بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریا: بە هێرشەکانی ئەمدواییە تورکیا ئامانجەکانی پێکاوە

08-10-2023
سینا سۆما
 ئەحمەد سلێمان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریا و نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو.
ئەحمەد سلێمان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریا و نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریا بە رووداوی راگەیاند، بە هۆی هێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیا دوو رۆژە هەرێمی جزیرە و حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان ئاو و کارەبایان نییە. دەشڵێت، "ئامانجی تورکیا لە هێرشەکانی ئەمجارەی تێکدانی سەقامگیری رۆژئاوای کوردستانە و بە هێرشەکانی ئامانجەکانی پێکاوە."
 
ئەحمەد سلێمان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریا لە بووڵتەنی هەواڵی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، باسی دوایین بارۆدۆخی رۆژئاوای کوردستانی پاش بۆردوومانەکانی تورکیای کرد و رایگەیاند، لە دوێنێوە هێرشەکانی تورکیا راوەستاون، بەڵام تورکیا بە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو ئامانجەکانی پێکاوە و خزمەتگوزارییە بنەرەتەییەکان لە ناوچەکە بە تەواوی راوەستان."
 
ئەحمەد سلێمان گوتی، "هێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان ترس و دڵەراوەکێیەکی گەورەی خستە نێو خەڵکی ناوچەکە و بە هۆی هێرشەکانەوە، بارۆدۆخی ناوچەکە لە رووی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، کارەبا و سووتەمەنی خراپتر کرد. هەروەها هێرشەکان بوونەتە هۆی خراپتربوونی بارۆدۆخی ئابووری خەڵکیش، بەڵام دوێنێ و ئەمرۆ هێرشەکان راوەستاون."
 
سەبارەت بە بارۆدۆخی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان دوای بۆردوومانەکانی تورکیا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریا رایگەیاند، "دوو رۆژە لە شاری قامشلۆ و ناوچەکانی دیکەش ئاو نییە، لەبەرئەوەی کارەبا نییە ئاویش نییە، بابەتی دووەم ئەوەیە، بێجگە لە خزمەتگوزاری رۆژانەی پەیوەندیدار بە خەڵک، کاریگەرییەکانی ئەم باردۆخە نەک ئەمڕۆ و بەیانی، بەڵکو لە رۆژ و مانگەکانی داهاتوودا بە دیار دەکەوێ، یانی زیاتر بەرەو خراپتربوونی بارۆدۆخەوە دەچێت، هەروەها ترسێکی گەورە لە نێو خەڵکدا هەیە کە ئەوە لێرەدا راناوەستێت و بەردەوام دەبێت نەک تەنیا بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە تورکیا دەڵێت، مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە."
 
بە گوتەی ئەحمەد سلێمان، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی تورکیا، هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئەو شوێنانە نین کە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە و دەڵێت، "کارەبا چ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکات، نەوت چ مەترسییەک دروست دەکات بۆ سەر ئاسایشەکەی، ئاو چ مەترسییەک دروست دەکات، هەندێک کەس شەهید بوونە کە شەرڤان نین و سەرباز نین، بەڵکۆ خەڵکی سڤیلن، بۆیەش مرۆڤ باش لەوە تیدەگات کە هێرشەکانی تورکیا بۆ پاراستنی ئاسایشەکەی نەبوو، بەڵکۆ بۆ تێکدانی ئەو سەقامگیرییە بوو کە لە هەرێمەکە هەیە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لە ناوچەکە هەڵبێت و ناوچەکانمان چۆل بکرێن."
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردەی رۆژئاوای کوردستان باسی ئەوەش دەکات کە تورکیا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان هەم ئاسانکاری دەکات بۆ هەڵاتنی خەڵک هەمیش بەردەوام دەبێت لەسەر گۆشارەکانی، "بۆ ئەوەی خەڵکەکە نەتوانن لەو ناوچەیە بژین."
 
دەشڵێت، "لە حەسەکە پێشتریش بە هۆی راوەستاندنی کاری وێستگەی عەلۆک کێشەی ئاوی خواردنەوە هەبوو، ئێستا کێشەی کارەباشی هاتە سەر. لە قامیشلۆ، دێرک، تربەسپی، دربێسی و عاموودا، بە گشتی لە تەواوی هەرێمی جزیرە خزمەتگوزارییە بنەرەتییەکان راوەستاون."
 
سەبارەت بە کەرتی تەندروستیش، ئەحمەد سلێمان ئاماژەی بەوە کرد "ئەو کەرتە لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان بەپێی توانا و پێداویستییەکانی بەردەست بەردەوامە لە خزمەتکردن."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریا رایگەیاند، "ئێستا شەرەکە نە تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەی سووریا وەک حمس و ئیدلبیش هەیە و جارێکی دیکە شەڕ دەگەڕێتەوە سووریا". ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو باردۆخەی لە سووریا هەیە، هەروەها ئەو شەڕەی ئێستا لەنێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل دروستبووە، بە هۆی ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە لەنێوان هێزەکانی وەک ئەمریکا، رووسیا، چین، ئێران و تورکیا".
 
بە گوتەی ئەحمەد سلێمان، ئەم بارودۆخەی ئێستا لە سووریا، ئیسرائیل و فەلەستین هەیە، نەکە هەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، بەڵکو "بە مەبەستی تێکدانی ئارامیی ناوچەکەیە." ئەحمەد سلێمان دەشڵێت، "ئەوەی لە سووریا روودەدات، بۆ ئەوەیە شەڕ لە سووریا قورستر بێت و رەوشی خەڵکەکە خراپتر بێت، نەک ئەوەی بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بێت. لە ئیسرائیلیش، لە نێوان ئەوان و فەلەستینییەکان هێچ چارەسەرییەک نییە، تێکدانی کاخەزەکانە، زیاتر گەلانی ناوچەکە باجی دەدەن و ئێمە وەک کورد زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە باجەکەی دەدەین."
 
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا بانگەوازییەک بۆ یەکڕیزیی هێزە کوردییەکان هەیە بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و دەڵێت، "ئەمڕۆ لە کوردستانی عێراق ترسێک هەیە، لە سووریاش ترسێکی زۆر گەورە هەیە، ئێستا پێویستییەک هەیە، بانگەوازێک هەیە و داوا لە ‌هێزە کوردییەکان دەکرێت کە لەم شەڕە لەم بارودۆخەدا ئێمەی کورد زیاتر دەبینە ئامانج و زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە زەرەرمەند دەبین، ئایا دەبێ چ شتێک بۆ خۆمان بکەین، نەک ئەوەی دوژمنەکانمان زیاتر بکەین، ئایا بە چ شێوەیەک دەتوانین سیاسەتێک پەیرەو بکەین بۆ ئەوەی رێگری لە سیاسەتە هەڵەکانمان بکەین، لە لایەکی دیکەشەوە مافێکمان هەیە بۆ ئەوەی بزانین چی بەسەرمان دێت."
 
ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سووریا جەخت لەوەش دەکاتەوە کە تورکیا دەبێ کێشەکانی لەگەڵ پەکەکە و کوردەکانی باکووری کوردستان لە نێوخۆی ئەو وڵاتە چارەسەر بکات، نەک ئەوەی بە هۆی هێرشەکانی پەکەکە، هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان.
 
ئەحمەد سلێمان دەڵێت، "پەکەکە ئەو هێرشەی ئەنجامدا، بۆچی تورکیا لێپرسینەوە لەگەڵ پەکەکە ناکات، بۆ چی لە سووریا دەکات، بۆچی هاووڵاتییەکی کوردی سووریا.. ئەمرۆ کوردەکانی تورکیا بە کۆمەڵ بۆ فەلەستینییەکان هەستاونەتە سەر پێ، ئەوە هەفتەیەکە هێرش دەکرێتە سەر ئێمە، ئەو وێرانییە، ئەو هێرش و ئەو کوشتارە هەیە، دەنگێکیان لێوە نەهات. لای ئەوان ئارامی هەیە، لە لای ئەوان هەر شتێک جێبەجێ دەبێ، تورکیا دەزانێت چی دەکات، رووی کردووتە کوردستانی عێراق و وێرانی دەکات، رووی کردووتە کوردستانی سووریا و رووی کردووتە گەلی کورد لە هەر دوو لا، ئەمە باش دەزانرێت کە چی دەکرێت. کیشەی کورد لە تورکیا، لە نێوان کورد و تورکدا چارەسەر دەکرێت، لە سووریا لەگەڵ خەڵکی سووریا، لە عێراق لەگەڵ خەڵکی عێراق و لە ئێرانیش لەگەل خەڵکی ئەو وڵاتە."
 
ئەحمەد سڵیمان پێیوایە، هێزە کوردستانییەکان دەتوان و دەبێ لەگەڵ یەکتر دابنیشن و سەبارەت بە سیاسەتە هەڵەکانیان یەکتر ئاگادار بکەنەوە و دەڵێت، "ئێمە بۆ ئەوەی هاوکاری یەکتر بکەین، بۆ ئەو سیاسەتە هەڵەیەی کە پەکەکە هەیەتی، دەتوانین بە پەکەکە بڵێین ئەو سیاسەتەت هەڵەیە، (حیزبی) دیموکراتیش دەتوانێ بە یەکێتی بڵێت ئەو سیاسەتەت هەڵەیە، چونکە بە هۆی ئەو سیاسەتەت کێشە بۆ ئێمە دروست دەبێت. بە کوردەکانی سووریا بڵێین ئەم سیاسەتەی ئێوە هەڵەیە، چونکە دەبێتە کێشە بۆ ئێمە، کاتێک ئێمە وەک کورد بتوانێن لە نێو خۆماندا رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ دانوستاندن. ئەو هێرشە، هێرشێکی هەرێمی و نێودەولەتیە بۆ سەر کورد."
 
بۆردوومان و تۆپبارانی ئەمجارەی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن تورکیاوە رۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد، ئەوەش دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023ی سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا.
 
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن هێرشەکەیان کردووە.
 
تورکیا باس لەوە دەکات کە دوو هێرشکارەکە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوونە تورکیا، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ئەوە رەتدەکەنەوە.
 
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان؛ هەروەها دامەزراوەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و بارەگا چەکدارییەکانیان دەکەنە ئامانج.
 
هەسەدە هاوبەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا؛ یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە.
 
لەدوای بەزاندنی داعش لە ساڵی 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و بەری رۆژهەڵاتی رووباری فورات، بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە بوونە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن.
 
ئەو ئاڵۆزییانە بە زەقی دەرکەوتن، کاتێک رۆژی پێنجشەممە 5ی تشرینی یەکەم، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا درۆنێکی تورکیایان خستەخوارەوە، دوای ئەوەی بە هەڕەشە بۆسەر هێزە ئەمریکییەکان دانرا.
 
فەخرەدین ئاڵتون، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی هەینی پشتیوانیی وڵاتە بیانییەکانی بۆ هەسەدە بە "گەمژەیی گەورە" ناوبرد و گوتی، "سیاسەتی هەڵەی پشتیوانیکردنتان بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بگۆڕن."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە