ئەو کەسانەى هەردوو دەستیان نییە چۆن دەنگ دەدەن؟


دێسکی هەڵبژاردن

لە هەر وێستگەیەکى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، رێکارى تایبەت تەنیا بۆ دوو دەنگدەر دەگیرێتەبەر، کە هەردوو دەستیان نییە بۆ ئەوەى دەنگبدەن و لە ئامێرى ئەلیکترۆنیى دەنگدان بە "تێپەڕاندن" دەنگبدەن، بەبێ ئەوەى پەنجەمۆریان لێوەربگیرێت، هەر دەنگدەرێکى هاوشێوە دواى ئەو دوو دەنگدەرە کە دەنگ بدەن، وەکو ئەو کەسانە تۆمار دەکرێن، کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە.    
 
بە گوێرەى رێکارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ دەنگدان و جیاکردنەوە و ژماردنى ئەلیکترۆنى و دەستیی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، رێوشوێن دیاریکراوە بۆ دەنگدانى ئەو کەسانەى هەردوو دەستیان نییە.
 
یەکێک لە بژاردەکانى تۆمارى پەنجەمۆرى ئامێرى دەنگدان دەستەواژەى تێپەڕاندنە، کە تایبەتە بەو کەسانەى کە "دەستیان بڕدراوە" و بەبێ پەنجەمۆر دەنگ دەدەن.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە یەک وێستگەى دەنگدان دا رێگە بە دوو دەنگدەر دەدرێت، کە هەردوو دەستیان نییە بەشێوەى تێپەڕاندن دەنگ بدەن".
 
بە گوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، دواى بەشداریکردنى دوو دەنگدەر کە هەردوو دەستیان نییە لە دەنگدان دا، دواى ئەوە هەر دەنگدەرێکى هاوشێوە بچێتە هەمان وێستگە بۆ دەنگدان، لە تۆمارى دەنگدان دا وەکو ئەو کەسانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە.
 
لە هەر وێستگەیەک تاوەکو 5%ـى دەنگدەرەکانى دەتوانن بەبێ پەنجەمۆر دەنگ بدەن، کە ئامێرى دەنگدان نەیخوێنێتەوە، دواى ئەوە هەر دەنگدەرێت پەنجەمۆرى نەخوێندرایەوە ناتوانێت دەنگ بدات.
 
یەکەم جارە دەنگدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە ئەلیکترۆنى بەڕێوەدەچێت لە رێگەى کارتى دەنگدان و وەرگرتنى پەنجەمۆرەوە، کە پێشتر بۆ کارتى دەنگدان لێیوەرگیراوە و دەبێت هاوتابن.
 
دەنگدەرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان، پێویستە پەنجەمۆریان لێوەربگیرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەى کە خاوەنى کارتى ئەلیکترۆنی بایۆمەترییەکە دەنگى پێدەدات. 
 
سامان حوسێن، لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە هەزار کەس هەن کە هەردوو دەستیان نییە، زۆرینەیان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکانن، کە بەهۆى تەقینەوەى مینەوە هەردوو دەستیان لەدەستداوە".
 
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـى تشرینى یەکەم دەکرێت، زیاتر لە 2.9 ملیۆن دەنگدەر کە کارتى بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن بەشداربن لە دەنگدان دا بۆ دیاریکردنى 100 نوێنەریان بۆ پەرلەمان، کە یەکەم جارە بە چوار بازنە دەکرێت.