەین"
 
لە وەڵامی هاونیشتمانییەکدا مەسرور بارزانی دەڵێت، نرخی کارەبا و ئاو لەسەر هاووڵاتییان زیاد نەکراوە، هەروەها لەبەر زۆریی پێداویستیی هاووڵاتییان نەیانتوانیوە کارەبای 24 کاژێری دابین بکەن، "لە کاتێکدا نرخی کارەبای موەلیدە زۆر لە حکومی گرانترە، ئێمە لە هەوڵداین کارەبای بەردەوام دابین بکەین و ئێستا لە چەند گەڕەکێکی هەولێر چووەتە واری جێبەجێکردنەوە."
 
لە 2013ەوە دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان وەستاوە
 
بۆچی لە عێراق دامەزراندن بەردەوام و لە هەرێمی کوردستان وەستاوە، یاخود بۆچی وەکو هەرێمێکی فیدراڵی پشکی نییە لەو رێژەی دامەزراندنەی لە عێراق هەیە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا مەسرور بارزانی دەڵێت، "پێشتر و بەهۆی ململانێی حیزبییەوە زۆر کەس دامەزراون و ئێستا داهاتی هەرێمی کوردستان هێندە نییە تاوەکو خەڵکی نوێ دابمەزرێنێت، ئەم ساڵ عێراق یەک ملیۆن کەسی دامەزراندووە." راشیگەیاند، نابێت هەرێمی کوردستان بێبەش بێت لە رێژەی دامەزراندن لە عێراق، چونکە دەبوو هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی فیدراڵی بودجەی بۆ دیاری بکرێت، "بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراندن، ئێمە لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین."
 
لەلایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ بەغدا کردەوە دەستوەردان لە هەرێمی کوردستان بکات و دەڵێت، نابێت وەزارەتێکی عێراق دەستوەردان لە کاروباری هەرێمێک بکات و ئەمە دژی سیستمی فیدراڵییە.
 
هەڵبژاردن و رێژەی بەشداری
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆی مەسرور بارزانی و لە وەڵامی بەرزی و نزمیی رێژەی بەشداری و کاریگەریی دەنگی هاووڵاتییان ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەت کرد و گوتی، "رەنگە رەوتێکی سیاسی هۆکار بێت بۆ بێئومێدیی خەڵک لە دەنگدان، هیوادارم لەم هەڵبژاردنە رێژەی بەشداریی هاووڵاتییان زیاتر بێت، چونکە زۆر گرنگە هاووڵاتییان دەنگ و رەنگیان لە رۆژی دەنگدان دیاری بکەن و داوامان لە هەموو هاووڵاتییان ئەوەیە بەشدارییەکی کارا بکەن لە هەڵبژاردن، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر داهاتووی هاووڵاتییان دەبێت."
 
"زۆر گرنگە وڵاتانی جیهان کارگە لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە"
 
بۆ بووژاندنەوەی کەرتە جیاوازەکان، مەسرور بارزانی بە گرنگی زانی کارگەی هەمەجۆر و پێشکەوتووی وڵاتانی جیهان لقیان لە هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە ئەوە لە زۆر رووەوە بە قازانجی کوردستانە و ئەوەش لەگەڵ سیاسەتی حکومەت یەکدەگرێتەوە، کە بریتییە لە هەمەجۆرکردنی داهات و گوتیشی، "سەرەڕای قەیران و دژایەتییەکان حکومەت لەسەر پێی خۆی وەستاوە و راگرتنی بودجە بەربەست بوو بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت."
 
دەستوەردانی حیزبی لە پارێزگاکان
 
مەسرور بارزانی دەڵێت لەپێناو کارئاسانی زیاتر و خزمەتی هاووڵاتییان دەسەڵاتمان بە پارێزگاکان دا، چونکە لە کۆتاییدا دەسەڵاتی خۆماڵی و پارێزگا بەرپرسە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی حکومەت بڕیاریان لەبارەوە دەدات، لەبەر ئەوەی پڕۆژەکانی حکومەت بۆ هەموو پارێزگاکانە نەک شارێکی جیاواز و تایبەت.
 
هەر لەبارەی دەستوەردانی حیزبی لە پارێزگاکان، سەرۆکوەزیران نموونەی بە پارێزگای سلێمانی هێنایەوەو گوتی، "دەسەڵاتی حیزبی هەبووە لە سلێمانی رێگەی نەداوە ئیدارەی پارێزگا پڕۆژەکان جێبەجێ بکات."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن و پێکەوەژیان مەسرور بارزانی لە بەرنامەکەدا دەڵێت، "هەرێمی کوردستان بە لانکەی پێکەوەژیان ناسراوە و شانازی پێوە دەکات و ئێمە هەر لە سەرەتاوە داوای بانگەشەیەکی ئاراممان لە هەموو لایەنەکان کردووە و هەر حیزب و لایەنێک بە زمانێکی زبر بانگەشە بکات گوزارشت لە خۆی دەکات."
 
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق
 
مەسرور بارزانی باسی بەشێک لە گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، ئاماژەی بەوەدا کە زۆر کەس هەن لە بەغدا هێشتا باوەڕیان بە فیدراڵی نییە، هەروەها بیرۆکەی بە مەرکەزیکردنی حوکمڕانی کێشەی لێدەکەوێتەوە و گوتیشی، "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ بەرێز سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هەیە و نییەتی ئەوەمان هەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەری کێشەکان بکەین و هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی لەبەرامبەر عێراق جێبەجێکردووە."
 
"عێراق گازی هاوەڵ بە هەدەر دەدات و کوردستان سوودی لێ دەبینێت"
 
لەو گفتوگۆیە پرسیار لەبارەی بەنداو، ژینگە و پاراستنیەوە کرا و مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لە بەرنامەیاندایە بەنداوی گەورەتر لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن. هەروەها جەختی لە پاراستنی ژینگە کردەوە و گوتی، لە پاڵاوگەکانی عێراق گازی هاوەڵ بە هەدەر دەدرێت و کوردستان سوودی لێ دەبینێت و بەرنامەی گونجاویان بۆ ریسایکلین و بەکاربردنەوەی پاشماوە و خاشاک هەیە. لە کۆتایی ئەو بڕگەیەشدا باسی لەوە کرد، "ژینگەپارێزی تەنیا بە حکومەت ناکرێت و پێویستە هاووڵاتییان هاوکاربن."
 
یەکێتی و کورسیی کۆتا
 
لەبارەی پێکهاتەکان و بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ نەهێشتنی 11 کورسییەکە، مەسرور بارزانی دەڵێت، "یەکێتی لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای بۆ نەهێشتنی کۆتای پێکهاتەکان تۆمار کرد و شانازیش بەوەوە دەکات کە کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی نەهێشتووە." هەروەها ئاماژەی بەوە دا، نەهێشتنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان "کارێکی هەڵە بوو."
 
مەسرور بارزانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی پەیوەندیی پارتی لەگەڵ پێکهاتەکان دا و گوتی، "بڕوای پارتی بە مافی پێکهاتەکان وایکردووە ئەوان ببنە هاوپەیمانی پارتی و دەبێت پارتی شانازی بەوەوە بکات، کە بووەتە جێگەی متمانەی پێکهاتەکان و لابردنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لێدان بووە لە مافی پێکهاتەکان، نابێت لەبەر هۆکاری سیاسی مافی پێکهاتەکان پێشێل بکرێت و بە پێداگیریی پارتی 5 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان گەڕایەوە."
 
لە درێژەی هەمان بابەتدا مەسرور بارزانی دەڵێت، "دەکرێت لە پەرلەمانی داهاتوو هەڵەی بەرامبەر پێکهاتەکان راست بکرێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەجات عومەر سوورچی

نەجات عومەر سوورچی: رەنگە بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت

لیستی هاوپەیمانی سەردەم، کە لەلایەن عەبدوڵڵا حاجی مەحموودەوە سەرکردایەتی دەکرێت لە هەولێر، بانگەشەیەکی فراوانی بۆ ناساندنی بەربژێرەکانی دەستپێکرد. سەرۆکی لیستەکە لە هەولێر رایگەیاند، رەنگە لەبەر دۆخی ناوچەکە هەڵبژاردن نەکرێت