تورکمانێکی شیعە دەکرێتە یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک
رووداو دیجیتاڵ
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کەسایەتییەکی تورکمانی شیعە مەزهەب بە یاریدەدەری خۆی دیاری کرد. راوێژکارێکی پارێزگار دەڵێت، هێشتا دەستبەکارنەبووە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک رۆژی 05-09-2024 بە نووسراوێک پاڵپشت بە یاسای پارێزگاکان ژمارە 21ی 2008ی هەموارکراو، جەعفەر عەباس کەریم-ی راسپارد وەک یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی.
جەعفەر عەباس کەریم، کەسایەتییەکی تورکمانی شیعە مەزهەبە، مامۆستایە لە پەیمانگای تەکنیکیی کەرکووک.
خەبات ئەسعەد، راوێژکاری پارێزگاری کەرکووک، رۆژی یەکشەممە 8-9-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمیر سن لە پۆستی یاریدەدەری پارێزگار لابراوە لە شوێنی ئەودا جەعفەر عەباس کەریم راسپێردراوە وەک یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی.
راوێژکاری پارێزگای کەرکووک گوتی، جەعفەر عەباس کەریم کەسایەتییەکی تورکمانی شیعە مەزهەبە و نزیکە لە غەریب عەسکەر. هێشتا بە فەرمی دەستبەکار نەبووە. ئەمیر سن ـیش دەست لەکارهەڵگرتنی نەکردووە.
غەریب عەسکەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، سەر بە رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتیی هادی عامری.
تورکمانە شیعەکانی کەرکووک بە لیستی کەرکووکنا بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردبوو، بەڵام هیچ کورسییەکی ئەنجوومەنەکەیان بەدەست نەهێنا.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە. تاوەکو ئێستا سێ ئەندامی عەرەبی و دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراقی بایکۆتی کۆبوونەوەکەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە، چاوەڕێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەکەن لەبارەی دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا.