بەربژێران دەیانەوێ چی بۆ هەڵەبجە بکەن؟

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەربژێرانی هەڵەبجە لە بەرنامەی چوار بازنە قسەیان کرد
بەربژێرانی هەڵەبجە لە بەرنامەی چوار بازنە قسەیان کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرنامەی ئەم جارەی چوار بازنە لە پارێزگای هەڵەبجە بوو، تێیدا بەربژێرانی پارتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و گۆڕان ئامادەبوون، کۆمەڵێک هاونیشتمانیی شارەکەش لە بەرنامەکەدا بەشداربوون و قسە و داواکارییەکانی خۆیان بە بەربژێران گوت. کاوە عەلی، بەربژێری یەکگرتوو گوتی، ''لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، 186 پڕۆژە بە 254 ملیار دینار لە هەڵەبجە هەن و زۆربەی زۆری وەستاون''.
 
لە بەرنامەکەدا مشتومڕێکی زۆر هەبوون و بەربژێران یەکترییان بە کەمتەرخەمی بۆ خزمەتکردنی پارێزگاکەیان تۆمەتبار دەکرد، هەندێکیان نوێنەرایەتیی ئۆپۆزیسیۆنیان دەکرد و پێیان وابوو کە حیزبەکانی دەسەڵات وەکو پێویست کاریان بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە نەکردووە.
 
عەباس محەممەد، بەربژێری کۆمەڵ گوتی: ''بەدڵنیاییەوە هەڵەبجە ستەمی لێدەکرێت و ئاوەدان نەکراوەتەوە، گرنگی بە سیما و شارستانیەتی هەڵەبجە نەدراوە و گرنگی نەدراوە بە هاووڵاتییانی هەڵەبجە''.
 
لە 13ی ئازاری 2014دا و سێ رۆژ بەر لەیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە، بڕیاری بەپارێزگاکردنی بە فەرمی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا و بەمەش بووە چوارەمین پارێزگای ھەرێمی کوردستان.
 
سەنگەر هەورامی، بەربژێری پارتی لە بەرنەمەکەدا باسی لەوە کرد، "43٪ی بودجە و داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانییە، بڕۆن لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بپرسن و یەکێتی وەکو قەزای دووکان مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکات''.
 
لەسەر ئاستی پارێزگا، دەبێت 90 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و فەرمانگە و فەرمانگەی فیدراڵی لە پارێزگاکەدا هەبن، لە کۆی ئەو ژمارەیە 25 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و فەرمانگە هەن کە رۆژانە خەڵکی هەڵەبجە بۆ راییکردنی کاروبارەکانیان سەردانی سلێمانی دەکەن.
 
شاهین حەمە رەزا، بەربژێری گۆڕان باسی لەوە کرد، "''ئێمە ناڵێین پارێزگاکانی دیکە حەقی هەڵەبجەیان خواردووە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەو پارێزگایانە خەرج دەکرێت بۆ ئێمە خەرج ناکرێت''.
 
سەرەڕای ئەوەی نزیکەی 10 ساڵە هەڵەبجە پارێزگایە، بەڵام تاوەکو ئێستا پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق پەسندنەکراوە بۆ ئەوەی وەکو نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و شایستەی خۆی هەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و لۆگۆی رووداو و خەڵاتی ستیڤی

پارێزگاری سلێمانی بۆ رووداو: شانازین دامەزراوەیەکی میدیایی کوردی لە ئاستێکی باڵا و بەرزی جیهانیدا دەبینین

پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت، "شانازین کە دامەزراوەیەکی میدیایی کوردی لە ئاستێکی باڵا و بەرزی جیهانیدا دەبینین".