ژینگەپارێزانی مەریوان: بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانەکان بەردەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان و ئەنجوومەنی پارێزەرانی چیای کۆساڵان لە چەند رۆژی رابردوودا بەتایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کۆساڵانی سەوڵاوا ماندوو بوون؛ چەندین جار ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد، بەڵام هەرجارەو لە شوێنێکی دیکەوە ئاگری تێبەردرایەوە.
 
ناجی کانیسانانی، ژینگەپارێز لە مەریوان دەڵێت، "تێکدان، دەستبەسەرداگرتن، رێگە دروستکردنی زۆر، دەستدرێژی بە ئەنقەستی خەڵک و بوونی ژمارەیەکی زۆر بنکەی سەربازی، هەڕەشەیەکی روون و راستەقینەن لەسەر ژینگەی ئەم ناوچە پارێزراوە ژینگەییە. بەداخەوە، بوونی ئەو بنکە سەربازییانە بەو جۆرەی کە پێویستە، نەبووەتە هۆی پێشگرتن لە تێکدانی ژینگەکەی و دۆزینەوە و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی بە ئەنقەست ئاگری تێبەردەدەن، دەستی بەسەردا دەگرن یان تێکی دەدەن."
 
رووبەری ناوچەی کۆساڵان 57 هەزار هێکتارە و ساڵی 2009 لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ژینگەی ئێران وەکو ناوچەیەکی پارێزراوی ژینگەیی تۆمار کراوە. ژینگەپارێزان دەڵێن، سووتاندنی دارستانەکان جگە لە لەنێوبردنی دار و لەوەڕگە، زیان بە بوونەوەرەکانی نێو ئەو ناوچەیەش دەگەیێنێت.
 
ئەو ژینگەپارێزەی مەریوان ئاماژەی بەوەش کرد، "لەم ناوچەیە 117 جۆر باڵندە، 23 جۆر مەمکدار و 17 جۆر خشۆک دەژین، بوونی هەزاران جۆر گیا و دەیان جۆر دار و دەوەن لەم ناوچەیە تۆمار کراوە."
 
بەپێی راپۆرتی ئەنجوومەنەکانی چیا و پاکۆ 620 هێکتار لە رووبەری دارستان و لەوەڕگەی ناوچەی کۆساڵان سووتاوە و هۆکارێکی زۆربوونی رووبەری سووتانەکە ئەوەیە، بەهۆی هەستیاربوونی ناوچەکە، هێزە ئەمنییەکان رێگە نادەن ژینگەپارێز و خەڵکی ناوچەکە بەخێرایی بچنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و کۆنترۆڵی بکەن.