قایمقامی پیرمام: ئەمساڵ پڕۆژەی ئاوی پێنج گوند جێبەجێکراوە


رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای پیرمام دەڵێت، ئەمساڵ پڕۆژەی ئاوی پێنج گوندی سنوورەکە بە گوژمەی نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار جێبەجێکراون. دەشڵێت، بە پلە یەک، گرنگی بە پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ دەدەن، پاشان دروستکردنی شۆستە و قیرتاوکردن.
 
حامد ئیسماعیل، قایمقامی قەزای پیرمام لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و قیرتاوکردن بۆ حەوت گەڕەکی پیرمام جێبەجێکراون و ئێستا جووتسایدی نێو قەزاکە نۆژەن دەکرێتەوە.
 
بەگوتەی قایمقامی پیرمام، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە گەڕەکەکان، کاری لەپێشینە تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ دەبێت و پاشان دروستکردنی شۆستە و قیرتاوکردنی گەڕەکەکان، بەڵام گەڕەکی گوڵستان بەهۆی نەبوونی بودجە و نەختینەوە کارکردن تێیدا راگیراوە.
 
ئەو قایمقامە گوتی، لە گوندەکانی سنووری پیرمام چەند پڕۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە جێبەجێکراون لەوانە: پڕۆژەی ئاوی گوندەکانی بانەمان، گڕاو، سێوەکە بەگوژمەی ملیارێک و 80 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە و تەنیا کۆنکریتکردنیان ماوە، هەروەها پڕۆژەی ئاوی گوندی قیرژە بەگوژمەی 130 ملیۆن دینار و پڕۆژەی ئاوی گوندی هەنارە بەگوژمەی 300 ملیۆن دینار و لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە کۆڕێ پەیوەندییان بە رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن: شەقامێکیان هەیە زیاتر لە مانگێکە تێکدراوە و وازی لێهێندراوە.
 
قایمقامی پیرمام دەڵێت، کارکردن لەو پڕۆژەیە بەهۆی گرفتی داراییەوە راگیراوە، لەماوەی رابردوودا کۆڕێ بەشێوەیەکی هەڕەمەکی فراوان بووە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە ماستەرپلان بۆ پیرمام دروست بکرێت و پاشانیش ماستەرپلانی کۆڕێ تاوەکو شەقڵاوە جێبەجێ دەکرێت.