لە هەرێمی کوردستان یادی مەولوود دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ساڵانە لەم رۆژەدا کە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە، لە هەرێمی کوردستان چەندین رێوڕەسمی جیاواز بەڕێوەدەچن؛ لە هەولێر بایەخی زیاتری پێدەدرێت و رێوڕەسمی فراوان بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر دەڵێت، یادەکە وەکو کەرنەڤاڵێکی گەورەی لێهاتووە بۆ شارەکە.
 
رۆژی شەممە 8-10-2022، تەییب زرار، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکاری باشکراوە و لە هەولێر یادی مەولوود وەکو کەرنەڤاڵێکی گەورەی کولتووری لێهاتووە." 
 
بۆ یادی مەولوود، بازاڕی هەولێر رازێندراوەتەوە؛ خەڵک لە ماڵەکانیان و لە بازاڕەکاندا شیرینی دەبەخشنەوە و پەیامی پیرۆزبایی بە دیوارەکاندا هەڵدەواسن؛ ئەمڕۆ کاژێر 11:00 لای قەڵای هەولێر رێوڕەسمێکی خوێندنەوەی سروودیش دەستیپێکرد.
 
هەر بەبۆنەی یادی مەولوودەوە؛ دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی سەفین لە هەولێر، مزگەوتی حاجی شیرین دوای تێکدان و دروستکردنەوەی لە رێوڕەسمێکدا دەکرێتەوە.
 
لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە لەم یادەدا رێوڕەسمی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن و شیرینییان تێدا دەبەخشرێتەوە و رێوڕەسمە ئاینییەکان بەڕێوەدەبرێن.
 
ساڵانە لە 12ـی رەبیعل ئەوەل کە هاوکاتە لەگەڵ لەدایکبوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان بە شێوازی جیاواز ئەو یادە دەکەنەوە و رێوڕەسمەکانی مەولوودیش لەنێو کورد بووەتە شتێکی دانەبڕاو لە کولتوور و دینداری خەڵکی کوردستان؛ نزیکەی 800 ساڵە لە هەولێر ئەم یادە دەکرێتەوە، کە جاری یەکەم لەلایەن سوڵتان موزەفەرەوە لە شارەکەدا کراوەتەوە.
 
سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری کوڕی زەینەدین عەلی کوچکە، لە موسڵ لەدایکبووە و 44 ساڵ کاروباری شاری ھەولێری بەڕێوەبردووە؛ لە ساڵی 1232 کۆچی دوایی کردووە و لە نەجەف لە گۆڕستانی وادیلسەلام بە خاک سپێردراوە.