لەگەڵ رەنج؛ بەشێك لە كارگەكان فلتەری پاككردنەوەی دووكەڵ بەكارناهێنن‏

08-10-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی دەڵێت، لێپێچینەوەیان لەگەڵ ژمارەیەک کارگەی گەورە کردووە بەهۆی ئەوەی شەوانە فلتەرەکانیان هەڵدەگرن و دووکەڵی ژەهراوی بڵاودەکەنەوە، هاوکات نوێنەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانیش دەڵێت؛ "رۆژانە نزیکەی 20 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماردەکرێن و ساڵ لەدوای ساڵ ئاماری تووشبووان هەڵدەکشێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی هەڵكەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و ‏دارستان و پاوان؛ دیار غەریب، بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی؛ ‏محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی ‏سلێمانی؛ دكتۆر رۆژان عومەر، پزیشكی پسپۆڕی شێرپەنجە و نوێنەری ‏نەخۆشخانەی ‏هیوا‏ و د. ساڵح نەجیب، پسپۆڕی زانستە ژینگەییەكان، بەکارنەهێنانی فلتەری پاككردنەوەی دووكەڵ لەلایەن کارگەکان و کاریگەرییەکانی بۆسەر ژینگە و تەندروستی هاووڵاتییانیان تاوتوێ کرا.
 
 
ساڵانە ئاماری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان "زیاد دەکات"
 
نوێنەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی دەڵێت، رۆژانە لەو نەخۆشخانەیە لە نێوان 15 بۆ 20 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆماردەکرێن و بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵ لەدوای ساڵ ئاماری تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان "روو لە هەڵکشان دەکات."
 
دكتۆر رۆژان عومەر، پزیشكی پسپۆڕی شێرپەنجە و نوێنەری ‏نەخۆشخانەی ‏هیوا‏ رایگەیاند؛ "رۆژانە لە نێوان 15 بۆ 20 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا دەخەوێندرێن، بەدەر لەمە لە هەولێریش دوو سەنتەری شێرپەنجە هەن و لە دهۆکیش سەنتەرێک، کە رۆژانە تووشبووی نوێ تۆمار دەکەن."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو رۆژی 2ـی ئۆکتۆبەر، دوو هەزار و 272 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تۆمارکراون، وەکو دكتۆر رۆژان عومەر ئاماژەی پێدەدات؛ "زیادبوونی تووشبووانی شێرپەنجە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دیاردەیەکە هەموو جیهانی گرتووەتەوە، بەڵام بەپێی ئەوەی ساڵ لەدوای ساڵ رێژەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان زیاددەکات، ئەوە نیشانەیەکی مەترسییە".
 
 
بەشێک لە کارگەکان بە شەو "فلتەرەکانیان لادەدەن"
 
بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی سلێمانی بەهۆی لادانی فلتەری هەوا لە شەواندا ژمارەیەک کارگەی گەورەی داوەتە دادگا و بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش دەڵێت، "مۆڵەتی ژینگەی بەشێک لەو کارگانەمان کشاندووەتەوە."
 
دیار غەریب، بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی باس لەوە دەکات کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لەڕووی پێداویستی و تەکنەلۆژیاوە بۆ چاودێریکردنی ژینگە لە ئاستی پێویستدا نییە و تەنانەت لە هەموو عێراقدا هیچ شارێک نەچووەتە نێو نەخشەی بانکی جیهانییەوە بۆ پاراستنی ژینگە.
 
دیار غەریب گوتی: "چەند کارگەیەکی گەورەی سلێمانیمان رووبەڕووی لێپێچینەوە یاسایی کردووە لەبەر ئەوەی بە رۆژانە هیچ دووکەڵێک ناکەن، بەڵام کە دەبێت بە شەو، فلتەرەکەیان لادەدەن و دووکەڵ دروستدەکەن. تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەم سەرپێچییە، سەرجەم کارگەکانی ئاسنمان سزاداوە و بەشێکیشمان رووبەڕووی دادگە و کشانەوەی مۆڵەتی ژینگەیی کردووەتەوە."
 
بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی پێیوایە "ئەو کەرتانەی لە هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە، بەپێی پلەبەندی لە سەرەتادا کەرتی گواستنەوە و وزەیە و دواتر کەرتەکانی کشتوکاڵ، شارەوانییەکان، پیشەسازی و وەبەرهێنانن"، لەدوای هەموو ئەوانە بەشدارینەکردن و نەبوونی هۆشیاری هاووڵاتییان لە پاراستنی ژینگە بە هۆکار دەزانێت.
 
سەرجەم دەرچووانی بەشی ژینگە لە سلێمانی "هەلی کاریان بۆ رەخساوە"
 
بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی دەڵێت، بەپێی رێنماییەکی حکومەت سەرجەم کارگە و پڕۆژە بازرگانییەکانیان ناچار کردووە دەرچوویەکی بەشی ژینگە وەکو چاودێری هەمیشەیی لە پرۆژەکانیان دابمەزرێنن.
 
دیار غەریب دەڵیت، "چارەسەرکردنی گرفتی ژینگە لە کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکان بەوە ناکرێت جاروبار لیژنەیەک سەردانی بکات، بەڵکو دەبێ چاودێرێکی هەمیشەیی لەسەر پرۆژەکە هەبێت، ئەو پێشنیازەمان لە ساڵی 2018 بەرزکردەوە و رێنماییەک دەرچووە و ئێستا چاودێری هەمیشەیی لە سەرجەم پرۆژەکان دانراوە".
 
بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی پێیوایە؛ "پێشتر کە خوێندکار بەشی ژینگەی لە زانکۆکان هەڵنەدەبژارد، بەهۆی نەبوونی هەلی کار بووە، بەڵام ئێستا بەپێی رێنمایی هەر پرۆژەیەکی بازرگانی کە مۆڵەتی پێدەدرێت، دەبێ چاودێرێکی ژینگەیی هەبێت، پڕۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووک هەر هەموویان دەبێ چاودێری هەمیشەییان لەگەڵبێت و ئەو چاودێرە دەرچووی ژینگەبێت، ئێستا لە سلێمانی ئەوانەی بەشی ژینگەیان تەواوکردووە، سەرجەمیان لەسەر کار دانراون".
 
 
لە ماوەی 10 ساڵدا "زیاتر لە ملیۆنێک و 250 هەزار دۆنم دارستان سووتاون"
 
بەڕێوەبەری گشتی باخداری و ‏دارستان و پاوان ئاماری رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو و دەشڵێت لە ماوەی ساڵانی 2011 بۆ 2021 لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 265 هەزار و 528 دۆنم دارستان سووتاون.
 
هەڵكەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و ‏دارستان و پاوان پێیوایە "ئەگەر هەموو ستانداردە جیهانییەکان بۆ کارپێکردنی کارگەکانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکرێت، هێشتا نابێتە ئەوەی بڵێین گرفتە گەورەکەمان لەکۆڵ بووەتەوە، لەبەر ئەوەی کاریگەری ژینگەی ناوچەکە و عێراق بەسەر کەشوهەوای کوردستانەوە هەیە" و دەشڵێت "ئێمە لە عێراقێکدا دەژین کە پێنجەم وڵاتی جیهانە، کە گۆڕانی کەشوهەوا کاری تێکردووە".
 
هەڵکەوت عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەم ساڵ لە هەڵمەتێکی نیشتمانی وەزارەتەکەمان 600 هەزار نەمام نێژراوە، بە مەرجێکیش داومانەتە دامودەزگاکانی حکومەت بینێژن، بەڵێن بدەن خزمەتیان بکەن".
 
بەگوێرەی داتای ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان 35 هەزار و 490 دۆنم دارستانی دەستکرد و دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم دارستانی سرووشتی هەیە و وەکو بەڕێوەبەری گشتی باخداری و ‏دارستان و پاوان ئاماژەی پێدەدات؛ "لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هاوئاهەنگیمان کردووە بۆ ئەوەی رووپێوییەکی نوێمان بۆ بکرێت".
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باخداری و ‏دارستان و پاوان ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان 295 کەیسی بڕینەوەی دارستانەکانی داوەتە دادگەکان. بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکەش دەڵێت؛ "لەماوەی ساڵانی 2011 بۆ 2021 ملیۆنێک و 265 هەزار و 528 دۆنم دارستانی هەرێمی کوردستان سووتاون".
 
 
سەرجەم کارگەکانی هەرێمی کوردستان "ناچارکراون فلتەر دابنێن"
 
‏محەممەد جەبار، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی ‏سلێمانی رایگەیاند؛ "پیشەسازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی شەرمنە لەچاو وڵاتانی دراوسێ، ئێستا لە کەرکووک کە کارگەکان ریسایکلینی رۆنی ئامێرەکان دەکەن، تێزابی تێکەڵ دەکەن، ئێمە ئەو سەرپێچییەمان لە ساڵی 2008ـەوە لە هەرێمی کوردستان نەهێشتووە."
 
محەممەد جەبار دەڵێت، "لە سنووری سلێمانی 40 کارگە هەن کە راستەوخۆ دەستیان لە پیسبوونی ژینگەدا هەیە، لەو ژمارەیە 16یان کاردەکەن. ئێستا لە هەرێمی کوردستان سەرجەم کارگەکان بە مۆڵەتە تازە و کۆنەکانیشەوە ناچارکراون فلتەر دابنێن."
 
بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی ‏سلێمانی ناچارکردنی کارگەکان بەوەی 25٪ی رووبەری پرۆژەکەیان بکەن بە سەوزایی بە دروست نازانێت و پێیوایە، بەخێوکردنی ئەو سەوزاییە بۆ کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکان قورسە و دەشڵێت؛ "کارگە هەیە بیری ئاوەکەی بەشی خواردنەوە ناکات، کەچی دەبێ سەوزاییەکەشی پێ ئاو بدات، بۆیە خاوەن کارگە و پڕۆژە پیشەسازییەکان بەرپرس نین لە سەوزکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، پێویستە پارەیان وەکو رسووماتی ژینگەیی لێ وەربگیرێت و بەڕێوەبەرایەتی ژینگە خۆی ئەو پارەیە بۆ چاککردنی ژینگە خەرجبکات".
 
هەر هاووڵاتییەک لە هەرێمی کوردستان "2800 کیلۆ چیمەنتۆی بەردەکەوێت"
 
شەش کارگەی چیمەنتۆ لە پارێزگای سلێمانی کاردەکەن و د. ساڵح نەجیب، پسپۆڕی زانستە ژینگەییەكانیش بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بە پیشەسازییەکی ژینگەدۆست نازانێت و دەڵێت؛ "لە بازیان رۆژانە 40 هەزار تۆن چیمەنتۆ بەرهەمدێت، لە جیهاندا هیندستان، چین و ڤێتنام سێ گەورە بەرهەمهێنەری چیمەنتۆن، بەڵام کە بەرهەمهێنانیان بە هەرێمی کوردستان بەراورددەکەین، دەبینین لە کوردستان هاووڵاتییەک دوو هەزار و 80 کیلۆ چیمەنتۆی لە ساڵێکدا بەردەکەوێت، لەکاتێکدا لەو وڵاتانە رێژەکە ئەوەندە بەرز نییە".
 
د. ساڵح نەجیب پێیوایە؛ زۆرینەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە پرۆسەیەکی تەندروستدا تێنەپەڕیون و تێیاندا رەچاوی تەندروستیی هاووڵاتییان نەکراوە و دەشڵێت؛ "دەستدرێژیکردنە سەر ژینگەی هەرێمی کوردستان ئەوەندە زۆرە ناژمێردرێن، بۆ نموونە تا ساڵی 2002 لە سلێمانی 34 هەزار ئۆتۆمبێل هەبوون، بەڵام ئێستا سەروو یەک ملیۆن ئۆتۆمبێلی تێدایە کە زۆرینەیان بەردی ساڵانسەیان تێدا نییە و ئەگەر هەشیانبێت، دەڵێن کار لەسەر کێشی ئۆتۆمبێلەکە دەکات و دریدەهێنن. هاوکات ئەو بەنزینەی لە کوردستان بۆ ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت، لەڕووی کوالێتییەوە خراپە و سەتان گاز و مادەی ژەهراوی دروستدەکات."

 

 
بەشێک لەو کەرەستانەی لە کارگەکانی ئاسن بەرهەمدێن "مادەی تیشکەوەریان تێدایە" 
 
د. ساڵح نەجیب، پسپۆڕی زانستە ژینگەییەكان دەڵێت؛ "لە بازیان چوار کارگەی ئاسن هەن کە سیانیان سکانەریان نییە تاوەکو ئەو ئاسنە کۆنانەی بەکاریان دەهێننەوە، بیپشکنن بۆ ئەوەی بزانن مادەی تیشکەوەری تێدایە یان نا. ئەو کارگەیەش کە سکانەری هەیە، پێی گوتووین بەشێک لە ئاسنە کۆنەکان، بەتایبەت ئەوانەی سکرابی کەرەستەی جەنگی بوون، تیشکەوەریان هەبووە و لە پشکنین دەرنەچوون".
 
ئەو پسپۆڕەی بواری ژینگە پێیوایە؛ "ئەگەر مادەیەکی تیشکەوەر لەو کارگانە بکرێت بە شیش و بۆ دروستکردنی خانوو بەکاری بهێنین، بۆ هەزاران ساڵ تیشکی زیانبەخش بڵاودەکاتەوە" بۆیە بە پێویستی دەزانێت، دوای بەرهەمهێنانی شیش و کەرەستەکان سەرلەنوێ پشکنینیان بۆ بکرێتەوە.
 
 
"کارگەکان رێگە بە پشکنینی بەرهەمەکانیان نادەن"
 
د. ساڵح نەجیب دەڵێت: "کاتێک دەمانەوێ توێژینەوە لەو بەرهەمانە بکەین کە لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن لە بازیان دروستدەکرێن، سەرباری ئەوەی بە پشتییوانی ژینگە دەچین، رێگریمان لێدەکرێت و ناهێڵن کارەکەمان بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی کوردستان کە بتەوێ توێژینەوەی ژینگەیی بکەیت، نەبوونی ئامێر و توانا تەکنیکییەکان گەورەترین بەربەستن".
 
وەکو ئەو پسپۆڕەی بواری ژینگە ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەو خاوەن کارگانەی دەسەڵاتدارێکیان لەپشتە، بۆ پشکنین و چوونە نێو کارگەکەیان، تەنانەت رێگە بە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەش نادەن" و هۆکاری ئەمەش بە ناکارایی پەرلەمان و نەبوونی یاسای گونجاو بۆ ژینگە دەزانێت.
 
د. ساڵح نەجیب پێیوایە؛ "چەندین ساڵە لیژنەی ژینگە لە پەرلەمانی کوردستان هەیە کە تەنیا کورسییەکانی پەرلەمانیان پڕکردووەتەوە، ئەو لیژنەیە کەسانی پسپۆڕی ژینگەی تێدا نییە و بە درێژایی 9 خولی پەرلەمان، هیچ یاسایەکی ژینگەییان دەرنەکردووە کە کاریگەری لەسەر باشبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان هەبێت".
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."