رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەستەیەک کە لە سێ دادوەری دادگەی فیدراڵی پێکهێنراوە، تانە و سکاڵاکانی سەر پڕۆسەی دەنگدان یەکلایی دەکەنەوە و بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدەن.
سێشەممە، 08.10.2024، زانا عوسمان، ئەندامی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەستەیەکی دادوەری کە لە دادوەرانی دادگەی فیدراڵی پێکهێنراوە، تایبەت دەکرێن بە کاروبارەکانی کۆمیسیۆن لە ماوەکانی هەڵبژاردن دا، کە کارەکانیان پەیوەست دەبێت بە یەکلایی کردنەوەی ئەو تانە و سکاڵایانەی کە لەلایەن بەربژێر و حیزبەکانەوە لەسەر هەڵبژاردن و ئەنجامی دەنگدان تۆمار دەکرێن".
گوتیشی، "ئەو دەستەیە لە سێ دادوەری دادگەی فیدڕاڵی پێکدێت، کە لەم ماوەیەدا هەموو کارەکانیان تایبەت دەبێت بە کۆمیسیۆن".
لەبارەی چۆنیەتی یەکلاییکردنەوەی تانەی حیزبەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، زانا عوسمان دەڵێت، "ئێمە چەندین ساڵە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەین، بەدڵنیاییەوە هەر حیزبێک بدۆڕێت تانە دەدات و پێیوایە نادادی کراوە، تانەکان ئەو دادوەرانە یەکلایی دەکەنەوە، پاش ئەوەی دادگە بڕیاری کۆتایی لەسەر تانەکان دا، حیزبەکان بەدڵیان بێت یان نا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت".
20ی ئهم مانگه ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوهدەچێت، کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتیی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ