دەنگی تەقە و تەقینەوە و فڕۆکەی جەنگی لە چەند شارێکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بیسترا

رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی رابردوو لە شاری ئەسفەهان و خاشی ئێران دەنگی تەقە و تەقینەوە بیسترا. لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەنگی فڕینی فڕۆکەی جەنگی بیسترا. جگە لە رووداوەکەی ئەسفەهان، روونکردنەوە لەبارەی رووداوەکانی شاری خاش و کرماشان بڵاونەکراوەتەوە.
 
بەپێی میدیاکانی ئێران، شەوی دووشەممە لە شاری ئەسفەهان لە ناوەندی ئێران دەنگی تەقینەوە و تەقەیەکی زۆر بیستراوە.
 
محەممەدڕەزا شەفیعی، جێگری بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ساحیب زەمان لە پارێزگای ئەسفەهان رایگەیاند، تەنێکی نامۆ لە ئاسمانی شارەکە بینراوە و لەلایەن سیستمی دژە ئاسمانییەوە تەقەی لێکراوە. دەنگی تەقینەوە و تەقەکان بەهۆی چالاکی سیستمی دژە ئاسمانی بووە.
 
 
بەرپرسەکەی سوپای پاسداران لە ئەسفەهان هەروەها دەڵێت، هیچ رووداوێکی دیکە لە ئەسفەهان رووینەداوە و دەنگۆی مانۆڕی شەوانە یان هێرشی دوژمن راست نییە.
 
لە شاری خاشی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا.
 
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، "دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە نێو شاری خاش بیستراوە، بەڵام دیار نییە بەهۆی گازی ماڵانەوە بووە یان رووداوێکی دیکەیە، پێدەچێت رووداوەکە گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتبێتەوە".
 
بەڵام ئاژانسی تەسنیم رایگەیاندووە، "رووداوەکە تەنیا ئاگرکەوتنەوەیەک بووە لە خانوویەک و بەهۆیەوە بەشێک لە دیوارەکانی خانووەکە رووخاوە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەک کەسیش بریندار بوون".
 
ئاژانسەکە رەتیکردەوە، هیچ تەقینەوە یان رووداوێکی ئەمنی لە شاری خاش روویدابێت و دەڵێت، "میدیای دوژمن دەنگۆی روودانی تەقینەوە لە شارەکە بڵاودەکاتەوە".
 
لە لایەکی دیکە، شەوی رابردوو لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی شارەکە بیسترا. تائێستا هیچ بەرپرس و لایەنێکی فەرمی روونکردنەوەی نەداوە. بەڵام کەناڵی سوپای پاسداران لە تەلەگرام رایگەیاندووە، دەنگەکە بەهۆی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە چاودێری ئاسمانی ناوچەکە دەکەن.