ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدان

رووداو دیجیتاڵ 

شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لەکۆبوونەوەدان.
 
شایستەی دارایی و بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی مافە دەستوورییەکان بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکانن.
 
کۆبوونەوەكانی هەردوو ئەنجوومەن لە هەولێر دوو رۆژ دەخایەنن، تێیاندا گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا "بەپێی دەستوور" دەکرێت.
 
شاندەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بە بەشداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقە، کە ئێوارەی دوێنێ (7-9-2024) گەیشتنە هەولێر.
 
وەزارەتی دارایی عێراق شەوی رابردوو رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکە "بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنە لە بوارەکانی ئابووری و دارایی"، هەروەها "چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە بەجۆرێک خزمەت بە گەلی عێراق بکەن."