ئەو کەسانەى هەردوو دەستیان نییە چۆن دەنگ دەدەن؟

رووداو دیجیتاڵ

لە هەر وێستگەیەکى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، رێکارى تایبەت تەنیا بۆ دوو دەنگدەر دەگیرێتەبەر، کە هەردوو دەستیان نییە بۆ ئەوەى دەنگ بدەن و لە ئامێرى ئەلیکترۆى دەنگدان بە "تێپەڕاندن" دەنگ دەدەن، بەبێ ئەوەى پەنجەمۆریان لێ وەربگیرێت.
 
بەگوێرەى رێکارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ دەنگدان و جیاکردنەوە و ژماردنى ئەلیکترۆنى و دەستیی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، رێوشوێن دیاری کراوە بۆ دەنگدانى ئەو کەسانەى هەردوو دەستیان نییە.
 
یەکێک لە بژاردەکانى تۆمارى پەنجەمۆرى ئامێرى دەنگدان دەستەواژەى تێپەڕاندنە، کە تایبەتە بەو کەسانەى "دەستیان بڕدراوە" و، بەبێ پەنجەمۆر دەنگ دەدەن.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لەیەک وێستگەى دەنگداندا رێگە بە دوو دەنگدەر دەدرێت، کە هەردوو دەستیان نییە، بەشێوەى تێپەڕاندن دەنگ بدەن.
 
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، دواى بەشداریکردنى دوو دەنگدەر کە هەردوو دەستیان نییە لە دەنگداندا، هەر دەنگدەرێکى هاوشێوە بچێتە هەمان وێستگە بۆ دەنگدان، لە تۆمارى دەنگداندا وەک ئەو کەسانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە.
 
لە هەر وێستگەیەک تاوەکو 5%ـی دەنگدەرەکانى دەتوانن بەبێ پەنجەمۆر دەنگ بدەن، کە ئامێرى دەنگدان نەیخوێنێتەوە، دواى ئەوە هەر دەنگدەرێت پەنجەمۆرى نەخوێندرایەوە، ناتوانێت دەنگ بدات.
 
یەکەمجارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە ئەلیکترۆنى دەکرێت و لە رێگەى کارتى دەنگدان و وەرگرتنى پەنجەمۆرەوە، کە پێشتر بۆ کارتى دەنگدان لێى وەرگیراوە و دەبێت هاوتا بن.
 
دەنگدەرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان، پێویستە پەنجەمۆریان لێ وەربگیرێت بۆ دڵنیابوونەوەى لەوەى خاوەنى کارتى ئەلیکترۆنیی بایۆمەترییە کە دەنگى پێ دەدات. 
 
سامان حوسێن، لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە هەزار کەس هەن کە هەردوو دەستیان نییە، زۆرینەیان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکانن، کە بەهۆى تەقینەوەى مینەوە هەردوو دەستیان لەدەستداوە.
 
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینى یەکەم دەکرێت، زیاتر لە 2.9 ملیۆن دەنگدەر کە کارتى بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن بەشداربن لەدەنگداندا بۆ دیاریکردنى 100 نوێنەریان بۆ پەرلەمان، کە یەکەمجارە بە چوار بازنە دەکرێت.