رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 13 رۆژی بانگەشەدا، 30 سکاڵا و 22 سەرپێچی تۆمار کراون.
رۆژی سێشەممە 08-10-2024 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 30 سکاڵا لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا تۆمار کراون.
کۆمیسیۆن لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی ژمارەیەک لیژنەی سەرەکی و لاوەکیی پێکهێناوە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان، هاووڵاتییان و بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن. هەروەها لیژنەکانیش لە چوارچێوەی بانگەشەدا سەرپێچیی بەربژێر و لایەنەکان تۆمار دەکەن.
لەبارەی ژمارەی ئەو سکاڵایانەی لیژنەکانی کۆمیسیۆن تۆماری کردوون، جومانە غەلای بۆ رووداو ئاشکرای کرد، "تاوەکو ئێستا 22 سەرپێچی تۆمار کراون."
گوتەبێژی کۆمیسیۆن روونیکردەوە، "لە زۆربەی سەرپێچییەکاندا بەربژێران ئاگادار دەکرێنەوە لەلایەن لیژنەکانمان بۆئەوەی سەرپێچییەکانیان لاببەن، بەدەنگەوەهاتن هەیە لەلایەن بەربژێرانەوە و سەرپێچییەکانیان لادەبەن، بۆیە زۆربەی جار سەرپێچییەکان نابنە سکاڵا و چارەسەر دەکرێن."
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 25-9-2024 دەستیپێکرد و رۆژی 15-10-2024، واتە دوای حەوت رۆژی دیکە کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ