یەکێتی سەرکۆنەی بۆردوومانی تورکیا لە سنووری چەمچەماڵ دەکات؛ پێشهاتێکی خراپە


رووداو دیجیتاڵ 

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکۆنەی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنووری گوندی سەیدانی سەر بە شارۆچکەی قەرەهەنجیر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەکات و داوای "دەستبەجێ راگرتن"ـیان دەکات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم لەم هەفتەیەدا تورکیا بۆردوومانی گوندی سەیدانی کرد، شەریف رەحیم، گوتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی بۆردوومانەکەوە کەسێک کوژراوە و دووانی دیکەش بریندارن."
 
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، "مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئیدانەی بۆردوومانی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بۆ سنووری قەرەهەنجیر لە نزیک شاری کەرکووک دەکات کە قوربانی و زیانی لێکەوتووەتەوە. ئەم سنوور بەزاندنە پێشهاتێکی خراپە کە ناوجەرگە و قووڵایی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە، بۆیە داوای دەستبەجێ راگرتنی دەکەین، چونکە هیچ پاساوێک نابێت ببێتە ھۆی سنوور بەزاندن و زیانگەیاندن بە خەڵکی بێتاوان."
 
گوتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ لەبارەی ناسنامەی کوژراو و بریندارەکان ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو کەسەی کوژراوە ئافرەتە و دوو بریندارەکەش لە رەگەزی نێرن، "بەهۆی شێواویی تەرمەکە، ناتوانین تەمەنی کوژراوەکە دیاری بکەین، دوو بریندارەکەش لەنێوان 25 بۆ 35 ساڵدان."
 
تەرمی کوژراوەکە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە و دوو بریندارەکە لە چەمچەماڵ چارەسەری پزیشکی وەردەگرن. 
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داواش لە حکومەتی عێراق دەکات کە "ئەرکی دەستووری و نیشتمانیی خۆی لە داکۆکیکردن لە خاکی عێراق بە کوردستانیشەوە راپەڕێنێت و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە."
 
تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا و میدیای فەرمیی وڵاتەکەش هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاونەکردووەتەوە.