گەنجێکی کورد دەبێتە باڵاکورتترین پیاوی جیهان


رووداو - هەولێر

ئەفشین قادرزادە، گەنجیکی کوردی خەڵكی بۆکانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە کەمتر لە 65 سانتیمەتر بووە باڵاکورتترین پیاوی جیهان، بۆیە بە هەڵپەڕكێ دڵخۆشیی خۆی دەربڕی. 
 
ئەفشین قادرزادە، باڵاکورتترین پیاوی جیهان ئامانجی ئەوەیە کە ناوی لە تۆماری گینسی جیهانی بۆ باڵاکورتترین پیاوی جیهان تۆمار بکرێت و دەڵێت، "من ئەفشینم، خەڵکی بۆکانم، تەمەنم 22 ساڵە، باڵام 64.7 سانتیمەترە."
 
باڵای ئەفشین کە بە شێوەیەکی ستاندارد پێوانە کرا دەرکەوت 64.7 سانتیمەترە، ئەویش شادومانی خۆی بۆ ریکۆردەکە بە کەمێک هەڵپەڕکێ دەربڕی.
 
دایک و باوکی ئەفشین دەڵێن، خولیای کوڕەکەیان بوون بە پزیشک و لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە و بەهیوان ئەم ریکۆردە دەرگەی خۆشبەختی بە رووی ئەفشین بکاتەوە.
 
ئیسماعیل قادرزادە، باوکی ئەفشین باس لەوە دەکات، "سوپاسی خودا دەکەم کە یارمەتیداین ئەفشین گەورە بکەین، ئێستا خەڵکی ئێران و جیهانیش ئەفشینیان خۆشدەوێت. دەچینە هەر لایەک خەڵک ئەفشینمان لێدەبەن وەک بڵێی منداڵی خۆیانە. سوپاسی خوا دەکەین کە ئەم دیارییەی پێبەخشین".
 
لە تۆماری گینسدا خاوەنی ریکۆردی باڵاکورتترین پیاوی جیهان کە 70 سانتیمەترە، ئێدوارد هێرناندێزی کۆڵۆمبییە، بۆیە چاوەڕێدەکرێت دوای پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی ئەفشیندا، ناوی لە کتێبی گینس تۆمار بکرێت.