دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق

لە دەنگدانی تایبەتدا، ئەو هێزانەی دەنگدەدەن بریتین لە هێزەکانی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ لە عێراق، جگە لە حەشدی شەعبی، هەروەها هێزەکانی سەر بە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان

08-10-2021

18:07

دەنگدانی تایبەت کۆتاییهات

پێشمەرگەیەک لە بنکەیەکی دەنگدان دەنگدەدات. وێنە: رووداو

رووداو دیجیتاڵ
 
دەنگدانی تایبەت لە کاژێر 18:00 کۆتاییهات. نبراس ئەبوسودە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 18:00 ئامێرەکانی دەنگدان لەکاردەکەون.
 
لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامەکانیشەوە، نبراس ئەبوسودە گوتی، ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی گشتی بڵاودەکرێتەوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش ئاماژە بەوە دەکات، دزەپێکردنی ئەنجامی دەنگدان بە تاوان هەژمار دەکرێت.
 
جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەنگدانەکە بەبێ کێشە و بێ تۆمارکردنی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی کۆتاییهاتووە، هەروەها دەشڵێت، "رێژەی بەشداریکردنەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەنگدانەکە سەرکەوتوو بووە".
 
لە سنووری ئیدارەی رانیە نۆ ناوەندی دەنگدان هەن کە هەشتیان بۆ هێزە ئەمنییەکان بوون و یەکێکیشیان بۆ ئاوارەکان بوو، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "خۆشبەختانە ئەو بەرنامەی ئێمە دامانڕشتبوو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بە سەرکەوتووی جێبەجێ بوو، هیچ خروقات و هیچ کێشەیەک دروستنەبووە".
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان لەم ناوچانە بەمشێوەیە بوون: چۆمان 94٪، رواندز 96٪، مێرگەسۆر 97٪، خەلیفان 96٪، سیدەکان 95٪، هەریر 93٪.
 
لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، رێژەی بەشداریکردنی ئاوارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 64٪ بووە و رێژەی بەشداریکردن هێزە ئەمنییەکان 86٪ بووە.
 
خالد عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆن لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو کاژێر 17:00 رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە قەزای سێمێل گەیشتووەتە 90٪.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان دەست رووداو کەوتوون، رێژەی بەشداریکردن لە سنووری قەزای چەمچەماڵ تاوەکو کاژێر 17:00 82٪ بووە، هەروەها بەپێی ئامارەکانی لیژنەی هاوبەشی ئەمنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە سنووری ئیدارەی رانیە رێژەی دەنگدان 90٪ـی تێپەڕاندووە.
 
رێژەی بەشداریکردن لە 14 بنکەی دەنگدان لە هەولێر:
 
 
لەلایەکی دیکەوە سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری رۆژهەڵاتی دیجلە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو کاژێر 17:00، رێژەی بەشداری لە سنووری میحوەرەکە 95% بووە.
 
نووسینگەی هەڵبژاردنی پارتی لە زاخۆ دەڵێت، رێژەی بەشداریکردن لە قەزاکە تاوەکو کاژێر 17:00 نزیکەی 86٪ بووە.
 
 
ئەمڕۆ هەینی 8-10-2021 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاژێر 07:00 دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام بوو.
 
جگە لە هێزە ئەمنییەکان، ئاوارەکانیش بەشداری دەکەن کە بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، 120 هەزار و 126 کەس دەبن، لەو ژمارەیە 105 هەزار و 754 دەنگدەریان لە هەرێمی کوردستانن.
 
رۆژی یەکشەممە 10-10-2021، دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:56

لە شەقڵاوە بەهۆی کێشەی سیستەمی دەنگدان زیاتر لە 170 پێشمەرگە لە دەنگدان بێبەشبوون

پۆلیسێک لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدات. وێنە: بڵند تاهیر-رووداو
رووداو دیجیتاڵ

لە بنکەکانی دەنگدان لە شەقڵاوە، تاوەکو دوو کاژێر پێش داخرانی بنکەکانی دەنگدان، بەهۆی بوونی کێشە لە سیستەمی دەنگدان 178 پێشمەرگە نەیانتوانی بوو دەنگبدەن.
 
لە سنووری شەقڵاوە 3 بنکەی دەنگدانی تایبەت هەبوون؛ لە قوتابخانەی دەنگار کە تایبەت بوو بە دەنگدانی پێشمەرگە لە هێزەکانی پشتیوانیی-1 بەهۆی تێکچوونی دوو لە ئامێرە هۆشمەندەکانی دەنگدان 178 پێشمەرگە تاوەکو دوو کاژێر بەر لە وەستانی پرۆسەکە، نەیانتوانیبوو دەنگبدەن.
 
عەمید سەنگەر ئەبوبەکر، فەرماندە لە هێزەکانی پشتیوانیی-1 بە سیداد لەشکری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە گشتی نزیکەی 95٪ی پێشمەرگەکانیان لە بنکەی دەنگار دەنگیانداوە. 
 
عەمید سەنگەر ئەبوبەکر گوتیشی، رووبەڕووی چەند کێشەیەکی تەکنیکی بوونەتەوە و رایگەیاند، "بەشێک لەو ئامێرانە پەنجەی دەنگدەر ناناسنەوە. هەروەها هەندێک لە کارتەکان کە داخڵ دەکرێن، ئامێرەکە وەریانناگرێت. ئێمە ئەم کێشانەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان باسکرد. نزیکەی 60-70 کەس لای ئێمە نەیانتوانی دەنگبدەن. ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنیشمان لەوە ئاگادارکردەوە".
 
لە بنکەی دەنگار 5 ی وێستگە هەبوون و 2054 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو و زیاتر لە 1700 کەس دەنگیان دا و رێژەی دەنگدان تێیدا 95٪ بوو؛ لە شەقڵاوە دوو بنکەی دیکە بە ناوەکانی نێرگز و سافی هەبوون. لە بنکەی نێرگز 2433 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو و تاوەکو دوو کاژێر بەر لە داخرانی سندووقەکان 1800 کەس دەنگیاندابوو. هەروەها بنکەی سافی کە تایبەت بوو بە ئاوارەکان و 372 کەس تێیدا مافی دەنگدانیان تێیدا هەبوو، 165 کەس دەنگیان دابوو.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:10

کۆمیسیۆن: تاوەکو کاژێر 17:00 لە سێمێل رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت 90٪ـە

بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە دهۆک. وێنە: ئەیوب نەسری - رووداو

رووداو دیجیتاڵ

خالد عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆن لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو کاژێر 17:00 رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە قەزای سێمێل گەیشتووەتە 90٪.
 
نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو کاژێر 17:00 رێژەی بەشداریکردنی ئاوارەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 55٪ بووە و رێژەی بەشداریکردن هێزە ئەمنییەکان 80٪ بووە.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆن لە دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو کاژێر 16:00 رێژەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکە 75٪ بووە، هەروەها رێژەی بەشداریکردنی ئاوارەکانی نێو کەمپەکان 52٪ بووە و ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکان 26٪ بووە.
 
بەپێی ئامارەکانی دەزگای هەڵبژاردنی لقی نۆی پارتی لە ئاکرێ تاوەکو کاژێر 16:00 رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە قەزاکە 85٪ بووە، لە کۆی 2542 دەنگدەر 2183 کەس دەنگیان داوە.
 
هەر بەپێی ئامارەکانی دەزگای هەڵبژاردنی لقی نۆی پارتی، تاوەکو کاژێر 16:00 رێژەی بەشداریکردن لە بەردەڕەش 72٪ بووە، لە کۆی 6100 دەنگدەر 4451 کەس دەنگیان داوە.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەبارەی رێژەی بەشداریکردن لە کەمپی ماملیان تاوەکو کاژێر 15:00 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 67.2٪ـی دەنگدەران دەنگیان داوە، هەروەها رێژەی بەشداریکردن لە کەمپی شاریا تاوەکو کاژێر 16:00، 50٪ بووە.
زیاتر بخوێنەوە

15:15

ئەندامێکی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی: لە سلێمانی رێگری لە دەنگدەرانمان کراوە

دەنگدانی تایبەت لە بنکەیەکی دەنگدان لە سلێمانی. وێنە: هۆرڤان رەفعەت - رووداو
 
ئەندامێکی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە سلێمانی لە دوو بنکەدا "رێگری" لە دەنگدەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە دەنگ بدەن.
 
ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 هاوار محەممەد، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، چاودێرەکانیان 38 سەرپێچییان لە سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجە تۆمارکردووە و گوتیشی، نیگەرانییان هەیە هەموو دەنگدەرەکان نەتوانن دەنگی خۆیان بدەن، هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ  "نەشارەزایی کارمەندانی کۆمیسیۆن".
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی گوتیشی، "لە سلێمانی فۆڕمی سکاڵاش نەدراوەتە بریکارەکانیان، بە ڤیدیۆ بەڵگەمان هەیە لە کۆیە ئەفسەرێک بە جلی سەربازییەوە لە تەنیشت کارمەندێکی کۆمیسیۆن دانیشتووە و دەستوەردان لە کارەکانیان دەکات".
 
بە گوتەی هاوار محەممەد، ئەمڕۆ کاژێر 16:00 لە ئۆفیسی کۆمیسیۆن لە بەغدا تیروپشک دەکرێت بۆ ئەو بنکانەی بەدەست دەژمێردرێنەوە.
 
بڕیارە دەنگدانی تایبەت تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوامیی هەبێت. رۆژی یەکشەممە 10-10-2021، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

15:03

زۆرترین بەشداریی هەڵبژاردن لە رانیە بووە و کەمترین لە کەمپی شاریا

 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، زۆرترین رێژەی بەشداریی دەنگدانی تایبەت لە رانیە بووە و کەمترین رێژەش لە کەمپی ئاوارەکانی شاریا بووە لە دهۆک.
 
لە هەولێر تاوەکو ئێستا 41% بووە و لە دهۆکێش 41% بووە؛ هەروەها لە کەرکووکیش رێژەی بەشداری تاوەکو ئێستا 38% بووە.
 
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، رێژەی بەشداریی دەنگدانی تایبەت لە سنووری پارێزگاکە 38% بووە، زۆرترین رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی تایبەتیش لە سنووری پارێزگاکە لە رانیە بووە کە نزیکەی لە 70% بووە.
 
پەیامنێری رووداو لە رانیە رایگەیاند، لە کۆی 16 هەزار و 114 دەنگدەری تایبەت، تەنیا لە سنووری رانیە تاوەکو کاژێر 12:00 نزیکەی هەشت هەزار دەنگدەر دەنگیان داوە، کەمترین رێژەی دەنگدانیش لە بنکەیەکی ئاوارەکان بووە کە لە کۆی 480 دەنگدەر 55یان دەنگیان داوە. هەروەها پەیامنێری رووداو لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش دەڵێت، لە کۆی هەشت هەزار و 597 دەنگدەری تایبەت لە سنوورەکە سێ هەزار و 460 دەنگدەر دەنگیان داوە.
 
رێژەی بەشداریی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک تاوەکو ئێستا 24% بووە، لە زاخۆ تاوەکو ئێستا 60% و لە نەینەوا 39% بووە. لە کەمپی شاریاش کەمترین رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی تایبەت هەبووە. لە سنووری سلێمانی ئاوارەکان دوو بنکەی دەنگدانیان هەیە و تاوەکو کاژێر 12:00 رێژەی دەنگدان 10.4% بووە، لە کۆی سێ هەزار و 160 ئاوارە، تەنیا 331 کەس دەنگیان داوە.
 
لە هەندێک بنکەی دەنگدان هەندێک کێشەی تەکنیکی دروستبوون، لەنێویاندا بنکەکانی دەنگدان لە سنووری دهۆک. خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق - دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "زۆربەی کێشە تەکنیکییەکان چارەسەرکراون و بە ئومێدین دەنگدەرەکانی سنووری پارێزگای دهۆک لەکاتی دیاریکراودا بتوانن دەنگ بدەن".
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق - دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆمیسیۆن بڕیاریدا لەگەڵ کارتی بایۆمەتریی دەنگدەران، دەتوانن بە ناسنامەی سەربازییش دەنگ بدەن".
 
زیاتر بخوێنەوە

14:55

رێژەی دەنگدان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 60% تێدەپەڕێنێت

 
رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 60% تێپەڕیکرد و ژمارەکەش لە بەرزبوونەوەدایە.
 
یووسف موسا، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ ئاشکرایکرد، تاوەکو کاژێر 14:00 رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت 60% تێپەڕیکردووە و ژمارەکەش لە بەرزبوونەوەدایە، دەشڵێت، ئێستا بنکەکانی دەنگدان چۆڵن و جەنجاڵ نین.
 
پەیامنێری رووداو لە زاخۆ روونیکردەوە، لە سنووری ئیدارەی زاخۆ، 22 هەزار کەس مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەیە، 11 هەزاریان هێزی چەکدارن، بریتین لە پێشمەرگەکانی فەرماندەیی دهۆک، هەروەها پۆلس و پۆلیسی هاتووچۆ و هێزەکانی ئاسایش، لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنوور، هەروەها 11 هەزار کەسیشیان وەکو ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە و زۆربەیان کوردی ئێزدین.
 
لە کۆی ئەوانەی لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ دەدەن لە زاخۆ، زیاتر لە 13 هەزار کەسیان دەنگیان داوە.
 
پەیامنێری رووداو لە زاخۆ ئەوەشی خستەڕوو، بەیانی بەهۆی لۆدی زۆر لەسەر ئامێرەکان و جەنجاڵی لە بنکەکانی دەنگدان، دوو ئامێر لەکارکەوتبوون، بەڵام بە زوویی چاککرانەوە و ئێستا پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:14

کۆمیسیۆن: لە بنکەی یەزداندۆختی عەنکاوە دەنگدان دەستیپێکردووەتەوە

دەنگدانی تایبەت لە بنکەیەکی دەنگدانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
بۆ ماوەیەک لە بنکەی یەزداندۆخت لە عەنکاوە دەنگدانی تایبەت وەستا. بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هۆکارەکە قەرەباڵخی بووە و چارەسەر کراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 8-10-2021، بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ماوەیەک بەهۆی هەندێک قەرەباڵخیی و "دەنگەدەنگەوە"، دەنگدان لە بنکەی یەزداندۆخت لە عەنکاوەی هەولێر راگیراوە و دواتر دەستیپێکردووەتەوە.
 
بۆتان جاف، ئاماژەی بەوەشكرد، کە وەستانەکە هیچ پەیوەندی بە ئامێرەکانی دەنگدانەوە نەبووە و ئەوەی هەبووە تەنیا قەرەباڵخی بووە. گوتیشی: "بنکە هەیە 500 دەنگدەری هەیە، ئەوانەی دەنگدەرن بە پاس و بەیەکجار 300 کەس دەچنە بنکەکە، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی قەرەباڵخییەکانن".
 
بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد، پەلە نەکەن و کاتیان لەبەردەست دەبێت. گوتیشی: "پێموایە دوای نیوەڕۆ بنکەکان بەتەواوی قەرەباڵخییان لەسەر نامێنێت". 
 
ئەمڕۆ لە کاژێر 07:00ی بەیانییەوە دەنگدانی تایبەت دەستیپیكرد و تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لە دەنگدانی تایبەتدا گرفت لە خوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران هەن.
 
بۆ دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 کەس دەنگدەدەن. بڕیارە رۆژی 10-10-2021، هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و تێیدا 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
لە سنووری پارێزی هەولێر، دەنگدانی تایبەت لە 52 بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت، کە بە هەموویانەوە 214 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە پارێزگای هەولیر 90 هەزار و 54 کەس مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:13

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: هێزە ئەمنییەکان بە چڕی روو لە ناوەندەکانی دەنگدان دەکەن

دەنگدانی تایبەت لە بەغداد دەنگ دەدەن. وێنە: AFP
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 رایگەیاند، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە لەگەڵ کرانەوەی دەرگای ناوەندی دەنگدانەکان، روویانکردە سەر سندووقی دەنگدان.
 
لە راگەیێندراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقدا هاتووە، "لە یەکەم کاژێری دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا، کارمەندە قارەمانەکانی هێزە ئەمنییەکان بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە، بە چڕی روویانکردە ناوەندەکانی دەنگدان و بەوپەڕی پیشەگەری و دیسپلینەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا سەرقاڵی دەنگدانن".
 
هاوکات، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، نووسیویەتی، "هەڵۆکانی هێزەکانی ئاسمانی و پارێزەرانی ئاسمانی نیشتمان، لە چوارچێوەی پلانی ئەمنیی رۆژی هەڵبژاردندا لە ئاسماندان و بە شێوەیەکی بەردەوام دەسوڕێنەوە".
 
زیاتر بخوێنەوە

11:46

کەرکووک؛ لە رووداوێکی هاتووچۆدا 29 پۆلیس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون

شوێنی رووداوە هاتووچۆکە
 
کەمێک لەومەوپێش لەسەر رێگەی کەرکووک - حەویجە بەھۆی رووداوێکی ھاتووچۆوە 29 پۆلیسی فیدراڵی بوونە قوربانی، بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک دەڵێت، چەند پۆلیسێکیان گیانیان لەدەستداوە.
 
مەروان عانی، بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەمێک لەمەوپێش لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - حەویجە و لە نزیک یەکبڕی ریاز، رووداوێکی ھاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و کۆستەرێکدا روویدا و بەھۆیەوە 29 کەس برینداربوون و گیانیان لەدەستدا".
 
بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک دەڵێت، "قوربانییەکان پۆلیسی لیوای ھەشتی فیرقەی پێنجن و لەکاتی گەڕانەوەیان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ بارەگای لیوا تووشی ئەو رووداوە ھاتوون".
 
مەروان عانی ئاماژەی بەوەش کرد، "لەنێو قوربانییەکان ئەفسەر ھەیە و تاوەکو ئێستا چەند پۆلیسێک گیانیان لەدەستداوە، کە ژمارەیان نازانرێت و ئێستا ھێزە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە".
 
ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:25

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووماڵی میدیاکانەوە داوایەک ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان دەکات

دەنگدانی تایبەت لە بنکەیەکی دەنگدانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووماڵی میدیاکانەوە داوایەکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و داوا دەکات، "رێز لە کاری میدیاکاران بگرن و هاوکارییان بکەن لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن".
 
لە راگەیێندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "لە 10ی ئوکتۆبەر 2021 پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوونی بە رۆڵی گرنگی میدیا لە چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و رووماڵکردنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە، داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی دەکات رێز لە كاری میدیاكاران بگرن و ھاوکارییان بکەن و لە چوارچێوەی رێنوێنییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان مامەڵە لەگەڵ تیمەكانی راگەیاندن بكەن".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، لە قۆناخەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتی و جیاكردنەوەی دەنگەكانیش، زەمینە خۆش بكرێت تاوەکو میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەكی ئازادانە و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام بدەن.
 
هاوکات داواش لە میدیا و رۆژنامەنووسان دەکات، "لە چوارچێوەی هەمان رێنوێنی هەڵسوكەوت بكەن و رێز لە ئەركی ئەو هێزانە بگرن كە بۆ پاراستن و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئارامی لە ئەركدان".
 
ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:50

یونامی: پێویستە عێراقییەکان لە کەشێکی خاڵی لە تۆقاندن و هەڕەشە دەنگ بدەن

دەنگدانی هێزە تایبەتەکان لە رانیە. وێنە: پێشەوا بەختیار - رووداو
 
نووسینگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق - یونامی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە عێراقییەکان لە کەشێکی "خاڵی لە پاڵەپەستۆ و تۆقاندن و هەڕەشە" بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن.
 
ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 یونامی بەبۆنەی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە رۆژی هەڵبژاردندا، پێویستە عێراقییەکان بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن لە کەش و هەوایەکی خاڵی له پاڵەپەستۆ و تۆقاندن و هەڕەشە".
 
هەر لەو پەیامەی یونامیدا هاتووە، "دووبارە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە رێز لە ئازادیی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە خۆیان هەڵیاندەبژێرن".
زیاتر بخوێنەوە

09:20

ڤیدیۆی ئەو پێشمەرگانەی دەیانەوێت گرەوی دەنگدان لە نێچیرڤان بارزانی ببەنەوە

رۆژی 6-10-2021 نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی "مونافەسەیەکی" راگەیاند و رووی لە لایەنگران و ئەندامانی پارتی کرد و گوتی: "پێتانخۆشە مونافەسەیەك بكەین، دەتانەوێت مونافەسەی من بكەن؟".

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "من بەتەمام رۆژی 10ی مانگ بچمە سەر سندووقی دەنگدان و دەمەوێ یەكەم كەس بم، ئەگەر لەناو ئێوە هەیە و دەیەوێ مونافەسەی من بكات و بەر لە من لەسەر سندووقی دەنگدان بێت، با دوایی ئاگادارم بكات لە فەیسبووك بۆم بنووسێت یان بە ناوچە و لقەكان بڵێن كە ئێمە پێش ئەو چووین. چونكە نامەوێ ئێمە بدۆڕێنین، یەكەم كەس دەبم لەسەر س‌ندووقی دەنگدان و بەشدار دەبم. من خۆم كاژێر 07:00ی بەیانی لەسەر سندووقی دەنگدانم. كێ پێش من لەوێ دەبێت؟ من بۆ لەوێ دەبم؟ چونكە نیازم نییە بدۆڕێنین. ئینجا ئێمە بەیەكەوە به‌ڵێنێكمان دا با بزانین چۆن دەبێت. با بزانین ئێوە پێش من لەسەر سندووقی دەنگدان دەبن یان من؟".

ئەو گرەوەی نێچیرڤان بارزانی کاردانەوەی زۆری هەبوو و ئەمڕۆ هەینی 8-10-2021 بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکان و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش چوونە سەر سندووقی دەنگدان و بەشێکیان ڤیدیۆکانیان بۆ رووداو ناردووە.

عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی کە خۆی بەیانی زوو دەنگیدا گوتی: "ئەو قسانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، کاریگەریی زۆری هەبوو و زۆربەی پێشمەرگەکان دەیانەوێت مونافەسەی بکەن و لێی ببەنەوە".

 

 

 

  

 

  

 

  

  

 

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:52

جێنین پلاسخارت سەردانی دهۆک دەکات

دەنگدان لە بنکەیەکی دهۆک
 
خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە دھۆک تاوەکو ئێستا ھیچ کێشەیەک دروستنەبووە و بڕیارە جێنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق سەردانی پارێزگای دھۆک بکات و چاودێریی پرۆسەی دەنگدان بکات

 

زیاتر بخوێنەوە

08:50

لە عێراق بەهۆی هەڵبژاردنەوە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە پشووی فەرمییە

بەڕێوەچوونی دەنگدان لە کەمپی شاریا لە دهۆک. وێنە: شەپرزە ئێکمالەیی - رووداو
 
ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو پشووی فەرمی دەبێت لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت.
 
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لەلایەن ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تێیدا هاتووە "بە رەزامەندیی فەرمیی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاردرا رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کە دەکاتە  10 و 11ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر، بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە بکرێتە پشووی فەرمی".
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئامانج لە راگەیاندنی دوو رۆژ پشووی فەرمی، ئاسانکاریکردنە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی هەڵبژاردنەکان و کارە لۆجیستییەکانی رۆژی دەنگدان و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە".
 
ئەمڕۆ 8ی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکان، ئاوارە و گرتووخانەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
بڕیارە رۆژی 10ی تشرینی یەکەم، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. نزیکەی 25 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. سێ هەزار و 242 کەس خۆیان بەربژێر کردووە و کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان، کە 83 کورسی بۆ کۆتای ژنانە و نۆ کورسیش بۆ کۆتای پێکهاتەکانی کریستیان، شەبەک، ئێزدی، سابیئە و کوردی فەیلییە.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:41

زیاتر لە 400 میدیاکاری بیانی رووماڵی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن

بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 400 میدیاکاری بیانی رووماڵی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن.
 
نیبراس ئەبوسۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "ژمارەی ئەو میدیاکار و راگەیاندنکارە بیانییانەی رووماڵی هەڵبژاردنی عێراق دەکەن، گەیشتووەتە 419 راگەیاندنکار و ژمارەشیان روو لە زیادبوونە".
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن راشیگەیاند، "بازنەی کاری میدیاکارە بیانییەکان، وەکو میدیاکارە نێوخۆییەکان فراوانە و دەتوانن لە هەموو شوێنێک رووماڵی هەڵبژاردنەکە بکەن".
 
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا، یەک ملیۆن و 570 هەزار و 77 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە و لە 595 بنکەی دەنگدان، دەنگ دەدەن.
 
هاوکات، 120 هەزار و 126 ئاوارە لە 86 بنکە و 309 وێستگەی دەنگدان مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ سەتان بەندکراو کە بە کەمتر لە پێنج ساڵ حوکم دراون.
 
لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، 1700 چاودێری بیانی لە زۆربەی بنکە و وێستگەکانی دەنگداندا چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن.
 
رۆژی 10ی تشرینی یەکەم سێ هەزار و 242 بەربژێر کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن، کە 83 کورسی بۆ کۆتای ژنانە و نۆ کورسیش بۆ کۆتای پێکهاتەکانی کریستیان، شەبەک، ئێزدی، سابیئە و کوردی فەیلی تەرخان کراون.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:30

کۆمیسیۆن: زیاتر لە 76 هەزار چاودێری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن

دەنگدانی تایبەت لە دهۆک- وێنە؛ ناسر عەلی
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لایەن هەزار و 700 چاودێری نێودەوڵەتی و 75 هەزار چاودێری نێوخۆییەوە چاودێری دەکرێت، دەشڵێت ژمارەی ئەو کەسانەی مافیان هەیە لە رۆژی هەینی 8/10/2021 بەشداریی دەنگدانی تایبەت بکەن ملیۆنێک و 76 هەزار و 398 دەنگدەرە.
 
حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق شەوی پێنجشەممە 7-10-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو رێکارە ئەمنی و لۆجستییەکان بۆ دەنگدانی تایبەت کە بڕیارە 8/10/2021 بەڕێوەبچێت، تەواوبوون و چاوەڕوێ دەکەین کە هەڵبژاردنێکی بێگەرد و بێ خەوش بێت، چونکە هیچ کەموکورتییەکمان نییە و 100٪ ئامادەین".
 
سەبارەت بەو کەسانەش کە دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەتدا بکەن، حەسەن سەلمان گوتی: "هێزە ئەمنییەکان دەتوانن دەنگبدەن کە ئەندامانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی بەرگریی، دەزگای دژەتیرۆر، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە؛ هەروەها ئاوارەکان و بەشێکی ئەو کەسانەی لە گرتووخانەکان کە بە کەمتر لە 5 ساڵ سزادراون".
 
لەبارەی ئامارەکانی ئەو کەسانەی مافیان هەیە کە رۆژی هەینی بەشداریی دەنگدانی تایبەت بکەن، حەسەن سەلمان گوتی: " ژمارەی هێزە ئەمنییەکان کە دەتوانن بەشداریی دەنگدانی تایبەت بکەن 1 ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەسە و 595 بنکەی دەنگدانیان بۆ تەرخانکراوە کە 2 هەزار و 584 وێستگەی دەنگدانییان تێدایە. هەروەها ئاوارەکان ژمارەیان 120 هەزار و 126 دەنگدەرە و 86 بنکەی دەنگدانیان بۆ تەرخانکراوە کە 309 وێستگەی دەنگدان دەبێت؛ سزادراوانی گرتووخانەکانیش کە 671 کەسن و 6 وێستگەی دەنگدانییان بۆ تەرخانکراوە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی، واست، موسەننا، میسان".
 
پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەسە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.
 
لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 3240 بەربژێر بەشدارن؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکی دیکەشیان بەربژێری 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسین؛ ئەو بەربژێرانەش رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان.
 
پێشتر ژمارەی بەربژێرەکان لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق 3249 بەربژێر بوو، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و کۆمیسیۆنیش حەوت بەربژێری بە تۆمەتی جیاجیا دوورخستەوە، تۆمەتەکانیش بریتین لە سەرپێچی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە، کڕینی کارتی دەنگدان.
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:28

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار دەنگدەری تایبەت هەن

دەنگدانی تایبەت لە هەولێر- وێنە؛ بڵند تاهیر- رووداو
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر  دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "هەموو رێوشوێنەکان بۆ دەنگدانێکی ئارام گیراونەتەبەر و هیوادارین زۆرترین کەس بەشداریی دەنگدانی تایبەت و گشتی بکەن".
 
حوسێن رەقیب، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:  "ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بکەن 225 هەزار و 851 کەسە؛ هەروەها ئاوارەکانیش کە ژمارەیان 105 هەزار و 754 دەنگدەرە دەتوانن دەنگبدەن،  لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە سزادراوان".
 
 ژمارەی ئەو بنکە و وێستگانەی بۆ دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراون 181 بنکەیە، 121 بنکەیان تایبەتن بە هێزە ئەمنییەکان کە لە 534 وێستگەی دەنگدان پێکدێن؛ ژمارەی بنکەکانی تایبەت بە دەنگدانی ئاوارەکان 60 بنکەن، کە لە 257 وێستگەی دەنگدان پێکدێن، لەگەڵ دوو وێستگەی دیکەی تایبەت بە سزادراوان لە دهۆک و سلێمانی.
 
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا هەر بنکەیەکی دەنگدان لەلایەن ئەفسەرێک و پێنج پۆلیسەوە دەپارێزرێت و دڵنیاییدا لەوەی" هەموو پێداویستیی ئەمنی و لۆجستی و سەرجەم رێکارەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی باش و بێگەرد تەواوبوون و ئومێددەکەین برایانمان لە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان قەرەباڵخی لە بەردەم بنکەکانی دەنگدا دروستنەکەن".
 
پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەسە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.
 
لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 3240 بەربژێر بەشدارن؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکی دیکەشیان بەربژێری 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسین؛ ئەو بەربژێرانەش رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق.
 
پێشتر ژمارەی بەربژێرە بەشدارەکان لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق 3249 بەربژێر بوو، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و کۆمیسیۆنیش شەشی دیکەی بە تۆمەتی جیاجیا دوورخستەوە، تۆمەتەکانیش بریتین لە سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکێشکردنی بڕوانامەی ساختە، کڕینی کارتی دەنگدان.
 
رۆژی پێنجشەممە 07-10-2021، حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن هەزار و 700 چاودێری نێودەوڵەتی و 75 هەزار چاودێری نێوخۆییەوە چاودێری دەکرێت. گوتیشی: "ژمارەی ئەو کەسانەی مافیان هەیە لە رۆژی هەینی 08-10-2021 بەشداری دەنگدانی تایبەت بکەن، ملیۆنێک و 76 هەزار و 398 کەسە.
 
 
 
دەنگدەرانی تایبەت بەپێی پارێزگاکان:
 
1- پارێزگای هەولێر:
 
‌‌ا- هێزە ئەمنییەکان: 
90 هەزار و 54 دەنگدەر
52 بنکەی دەنگدان
 214 وێستگە
 
ب- ئاوارەکان: 
25 هەزار و 200 دەنگدەر
20 بنکەی دەنگدان
 65 وێستگە
 
2- پارێزگای دهۆک
 
‌‌ا- هێزە ئەمنییەکان: 
51 هەزار و 22 دەنگدەر
28 بنکەی دەنگدان
122 وێستگە
 
ب-ئاوارە: 
69 هەزار و 439 دەنگدەر 
31 بنکەی دەنگدان
163 وێستگە
 
3-پارێزگای سلێمانی: 

 

 ‌‌ا- هێزە ئەمنییەکان: 
84 هەزار و 775 دەنگدەر 
41 بنکەی دەنگدان
198 وێستگە
 
ب-ئاوارە: 
11 هەزار و 115 کەس 
9 بنکەی دەنگدان
29 وێستگە

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:08

دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق

لە تەواوی عێراق، یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
 
کاژێر حەوتی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی ئەو دەنگدەرانەدا دەکرێتەوە کە لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدانەکەش تاوەکو کاژێر 6ی ئێوارە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبێت. 
 
لە دەنگدانی تایبەتدا، ئەو هێزانەی دەنگدەدەن بریتین لە هێزەکانی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ لە عێراق، جگە لە حەشدی شەعبی، هەروەها هێزەکانی سەر بە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان.
 
لە تەواوی عێراق، یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها لە زیندانەکاندا، 671 کەس ئەو مافەیان هەیە. ئەو ئاوارانەشی کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان هەیە، لە 17 پارێزگا دەنگ دەدەن و ژمارەیان 120 هەزار و 126 کەسە و زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن. 
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاسایشی هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش 250 هەزار کارمەندی ئەمنیی مەشق و راهێنانیان کردووە و ئامادەن بۆ سەرخستنی ئەم ئەزموونە. 
 
 
دەنگدانی تایبەت لە 595 ناوەندی دەنگدان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، کە 2584 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن. بەڕێوەدەچێت ئاوارەکان لە 86 ناوەندی دەنگدان دەنگدەدەن کە پێکهاتوون لە 309 وێستگەی دەنگدان. زیندانییەکانیش لە شەش بنکەی دەنگدان دەنگدەدەن، ئەوانەی هەرێمی کوردستان بریتین لە چاکسازی گەورانی هەولێر، دهۆک، چاکسازی گەورانی سلێمانی و چاکسازی ژنانی سلێمانی.
 
یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەرکی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، چاودێرانی نێودەوڵەتیی بە هاوئاهەنگیی کۆمیسیۆن لە سەرانسەری عێراق ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. 
 
نیبراس ئەبوسۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەڵێت: "چاودێران لە هەردوو رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا رووماڵی هەڵبژاردنەکان دەکەن و چاودێری پرۆسەکە دەکەن. هیچ ناوەند و وێستگەیەکی دیاریکراو دەستنیشان نەکراوە بۆ ئەوەی لیژنەی چاودێران سەردانی بکەن و چاودێری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بکەن. ئەوان خۆیان شوێن و ناوەند و وێستگەکان دەستنیشان دەکەن و خشتەکانیان بۆ کەس ئاشکرا ناکەن، بەهۆی ئەوەی ئازادی رەهای کارکردنیان هەیە. بێگومان کاری ئەم لیژنەیە بەهاوئاهەنگیی لیژنەیەکی تایبەتی کۆمیسیۆن دەبێت. تیمەکان لە هەردوو رۆژانی هەشت و 10ی ئۆکتۆبەر ئەرکدار دەبن. سەردانی ناوەند و وێستگەکانی هێزە سەربازییەکان، ئاوارەکان و گرتووخانەکان دەکەن". 
 
لە هەرێمی کوردستان، دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان لە 122 بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت، 52 لە هەولێر، 41 لە سلێمانی و 29 لە دهۆک.
لەو پارێزگایانەش بەشێکیان دەکەونە سنووری ناوچەی ماددەی 140، دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان لە 130 بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت. 38 لە نەینەوا، 37 لە دیالە، 30 لە سەڵاحەدین و 25 لە کەرکووک.
 
ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، لە 60 بنکەی دەنگدان دەنگدەدەن، 31 لە دهۆک، 20 لە هەولێر و 9 لە سلێمانی.
لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانیش ئاوارەکان لە 7 بنکەی دەنگدان دەنگدەدەن، 4 لە کەرکووک، 2 لە دیالە و 1 لە نەینەوا.
زیاتر بخوێنەوە