عەلی باپیر: دابەشکردنی کوردستان بۆ زۆنی زەرد و سەوز دواکەوتووییە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ناوهێنانی هەرێمی کوردستان بە زۆنی سەوز و زۆنی زەرد بە "دواکەوتوویی" ناوبرد و ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک ئەوان رەخنە لە دەسەڵاتداران دەگرن، لەبەر ئەوەیە کە خۆیان بە دڵسۆزی خەڵک دەزانن.
 
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کەرنەڤاڵی ناساندنی بەربژێرانی حیزبەکەی لە کەلار گوتی، "کاتێک کە ئێمە بە بوێرانە لە هەموو شوێنەکان دەست دەخەینە سەر برینەکانی خۆمان، لەبەر ئەوەیە کە دڵسۆزین بۆ خەڵک و وڵاتمان."
 
هەروەها عەلی باپیر باسی لەو رەخنانە کرد، کە بەرامبەر لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە حکومەت گرتوویانە و ئاماژەی بەوە کرد، "دڵسۆزانە رەخنە دەگرین لەوەی وڵات بەڕێوەبردن بەو شێوازە نابێت."
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رەخنەی لە ناوهێنانی هەرێمی کوردستان بە زۆنی سەوز و زۆنی زەرد گرت و بە "دواکەوتوویی" ناویبرد و گوتی، "دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ زەرد و سەوز هەڵەیە. ئێمە یەک میلـلەتین و کراوین بە چوار پارچە، هەر پارچەیەکیشی بە وڵاتێکەوە لکێندراوە."
 
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا 15ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و رۆژی 18ی مانگ دەنگدانی تایبەت و رۆژی 20ی مانگ دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.