لیژنەی هەڵبژاردنی پارتی راگەیێندراوێک و فایلێکی دەنگی بڵاودەکاتەوە و قوباد تاڵەبانی وەڵام دەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ دەنگی تەلەفۆنێکی نێوان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەستکەوتووە، بەڵام قوباد تاڵەبانی وەڵامی دایەوە گوتی ساختەیە. 
 
بەپێی ئەو راگەیێندراوەی پارتی کە ئەمڕۆ 08.10.2024، بڵاوکراوەتەوە "دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق، لە چەندین شوێن لەبارەی رێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن نیگەرانیمان دەربڕیوە، بێگومان نیگەرانییەکانمان بەرمەبنای زانیاری بوو، بەڵام ئەوکات بەڵگەمان لەبەردەست نەبوو".
 
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی هاوپێچ لەگەڵ راگەیێندراوەکەیدا فایلێكی دەنگیی بڵاوکردەوەتەوە و دەڵێ ئەوە گفتوگۆی دەنگیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییە و باسی ساختەکردنی هەڵبژاردن دەکەن و لەگفتوگۆکەدا سووکایەتی بە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە دەکرێت.
 
بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لێدوانێکدا وەڵامی دایەوە و گوتی ئەو دەنگە ساختەیە و دروستکراوە و نیشانەی شکستە و گوتیشی "میللەتی ئێمە زۆر لەوە هۆشیارترە بڕوا بەو دەنگە دروستكراوانە بكات".