لێبووردنی تایبەت بۆ بەشێک لە زیندانییانی هەرێمی کوردستان دەردەچێت
رووداو دیجیتاڵ
لێبووردنی تایبەت بۆ بەشێک لە زیندانییانی هەرێمی کوردستان دەردەچێت، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیستێک رەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە.
ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە (08-09-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لێبووردنی تایبەت بۆ ئەو زیندانیانە دەردەچێت، کە نەخۆشیی قورسی وەک شێرپەنجەیان هەیە، جەڵتە لێی داون، یان تەمەنیان زۆرە.
ئیحسان عەبدولرەحمان گوتی "هەندێک لە زیندانییەکان کە توانای جوڵەیان نەماوە، باشترە ئازاد بکرێن، ئەو بارگرانییەش لەسەر زیندانییەکان کەم دەبێتەوە."
بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی ئاسایش، وەزارەتی داد، تەندروستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێکهێنراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیژنەیەکی پسپۆر پشکنین بۆ زیندانیان دەکات و، بڕیار دەدات ئەو زیندانییە شایستەی ئەوەیە لێبووردنەکە بگیرێتەوە، یان نا.
لە هەرێمی کوردستان شەش ناوەندی چاکسازیی هەن، کە 5545 بەندکراویان تێدایە.
ئیحسان عەبدولرەحمان، گوتی، نزیکەی 10 رۆژە لیستێکی زیندانییان رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەربچێت و بڕیارە لیستی دیکەش ئامادە بکرێت و رەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەبارەت بە لێبووردنی گشتیی، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، لێبووردنی گشتی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە نەوەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتیی لە پەرلەمانە، دوای هەڵبژاردن و کارابوونەوەی پەرلەمان، پرۆژەکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.