رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "لەسەر فەرمانى مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، هاوکاریی دارایی بەسەر زیانلێکەوتووەکانی بازاڕی قەیسەریدا دابەش کرا."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی ئەیلوولی 2024 لە رێورەسمێکدا هاوکاریی دارایی بەسەر زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەری هەولێر دابەش کرا. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "پڕۆسەى نۆژەنکردنەوەى بازاڕى قەیسەرى بە باشى کارى تێدا دەکرێت و هیوادارین لە زووترین کاتدا کارەکان کۆتاییان بێت، قەیسەرى بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی و کاسبکارانیش بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەتى خۆیان."
بڕی هاوکارییەکەی حکومەت دوو بۆ 20 ملیۆن دینار بووە بۆ هەر زیانبەرکەوتوویەک.
زوهێر توتنچی، نوێنەری دووکاندارە زیانلێکەوتووەکانی بازاڕی قەیسەری، بە رووداوی گوت، "بڕی قەرەبووەکە بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنانە بووە کە حکومەت بۆ زیانی دووکانەکانی بازاڕەکەی کردووە، دووکاندارانیش دڵخۆش بوون بەو قەرەبووە."
گوتیشی، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراقیش بێنە هەولێر و خەمڵاندنی خۆیان بۆ بڕی زیانەکانی بازاڕەکە بکەن، ئەگەری زۆرە حکومەتی عێراقیش قەرەبوویەکی باشی دووکانداران بکاتەوە."
ئومێد خۆشناو دەڵێت، "دواى تەواوکردنى ئەو هاوکارییەش، دەست دەکرێت بە هاوکاریکردنى دووكاندارانی بازاڕەكانی لەنگە و شێخەڵڵا كە دووكانیان سووتابوو، دوو ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، سەرەڕای ئەوەی ئەوانیش هاوشێوەی دووکاندارانی بازاڕی قەیسەری، بۆ ماوەی ساڵێك لە باج، پارەی ئاو، كارەبا، تابلۆ و خاشاك بەخشراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ