رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت، "شانازین کە دامەزراوەیەکی میدیایی کوردی لە ئاستێکی باڵا و بەرزی جیهانیدا دەبینین".
بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی، هەڤاڵ ئەبوبەکر بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، "دەخوازین رووداو بتوانێت پەیکی دەنگ و رەنگی کۆکەرەوەی وتار و پەیام و ستراتیژی مرۆڤایەتییانەی خەڵکی کوردستان بێت لە هەر پنتێکی ئەم گەردوونەدا و، پرد و پەیوەندیی بەیەکگەیاندنی کوردستان و دەرەوە بێت بەشێوەیەکی ورد و بابەتیانە و بێلایەنانە؛ وەکو میدیایەکی نیشتمانیی بەرپرسیار".
رووداو خەڵاتی زێڕینی ستیڤیی بەدەستهێنا، ئەوەش لەپای ئەو رۆڵەی لە میدیای کوردستان، ناوچەکە و جیهان دەیگێڕێت.
ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، تۆڕ و دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکاندا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەربژێر دەکرێن. زیاتر لە 1000 کەسی پیشەیی و شارەزای بوارەکان لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکاندا بەشدار دەبن. هەموو بەربژێرەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەر ئاگاداربن و زانیاریی تەواویان لەوبارەوە هەبێت.
لەنێو 12 هەزار بەربژێردا رووداو وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان" هەڵبژێردرا. لەبارەی خەڵاتەکەوە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ رۆما ئاماژەی بەوە کرد، "هاوشێوەی خەڵاتی نۆبڵە."
دەقی پیرۆزبایی پارێزگاری سلێمانی بۆ رووداو:
بەبۆنەوەی سەرکەوتنی ئەم دواییە تۆڕی میدیایی رووداو لە بردنەوەی سێ خەڵاتی بەناوبانگی ستیڤیی نێودەوڵەتی؛ بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پیرۆزبایی و پێزانینی خۆمان پێشکەش بە تۆڕی میدیایی رووداو؛ دەکەین، شانازین کە دامەزراوەیەکی میدیایی کوردیی لە ئاستێکی باڵا و بەرزی جیهانیدا دەبینین، دەخوازین رووداو بتوانێت پەیکی دەنگ و رەنگی کۆکەرەوەی وتار و پەیام و ستراتیژی مرۆڤایەتییانەی خەڵکی کوردستان بێت لە هەر پنتێکی ئەم گەردوونەدا و، پرد و پەیوەندیی بەیەکگەیاندنی کوردستان و دەرەوە بێت بە شێوەیەکی ورد و بابەتیانە و بێلایەنانە؛ وەک میدیایەکی نیشتمانیی بەرپرسیار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ