لە ساڵی نوێوە رێگە بە شوفێرانی هێڵەکانی دەرەوەی سلێمانی نادرێت سەرنشینەکانیان بگەیێننە سەنتەری شار

رووداو دیجیتاڵ 

کارگێڕێکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی دەڵێت، بڕیارێک دەرکراوە کە دەبێت ئۆتۆمبێلی هێڵەکانی دەرەوەی شار سەرنشینەکان لە تێرمیناڵی سلێمانی دابەزێنن و نزیکیان نەکەنەوە بۆ نێو شار و ناچار بکرێن تاکسیی بگرن. بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێریش دەڵێت، دوای ناڕەزایی هاونیشتمانییان هێڵەکانی دەرەوەی شاریان ناچارکردووە لەمەودوا هەر سەرنشینێک بیەوێت، دەبێت بگەیێندرێتە تێرمیناڵ.
 
رۆژی یەکشەممە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەزارەتی گواستنەوە هەرێمی کوردستان نووسراوی کردووە، لە سەرەتای ساڵی نوێوە هەر ئۆتۆمبێلێکی هێڵەکانی دەرەوەی شار بێتە سلێمانییەوە ناچار بکرێت سەرنشینەکانی لە تێرمیناڵ دابەزێنێت و نزیکی نێوشاریان نەکاتەوە. گوتیشی: "ئێمە بەرامبەر نووسراوەکە ناڕەزاییمان دەربڕیوە و داوامان کردووە جێبەجێ نەکرێت، بۆیە دوای دوو رۆژ جێبەجێکردن، نووسراوەکەش خرایە ساڵی نوێ و جێبەجێکردنی راگیرا."
 
تێرمیناڵی نوێی سلێمانی لەسەر رێگەی سلێمانی – تاسڵوجەیە. ئازاد ئەحمەد دەڵێت، ئێستا ئۆتۆمبێلی هێڵەکان کە دێنە نێو سلێمانییەوە سەرنشینەکان دەگەیێننە نێو شار و نزیک دادگەی سلێمانی دایاندەبەزێنن، بەڵام کە بڕیارەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە دەبێت لە تێرمیناڵەکەدا دابەزن، یان پێش گەیشتن بە تێرمیناڵ.
 
لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەوە ئازاد ئەحمەد گوتی، بڕیارە تاکسی تایبەت بە تێرمیناڵ دابنرێت و نرخیان بۆ دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لە دەرەوەی سلێمانی لە رێگەی هێڵەکانی گواستنەوەوە بچێتە ئەو شارە، ناچار بکرێت تاکسی بگرێت بۆ گەیاندنی بەنێوشار.
 
عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری نوێی ئێمە ئەوەیە، کە هەموو ئۆتۆمبێلی هێڵەکانی دەرەوەی شار ناچار کراون کە سەرنشینەکان بگەیێننە تێرمیناڵەکان، چونکە پێشتر بە بیانووی جیا سەرنشینیان لەسەر رێگەکان دادەبەزاند و ئەوەش ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتبووەوە، لەمەودوا دەبێت هەر سەرنشینێک پێویستی بوو بچێتە تێرمیناڵ هەمان ئۆتۆمبێلی هێڵەکە بیگەیێنێتە تێرمیناڵی هەولێر".