وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریی هاوپەیمانان گەیشت و سبەی دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، هاوکاریی دارایی مانگی ئابی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-9-2024)ـی وەزارەتی پێشمەرگە، "دوای رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان، رۆژی دووشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2024 دەست بە دابەشکردنی هاوکارییە داراییەکەی هاوپەیمانان دەکرێت."
 
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
 
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش وەک هاوکاریکردنی لیوا هاوبەشەکان. 
 
بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لەو هاوکاریانە بێبەشکراون. رۆژی چوارشەممە 4-9-2024 وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا روونکردنەوەی لەبارەی ''گرفتی پێنەدانی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە."
 
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "ئەم گرفتە هیچ پەیوەندیێکی بە بڕیارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە شێوازی کارکردن و پێدانی هاوکاریی هاوپەیمانان بە یەکە سەربازییەکان."
 
لە روونکردنەوەکەدا هەروەها هاتبوو"گرفتی ئەم یەکە سەربازییانەش، پەیوەستە بە هەبوونی رۆتینێکی ئەمنیی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەم بارەیەشەوە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی پێویستی ناوە و کاری جدی لەسەر کردووە."
 
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ چاوەڕوانی بڕیاری هاوپەیمانان دەکەن بۆ رێکخستنەوە و چۆنیێتیی دابەشکردنی هاوکاریەکانیان بۆ یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.