کەریم عەلی بە کەفالەت ئازادکرا

08-10-2023
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە پێشتر بە تۆمەتی ''ناوزڕاندن'' دەستگیرکرابوو، بە کەفالەت ئازادکرا. پارێزەرەکەی دەڵێت، ''لە داهاتوودا دۆسیەکانی یەکدەخرێنەوە و بێتاوانییەکەی لە دادگە دەسەلمێنرێت.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08-10-2023، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە 25ـی ئەیلوول بە تۆمەتی ''ناوزڕاندن''ـی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگەی لێکۆڵینەوەی قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان راگیرابوو، بە کەفالەت ئازادکرا. 
 
دوای ئازادبوونی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، کاوە لەتیف، پارێزەرەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەمڕۆ بۆ دواجار داواکاریمان پێشکێشی بەڕێز دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی کەلار کرد کە داواکارییەکەی قبووڵکرا و لە سەرجەم ئەو دۆسیانەی کە لەسەری تۆمار کراون و پەیوەندییان بە کارە پیشەییەکەیەوە هەیە، بە کەفالەت ئازادکرا.''
 
کاوە لەتیف ئاماژەی بەوە کرد، "لە داهاتوویەکی نزیکدا کار لەسەر یەکخستنی دۆسیەکان و داخستنیان دەکرێت و لە کۆتاییدا بێتاوانیی کەریم عەلی لە دادگە دەسەلمێنرێت."
 
کەریم عەلیش قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، ''بۆ هەموو ئەو دۆسیانەی کە کراونەتەوە، بەڵگەی تەواوی خۆمان هەیە و هەرچی کردوومە لە چوارچێوەی کاری پیشەیی خۆمدا بووە.''
 
پێشتر دادگەی لێکۆڵینەوەی قەزای کەلار، بە کەفالەتی 50 ملیۆن دینار بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەرکرد، بەڵام لەسەر هەمان بابەت دوو سکاڵای دیکەی لەسەر بوو، یەکێک لەلایەن سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخان و ئەوی دیکە لەلایەن گومرگی پەروێزخان، بۆیە دووبارە دوای ئازادکردنی لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو راگیرا.
 
رۆژی 17-08-2023 کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "11ـی ئاب لیژنەیەک لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە سەردانی دەروازەی پەروێزخانی کرد بۆ چاودێریکردنی دەروازەکە، بەڵام چەندین تانکەر لە لیژنەکە شاردرابوونەوە. لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی کە کاری گواستنەوەی نەوت و پاشماوەی پاڵاوگەی نەوی دەکەن رۆژانە نزیکەی 700 بۆ 800 تانکەر لە دەروازەکەوە دەچنە دیوی ئێران."
 
کەریم عەلی گوتبوویشی، "بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی بۆ ئێمە نێردراون، ئەو رۆژەی لیژنەکە هاتووە، ئەو تانکەرانە لەو ناوچەیە ونکراون و کراونەتە دیوی ئێران، ئەوانەش کە نزیک بوون لە دەروازەکە، ئاگادارکراونەتەوە کە لەوێ نەمێنن و بچنە ئەو رێگانەی لە دەروازەکەوە دیارنین. ئەو شتانەی لە دەروازەکەوە دەنێردرێن نایاسایی و قاچاخن، ئەگەر وا نییە بۆچی لە لیژنە دەشاردرێنەوە؟"
 
رۆژی دووشەممە، 28-08-2023، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەو گوتانەم لەبارەی شاردنەوەی تانکەرەکانی پەروێزخان لە کەناڵی رووداو، وەزارەتی دارایی بەگوێرەی مادەی 2ـی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووم."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ.

بەڕێوەبەری ئیفراز: هیچ بۆرییەکمان نەشکاوە

ئەمڕۆ لە گەڕەکی رۆشنبیریی هەولێر بەهۆی شکانی بۆرییەوە ئاوێکی زۆر کۆبووەتەوە و هاونیشتمانییەک دەڵێت، بۆریی ئیفراز شکاوە. بەرپرسێک لە پڕۆژەی ئیفراز دەڵێت، هیچ بۆرییەکیان نەشکاوە.