لە دهۆک سکاڵا لەسەر بەربژێرێکی یەکگرتوو تۆمار دەکرێت


دێسکی هەڵبژاردن

بەربژێرێک لە سنووری زاخۆ بە تۆمەتی بانگەشەکردن لەنێو پۆلەکانی قوتابخانە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئەو شارەوە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت. بەربژێری سکاڵالێکراویش دەڵێت: ئەوانەی گوتراون سەرجەمی تۆمەتی ناڕاستن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئیبراهیم ئەنوەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مامۆستایەک کە ناوی کەیفی بێتکارییە و لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەربژێرە، لە قوتابخانەی ژۆڤانی بنەڕەتی لە سنووری زاخۆ بانگەشەی کردووە و ئێمەش سکاڵامان لەسەر تۆمار کردووە."
 
ئیبراهیم ئەنوەر گوتیشی، "ئەو مامۆستایە لەناو پۆل دژی حیزب و لایەنەکانی دیکە قسەی کردووە و گوتاری سیاسی بۆ قوتابیان داوە، ئەو قوتابخانەیەش قوتابیی سەرەتایی و ناوەندیی تێدایە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای ئەوەی گوتەمان لە پێنج قوتابی وەرگرت، دوو سکاڵامان لەسەر ئەو مامۆستایە تۆمارکرد؛ یەکێکیان لە دادگە و ئەوی دیکەش لە ئۆفیسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی دهۆک."
 
لە بەرامبەردا کەیفی بێتکاری، بەربژێرە سکاڵالێکراوەکەی یەکگرتوو، سەرجەم قسەکانی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی زاخۆی رەتکردەوە و بە رووداوی گوت، "من هیچ بانگەشەیەکم لەنێو قوتابخانەدا نەکردووە، ئەوان تەنیا لە رقی لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنی ئەو تۆمەتەیان بۆ دروستکردووم، ئاگاداری ئەوەشم کە سکاڵاکان کشێنراونەتەوە."
 
ئەو بەربژێرەی یەکگرتوو گوتیشی، "من 26 ساڵە مامۆستام و هەرگیز کاری نایاساییم نەکردووە، ئینجا من وانە بە پۆلی نۆی ناوەندی دەڵێمەوە، هەمووانیش ئەوە باش دەزانن کە قوتابیانی ناوەندی مافی دەنگدانیان نییە، چونکە بە تێکڕا تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاتر نییە."
 
رووداو لەسەر ئەو پرسە، پەیوەندیی بە خالید عەباس، بەڕێوەبەرى ئۆفیسى دهۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کرد و لە وەڵامدا گوتی، "ئاگاداری ئەو حاڵەتەین، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنی سکاڵاکار هیچ سکاڵایەکی لەلای ئێمە لە ئۆفیسی کۆمیسیۆن تۆمار نەکردووە."
 
خالید عەباس ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرپێچیکردنی لەوشێوەیە سزاکەی لە پێبژاردن دەستپێدەکات؛ تاوەکو دوورخستنەوە و بەندکردنیش تووند دەبێت، چونکە بەکارهێنانی قوتابخانەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:
 
- بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.
 
- بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی، رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.
 
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەی ئۆتۆمبێل.
 
سزاکانیش بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن؛ پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێن؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.