لە باڵەکایەتی وەرزی تەکاندنی گوێزە؛ ئەم ساڵ بەرهەم کەم و بەدڵی باخەوانان نییە


رووداو دیجیتاڵ

وەرزی تەکاندنی گوێزە و گوندنشینان لە دەڤەری باڵەکایەتی دەستیان پێکردووە. ئەو دارگوێزانەی زیاتر لە سەدەیەک تەمەنیانە، ئەم ساڵیش بەریان گرتووە، بەڵام بەرهەمەکە بە بەراوردی ساڵانی رابردوو، کەمە و بەدڵی باخەوانان نییە.
 
ستار وەردی، باخەوانە و بە رووداوی گوت: "ئەو بەرهەمانەی ئیستا لەپێش ئێمەن، ئەو دارگوێزانە هەموویان کۆنن و هی سەردەمی باو و باپیرانی ئێمەن و تازە نەچێندراون، ساڵانە 300 تاوەکو 400 هەزار گوێزمان دەبوو لە رابردوو، بەڵام ئەم ساڵ نەخۆشییەکیان تووش بوو کە دەگوترێت بەهۆی بارانەوە بووە و لایەکی گوێزەکانی رەش کرد".
 
کارەکە بە کۆمەڵ دەکرێت، دارەکان بەرزن و تەکاندنی گوێز کەسی شارەزا و بەهێزی دەوێت. گەڵا، توێکڵ و کاکڵەکەی سوودی لێ دەبیندرێت.
 
خەجیج عەلی، هاونیشتمانیی سنووری باڵەکایەتی دەڵێت: "ئەو گوێزەی خۆمان خۆشتر و بەتامتر و چەورترە، گوێزی خاریجی شکاندنی ئاسانە، بەڵام هیچ تامی نییە، ئەو توێکڵەشی هەر سوودی لێ دەبینین من دەیکەم بە خەنە، ئەو گەڵایەشی کە دەوەرێت سوودی هەیە و زەوی وەکو پەین سوودی لێ دەبینێت."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ لیژنەی پێکهێناون و دوای چەندین پشکنین، جۆری نەخۆشییەکەیان دیاریکردووە.
 
دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان باسی لەوە کرد: "لەگەڵ توێژینەوەی هەولێر چەند شوێنێکمان وەرگرت وەکو نموونە، ئەو کەڕوانەی لە پشکنین دەرچوون کە هۆکاری نەخۆشییەکەن (ئەنثراکنۆس و ئەلتەرناریان)، جووتیارانمان ئاگادار دەکەینەوە کە بەزووترین کات چارەسەری بکەن بە رشاندن بە دەرمانی کەڕو کووژ، پەینێکیش بەکاربهێنن کە دارەکە بەهێز بکاتەوە بۆ زاڵبوون بەسەر نەخۆشییەکەدا". 
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی چۆمان، لە باڵەکایەتی نزیکەی 300 باخی گوێز هەن، تاوەکو دوو ساڵ پێش ئێستا، بەرهەمی گوێز لەو ناوچەیە دەگەیشتە 70 تۆن، ئەم ساڵ کەمترە و ئەوەشی هەیە جیاوازە و وەکو ئەو گوێزەی ساڵانی رابردوو نییە کە بە پتەوی کاکڵ و خۆشی تام و گەورەیی قەبارەکەی دەناسرایەوە.