گەڕەكێكی كوردنشینی حەلەب بە مووشەكی فیل بۆردوومان كرا

رووداو- هەولێر

چەكدارانی تووندئاژۆ بە مووشەكی فیل گەڕەكی شێخ مەقسوودیان لە شاری حەلەب بۆردوومان كرد، بەوهۆیەوە 3 هاونیشتمانی كورد گیانیان لەدەستدا و 4ی دیكەش برینداربوون.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 8-10-2016، چەكدارانی تووندئاژۆ لە سووریا بە مووشەكی فیل شارۆچكەی كەفەر حەمرا لە باكووری رۆژئاوای شاری حەلەب و گەڕەكی شێخ مەقسوودی كوردنشینیان بۆردوومان كرد، لە ئەنجامدا 3 هاونیشتمانی كورد گیانیان لەدەستدا و 4ی دیكەش بە سەختی برینداربوون.

بەپێی پسپۆڕانی سەربازی، مووشەكی فیل درێژییەكەی لەنێوان 3 - 6 مەتر دایە و تیرەكەی 50 سانتیمەترە، لە بنەڕەتدا مووشەكی گرادە، بەڵام هەندێك گۆڕانکاری بەسەردا هێنراوە. لەنێو مووشەكی فیلدا ماددەی تەقەمەنی و ماددەی كیمایی هەیە، قورسی ئەم مووشەكە 400 بۆ 800 كیلۆیە و دووری 4 كیلۆمەتر دەبڕێت.

بەپێی میدیاكانی نزیك لە یەپەگە، مووشەكی فیل یەكەمجار لەلایەن چەكدارانی ئەحرار ئەلشام دروستكراوە و لەكاتی تەقاندنی دەنگێكی وەك دەنگی فیلی لێوە دێت، بۆیە بەناوی فیل ناسراوە. مووشەكی فیل بە ئەندازەی 4 بەرمیلە تەقەمەنییەكانە كە هێزەكانی بەشار ئەسەد لە بۆردوومانكردنی گەڕەكە مەدەنییەكاندا بەكاریدێنن.