مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی هەنگ لە دێرسیم هەنگەڤانانی نیگەرانکردووە

08-10-2018 1 کۆمێنتەکان
هەوار ئیسماعیل
نزیکەی 50%ـی هەنگەکانیان مرداربوونەتەوە
نزیکەی 50%ـی هەنگەکانیان مرداربوونەتەوە
نیشانەکردن هەنگ مێرسین
A+ A-

رووداو-دێرسیم

لە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان، دیاردەی مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی هەنگ هەنگەڤانانی نیگەرانکردووە. بەمەبەستی دەستنیشانکردنی هۆکاری مرداربوونەوەی بەکۆمەڵی ئەو هەنگانە، کەسانی پسپۆڕ لە چەندین زانکۆی تورکیا و باکووری کوردستان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.


هەنگەڤانانی دێرسیم لە بەرامبەر مرداربوونەوەی هەنگەکانیان بێچارەن و ئاماژە بەوە دەدەن کە لەساڵانی رابردووش دیاردەی مرداربوونەوەی هەنگ هەبووە، بەڵام بەمجۆرە ژمارەی هەنگەکان کەمنەبووەتەوە و مرداربوونەوەشیان بەو رێژە بەرزە نەبووە. 

هەنگەڤانەکان نیگەرانن و دەڵێن، نزیکەی 50%ـی هەنگەکانیان مرداربوونەتەوە، هەر بۆیە داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هۆکاری مرداربوونەوەی هەنگەکانیان دەکەن. 

پاش زیادبوونی سکاڵاکان لەلایەن هەنگەڤانانەوە، شاندێكی پسپۆڕ لە زانکۆکانی ئڵوداغ، گومگوم، هاتای، چەولیگ و سەرۆکی گشتی یەکێتی هەنگەڤانانی تورکیا ناوچەکەیان بەسەرکردەوە و لێکۆڵینەوەیان ئەنجامدا. سەرۆکی یەکێتی هەنگەڤانانی دێرسیم کە لە هەمانکاتدا بریکاری سەرۆکی یەکێتی هەنگەڤانانی تورکیایە دەڵێ، چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوکانن. 

کازم دۆغان، بریکاری سەرۆکی یەکێتی هەنگەڤانانی تورکیا رایگەیاند: "ئێمە لەسەر ئەو سکاڵایانەی لە یەکێتییەکەمان تۆمارکران، لە پارێزگاکانی خەرپێت، مەلەتی، چەولیگ و دێرسیم لەگەڵ مامۆستاکانمان لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیمان ئەنجامدا. ئەوەی لە لێکۆڵینەوە مەیدانییەکەدا بەرچاومان کەوت بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشییەکە کە پێی دەگوترێت ڤارۆڤا و نۆسەما لەنێو مێشهەنگەکاندا کە ئەمە پەیوەندی بە وەرزەوە هەیە. بێگومان ئەنجامە زانستییەکەی لەلایەن مامۆستاکانمانەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت. هەروەها بەشێک لە هەنگەڤانان بەبێ مۆڵەت دەرمانیان بەکارهێناوە".  

لە دێرسیم بەهۆی دەوڵەمەندی سرووشت و زۆری جۆرەکانی رووەکەوە 600 هەنگەڤان لە 66 هەزار و 221 شانە هەنگ دا هەنگەڤانی دەکەن، لەکاتێكدا هەنگەڤانان ئامادەکاری وەرزی زستان دەکەن، مرداربوونەوەی بەشێكی زۆر لە مێشهەنگەکان، نیگەرانی کردوون.    

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 
  • 08-10-2018
    برایم جەهانگیری
    لە کوێ بیستراوە هەنگ مرادر بێتەوە، راستە باڵی هەیە بەلام خۆ چەقۆی لەسەر نیە؟ هەنگ نا مێش هەنگوین دەمرێ مندار نابیتەوە.