نەجات عومەر سوورچی: رەنگە بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
لیستی هاوپەیمانی سەردەم، کە لەلایەن عەبدوڵڵا حاجی مەحموودەوە سەرکردایەتی دەکرێت لە هەولێر، بانگەشەیەکی فراوانی بۆ ناساندنی بەربژێرەکانی دەستپێکرد. سەرۆکی لیستەکە لە هەولێر رایگەیاند، رەنگە لەبەر دۆخی ناوچەکە هەڵبژاردن نەکرێت.
رۆژی سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024 هاوپەیمانیی سەردەم بە بەشداریی هەموو لایەنەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانێتییەکە بانگەشەی بۆ ناساندنی بەربژێرەکانی دەستپێکرد.
هاوپەیمانێتییەکە لەلایەن هەریەکە لە پارتی پارێزگارانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نەجات عومەر سوورچی، پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی باپیر کامەلا، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی غەفوور مەخمووری پێکهێنداوە و لەلایەن عەبدوڵڵا حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکرێت.
غەفوور مەخمووری لە گوتارێکیدا باسی لە هاوپەیمانێتییەکە کرد و گوتی، "ئێمە رابردوویەکی گەشمان هەیە و بەردەوام لە سەنگەری داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بووین، بەردەوام هەوڵی پێشخستنی پڕۆسەی دیموکراسیمان داوە."
لەبارەی بەربژێرەکانی هاوپەیمانێتییەکەوە غەفوور مەخمووری گوتی، "هەوڵمان داوە کۆمەڵێک کاندید بە تایبەتمەندیی جیاجیا بهێنینە پێشەوە، بۆئەوەی ئەو بەرنامەی کە دامانناوە لە پەرلەمان کاری لەسەر بکەین."
هەروەها غەفوور مەخمووری ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان کار دەکەن بۆئەوەی لە 'داهاتوویەکی نزیکدا' ئەنجوومەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکبهێنن.
نەجات عومەر سوورچی کە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانییە لە بازنەی پارێزگای هەولێر، لە رێوڕەسمەکەدا باسی لە شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئەو تووندوتیژییەی ئێستا هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان دەیکەن خزمەت بە کوردستان ناکات."
نەجات عومەر سورچی باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، کە رەنگە بەهۆی دۆخی ناوچەکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت.
هەروەها گوتاری باپیر کامەلا کە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانییە لە بازنەی پارێزگای سلێمانی لەلایەن سامی خۆشناو، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان خوێندرایەوە.
لە گوتارەکەیدا باپیر کامەلا ئاماژەی بە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، "لە خولی داهاتووی پەرلەمان بەهۆی بوونی فرە لیستییەوە، نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت و هەرێمی کوردستان بەرەو ئایندەیەکی نوێ هەنگاو دەنێت."
هاوپەیمانی سەردەم بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان 40 بەربژێری هەیە؛ هاوپەیمانییەتەکە لە هەولێر 22 بەربژێر، لە سلێمانی 10 بەربژێر، لە دهۆک 5 بەربژێر و لە هەڵەبجەش سێ بەربژێری هەیە.