رووداو دیجیتاڵ
پاییزە و گوێز تەکاندن لە هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە. 7100 هێکتار لە رووبەری باخەکانی پارێزگای ورمێ گوێزە و شارەکانی سەردەشت و ورمێ زیاترین باخی گوێزیان هەیە.
لە هەموو ئێران 165 هەزار هێکتار باخی گوێز هەیە و بە شێوەی مامناوەند ساڵانە 260 هەزار تۆن گوێز بەرهەم دێت؛ 44 هەزار و 140 هێکتاری لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەم ساڵ 83 هەزار و 300 تۆنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێت، کە دەکاتە 32%ی کۆی بەرهەمی گوێز لە ئێراندا.
لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لوڕستان زیاترین باخی گوێز و سنەش زیاترین بەرهەمی ساڵانەی هەیە. 14 هەزار و 900 هێکتار لە باخەکانی لوڕستان، داری گوێزن و پێشبینی کراوە ئەم ساڵ 23 هەزار و 100 تۆن گوێزیان هەبێت کە 10٪ زیاترە لە پار. بەپێی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ، لە 10 هەزار و 700 هێکتار باخی گوێزی سنەش، 26 هەزار تۆن گوێز بەرهەمدێت کە 5 هەزار تۆن زیاترە لە پار.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان گوێز بە شێوەی نەریتی دەتەکێندرێت، بۆیە کارێکی مەترسیدارە. ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 9 کەس بەو هۆیە گیانیان لەدەستداوە. لە هەورامانی تەخت و لهۆن دوو کەس، لە سەحنەی کرماشان پیاوێکی 66 ساڵان، لە خۆراسانی باکوور کە زۆربەی دانیشتووانی کوردن کەسێک و لە ناوچە کوردنشینەکانی هەمەدانیشدا پێنج کەس لە کاتی گوێز تەکاندن گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ