مەسرور بارزانی: پێشنیازمان کردووە بەربژێری سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی کوردستان یەکلابکرێتەوە

08-10-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-

رووداو - دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پیشنیازیان کردووە بەربژێری سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی کوردستان یەکلا بکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 08-10-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لە دیداری "پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بەشداربوو و، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار گوتی: "هیچ خاڵێکی دەستووری و یاسایی نییە کە سەرۆکوەزیران بۆ شیعە بێت و سەرۆککۆمار بۆ کورد بێت یان سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە بێت، بەڵام وەکو نەریتێک هاتووە و تاوەکو ئێستاش پەیڕەو دەکرێت، بەڵام ئەو نەریتە چۆن هاتووە؟ زۆرینەی شیعە سەرۆکوەزیران بەربژێر دەکات و دواتر لە پەرلەمان متمانەی پێدەدرێت؛ زۆرینەی سوننەش سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان دەکات. لێرەدا داواکارییەکە ئەوەیە کە زۆرینەی کورد دەبێت بەربژێری خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەستنیشان بکات".
 
مەسرور بارزانی گوتی، لە سێ خولە یەکەمەکەی پەرلەمانی عێراقدا کورد بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی پشتیوانییان لە بەربژێرێک بۆ سەرۆککۆمار کرد، بەڵام "لە خولی پێشتردا بەداخەوە ئەو نەریتە تێکشکا؛ کەواتە سەرۆککۆماری عێراق کە دەبووایە لەلایەن زۆرینەی کوردەوە هەڵبژێردرێت پەیڕەو نەکرا، بە پێچەوانەوە لە پەرلەمان بەبێ کورد زۆینەیەکی شیعە هەڵبژاردنیان کرد و سەرۆککۆمارێکیان دەستنیشان کرد".
 
مەسرور بارزانی بە پێویستی زانی رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیرێت و گوتی، لایەنی سەرکەوتووی هەڵبژاردنی عێراق لە باشووری کوردستان کێیە "ئەو مافی زیاتری هەیە کە بەربژێری سەرۆککۆمار پێشنیاز بکات، بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە بێین و بگەڕێینەوە سەر هەمان نەریتی کۆن، ئەوا داوامانکردووە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەربژێری سەرۆککۆمار دەستنیشان بکەن و ئەو کەسە ببێتە بەربژێری هەموو خەڵکی کوردستان و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێبدرێت، ئەو شوێنەش پەرلەمانی کوردستانە کە نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات." 

 

 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە زیاتر قسەیکرد و گوتیشی، "با لە پەرلەمانی کوردستان بەربژێرەکان پێشنیاز بکرێن و کێ زۆرینەی پشتیوانیی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێنا، ببێتە بەربژێری یەکگرتووی خەڵکی کوردستان. ئەوکاتەش پەرلەمانی عێراق رێز لە هەڵوێستی خەڵکی کوردستان و دەنگی خەڵکی کوردستان بگرێت و ئەو بەربژێرە هەڵبژێرێت".
 
مەسرور بارزانی باس لەوەش دەکات: "ئێمە هەمیشە رێزی زۆرینەی دەنگی شیعە و سوننەمان گرتووە بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرەکەی خۆیان؛ هەق وایە ئێستا پێکهاتەکانی دیکەش رێز لە دەنگی زۆرینەی کورد بگرن بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری خۆیان بۆ سەرۆککۆمار".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە