کەشناسی: سێشەممە لە سەنتەری پارێزگاکان باران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە و ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەش دەڵێت، رۆژی سێشەممە باران دەبارێت.
 
رۆژی یەکشەممە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوەیە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سبەی ئاسمان پەڵەهەور و لە هەندێک ناوچەش نیمچە هەور دەبێت؛ پلە گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ "کەمێک" بەرز دەبێتەوە.
 
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوورەوە، رۆژی سێشەممە باران لە هەرێمی کوردستان دەبارێت.
 
دیلان رەشاد ئاماژەی بەوەکرد، باران زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەبارێت؛ گوتیشی، "نمەباران لە سەنتەری پارێزگاکان دەبارێت و پلەی گەرما 3 پلە بۆ 5 پلە دادەبەزێت و شەوی هەمان رۆژ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی (دووشەممە) بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
 
هەولێر؛ 30 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 30 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 30 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 33 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 32 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 31 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 22 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 29  پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 37  پلەی سیلیزی