خاوەن کارگەیەک لە سلێمانی: تەنیا خۆم لە کارگەکەم کاردەکەم چونکە کارەبا زۆر گرانە

دوێنێ کاژێر 02:40
نزار جەزا
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج هەزار کارگەی جیاواز هەن، کە بەنزیکەیی نیوەیان کارناکەن
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج هەزار کارگەی جیاواز هەن، کە بەنزیکەیی نیوەیان کارناکەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یاسین عەلی خاوەن کارگەی دروستکردنی کیسی نەمامە لە سلێمانی، دوو ساڵ پێش ئێستا پێنج کرێکاری هەبوو، ئێستا خۆی خاوەنکار و کرێکاریشە، بەتەنیا کاردەکات.
 
مانگانە ئەگەر بەتەواوی کار بکات، یاسین دەبێت دوو ملیۆن دینار پارەی کارەبا بدات، کرێی زەویی کارگەکەشی پێشتر 170 هەزار بوو، ئێستا بووەتە 700 هەزار دینار دینار .
 
یاسین عەلی، خاوەن کارگە دەڵێ "پێشتر چوار، پێنج کارمەند لێرە ئیشی دەکرد، بەڵام ئێستا هیچ کارمەندێکمان نەماوە لەبەرئەوەی کارەبا ئەوەندە گران بووە. بەڕاستی ئیشەکان دەریناهێنێت. زەرەر دەکەین، لەبەرئەوە ئێستا هیچ کارمەندێکمان نەماوە و خۆم بەتەنیا لە کارگەکەم."
 
هەروەها دەڵێ "ئیشیش نییە، ئەوەتا 13 تۆن بەرهەممان هەیە 13 تۆن وا دوو مانگە یەک کارتۆنمان نەفرۆشتووە. ئەگەر هەرزانی بکەین زەرەرە، ئەگەر هەرزانیش نەکەین، دەریناهێنێت."
 
یاسین باس لەوەش دەکات بەرهەمی ئێرانی زۆر رکابەرییان دەکات و "کوالێتیشی باش نییە."  
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج هەزار کارگەی جیاواز هەن، کە بەنزیکەیی نیوەیان کارناکەن. کارگە نێوخۆییەکان، بەتایبەت مامناوەند و بچووک کە پاڵپشتی دارایی بەهێزیان نییە، داوای کەمکردنەوەی باج و رسومات دەکەن.
 
بەشێک لە بەربژێرانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵێنی چارەسەری کێشەی کارگەکان دەدەن.
 
محەممەد حاجی سابیر، بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ "پلانی ئەوەمان هەیە ئێمە باج و رسوومات لەڕێگەی پەرلەمانەوە رێکخەینەوە نەوەک لەڕێگەی وەزارەتێکەوە، چونکە ئەمە خۆی ئیشی پەرلەمانە، لە هەمان کاتیشدا ئێمە ئێستا ئابوورییەکەمان ئابووریێکە لە قەیراندایە بۆیە دەبێت باج و رسوومات کەمکەینەوە، بەتایبەتی لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی بچووک و مامناوەندن لەبەرئەوەی ئەگەر لەسەریان زیاد بکەین، ئەوەندەی دیکە بازاڕ خراپ دەبێت و هەلی کار کەم دەبێتەوە."
 
نیان عومەر، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ "بێگومان هەمیشە چاو بە هەموو ئەو بابەتە خزمەتگوزارییانەی پەیوەندییان بە هاووڵاتییانەوە هەیە، دەخشێنینەوە چونکە بابەتی باج و رسوومات بابەتی رۆژانەیە واتا بە بەردەوامی پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە."
 
باسیش لەوە دەکات "هەر بابەتێک کە پەیوەندیی بە رۆزی، ژیانی و خزمەتگوزاریی هاووڵاتییانەوە هەبێت، بێگومان ئێمە دەچینە سەر ئەو پرۆژانە و چاوخشانەوەی پێدا دەکەین، بەو جۆرە چارەسەریان دەکەین کە لەبەرژەوەندیی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت."
 
بەگوتەی سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكاران، هەرێمی کوردستان 90٪ـی پێداویستییەکانی هاوردە دەکات، بۆیە گرنگیدان بە کارگە خۆماڵییەکان وادەکات، هەلی کار بڕەخسێت و بەرهەمی ناوخۆش زیاد دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 4٪ دابەزی

نرخی نەوت بەهۆی ئەگەری ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان و غەززە، ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوامیدا بە دابەزینەکانی. نرخی نەوتی برێنت 40 سەنتی دیکە دابەزی و یەک بەرمیل بە 77 دۆلار و 94 سەنت، مامەڵەی پێوەکرا.