وەزارەتی دارایی: مووچەی ئەیلوول نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە

08-10-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، چاوەڕوانن لە نزیکترین کاتدا گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خەرج بکرێت "بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکەین".
 
دەشڵێت، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول، 305 ملیار دینار کورتهێنانیان هەیە.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە دۆخی مووچە و هەوڵەکانیان لەگەڵ بەغدا رووندەکاتەوە:
 
دوای سەردانی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لە دوو هەفتەی رابردوودا بۆ شاری بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی زۆری کێشە تەکنیکیەکانی لیستی مووچە چارەسەر کرا و بڕیاردرا بەخەرجکردنی هەموو ئەو لێبڕینانەی لە لیستی مووچەی مانگەکانی رابردوو راگیرابوون.        
 
1- رۆژی دووشەممە 7-10-2024، بڕی 329 ملیار و 392 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیئ عێراق.
 
2- بڕی تەمویلی ماوە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوای پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی ئاب بریتییە لە 361 ملیار دینار.
 
3- کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بریتییە لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار؛ بەوەش نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.
 
4- لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن و لێکتێگەیشتنانەی لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دراوە، لەم چەند رۆژەدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت کە لە مووچەی مانگەکانی رابردوو بڕدرابوو، تا بتوانرێت کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلوولی پێ پڕ بکرێتەوە.
 
5- لە مانگی تەممووزەوە کە مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای عێراق کراوە، ئەو تەمویلەی کە بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەکەی مانگانە نزیکەی 45 ملیار دینارە، سەرجەمی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە، سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە، بەڵام هێشتا لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ تەمویلێک بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان خەرج نەکراوە.
 
6- زیاتر لە مانگێکە نووسراوی گواستنەوەی پارە لە بڕگەی تەرخانکراوی خەرجی بەکاربردنەوە بۆ بڕگەی تەرخانکراوی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشین لە پشکی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراقە تا بتوانرێت تەرخانکراوی دارایی بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دەستەبەر بکرێت، بەڵام هێشتا لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کاری لەسەر نەکراوە.
 
وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری چاوەڕوانین لەنزیکترین کاتدا گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خەرج بکرێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکەین.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان
8-10-2024

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.