رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی هەرێمی كوردستان ترسیان لە شێرپەنجە زیاترە، لە كاتێكدا بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی، هۆكاری پێنجەمی مردنە؛ هۆكاری یەكەمی مردنیش لە جیهان و كوردستانیش گیرانی دەماری دڵە. لەم بەرنامەیەدا پزیشكێكی نەشتەرگەریی دڵ، چەندین زانیاری لەبارەی دڵ باس دەكات، لە دڵدارییەوە تاوەكو هۆكاری گیرانی دەماری دڵ و نەشتەرگەریكردنیش بۆ دڵ، وەكو خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، "مامەڵەكردنە لەگەڵ دوو بۆ سێ ملیمی بۆرییەك."
پێشتر زیاتر بەتەمەنەكان كێشە بۆ بۆریی دڵیان دروست دەبوو، ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە و لەنێو گەنجانیش زیادیان كردووە، ئەوەش بەپێی دانپێدانانی ئەو پزیشكەی دڵ كە لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) میوانی سەرەكی بوو. چۆن ژیان بكەین؟
چی بخۆین و چەند ژەم خواردن پێویستە؟ جووڵەی رۆژانەمان چۆن بێت؟ كەی بخەوین تاوەكو بەدووربین لە نەخۆشییەكانی گیرانی دەماری دڵ؟ لەم بەرنامەیەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکە دراوەتەوە. ئەوەی لە بەشێكی بەرنامەكەدا زیاتر جێگای سەرنج بوو، پرسیاری قوتابییەكی بەشە پزیشكییەكان بوو، كاتێك پرسی، "ئایا بۆچی دڵ تووشی شێرپەنجە نابێت؟"
دڵداری پەیوەندیی بە مێشكەوە هەیە یان دڵ؟
هەرچەندە پسپۆڕییەكەی نەشتەرگەری گشتیی دڵە، بەڵام رەنج سەنگاوی، پێشكێشكار پرسیاری سۆزداریی لەبارەی دڵیشەوە لە دکتۆر زانا بابان، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتیی دڵ كرد، کە ئایا دڵ كە بووەتە لۆگۆی خۆشەویستی چ پەیوەندییەكی بە ئەویندارییەوە هەیە؟ ئەو پزیشکە وەڵامی ئەوە بوو، كە دڵداری پەیوەندیی بە مێشكەوە هەیە نەك دڵ، جەختی لەوەش كردەوە كە دڵ زیاتر وەكو تروومپایەك كار دەكات، "راستە لەكاتی هەستێكی سۆزداریدا گۆڕانكاری بەسەر لێدانی دڵدا دێت، ئەوەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە، رێی تێدەچێت دڵ میمۆرییەكی هەست و سۆزی هەبێت، بەڵام هەموو سۆز و خۆشەویستییەك سەرەتا لە مێشكەوەیە."
دكتۆر زانا بابان ئەوە ناشارێتەوە كە لەكاتی ئەوینداریدا خەڵكی زیاتر هەست بە گۆڕانكارییەكانی نێو سنگیان دەكەن نەك مێشكیان، لەگەڵ ئەوەش دا گوتی، "ئەوانەی دڵیان بۆ چێندراوە، هەست بەوە كراوە، كە گۆڕانكاری بەسەر حەز و هەستەكانیاندا هاتووە."
مامەڵەكردن لەگەڵ دوو بۆ سێ ملیمی بۆرییەك
"راستەوخۆ دەستم بەر هەزاران دڵ كەوتووە، كە نەشتەرگەری بۆ دڵێك دەكەم هەست دەكەم لەنێو ناوەڕاستی ژیانی ئەو مرۆڤەدام،" دكتۆر زانا بابان، ئەو قسانەشی لە بەرنامەكەدا كرد و ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک نەشتەرگەرییەكی دڵ دەكات مامەڵە لەگەڵ دوو بۆ سێ ملیمی بۆرییەك دەكات، بۆیە بچووکترین هەڵە نابێت رووبدات، "راستە دڵ پەمپێكە، بەڵام پەمپێكی سادە و ساكار نییە، جار هەبووە بۆ نەشتەرگەرییەكی دڵ 8 بۆ 10 كاژێرم پێویست بووە."
دكتۆر زانا بابان باسی لەوە کرد، لە كوردستان و جیهانیشدا هۆكاری یەكەمی مردن گیرانی دەماری دڵە. هەر بەپێی قسەی ئەو پزیشكە، هۆكارێكی گیرانی دەماری دڵ، بۆماوەییە. ئەو گوتیشی، "زیادبوونی تەمەن و شێوازی ژیانكردنیش كاریگەریی لەسەر گیرانی دەماری دڵ هەیە."
وەکو ئەو پزیشكە باسی لێوەکرد، قەڵەوی هۆكارێكە بۆ زیادبوونی نەخۆشیی دڵ، بۆیە هانی خەڵكی دەدات خۆیان بەدوور بگرن لە قەڵەوی. ئەو دەشڵێت، "دەبێت ئەوەش بزانین، هۆشیاریی تەندروستیی خەڵكیش زیادی كردووە، ئەو هەموو هۆڵی وەرزشكردنە كە هەیە، بەڵگەی ئەوەیە كە خەڵكێكی زۆر گرنگی بە وەرزش و تەندروستی دەدەن."
نەخۆشییەكە لەنێو گەنجانیش زیادیكردووە
دكتۆر زانا بابان جەخت لەوە دەكاتەوە، كەسێك كە كێشەی دڵی هەبێت، مەرج نییە نیشانەكانی تێدا دەربكەوێت، بۆیە پشكنین بۆ نەخۆشییەكانی دڵ ماوە ماوە بە پێویست دەزانێت. ئەو روونیدەكاتەوە، پێشتر بەزۆری تەمەنەكانی 50 و 60 ساڵی دووچاری گیرانی دەماری دڵ دەبوون، بەڵام ئێستا لەنێو گەنجانیش هەست بە زیادبوونی ئەو نەخۆشییە دەكرێت، "نەشتەرگەریی گیرانی دەماری دڵمان بۆ تەمەنی 28 ساڵی كردووە، كە ئەمە پێشتر كەم بووە."
لەبارەی هۆكاری جەڵدەی دڵ لە تەمەنێكی گەنجدا ئەوەی خستەڕوو، زیاتر هۆكارەكەی (بۆماوەیی)یە. سەبارەت بە نیشانەكانی نەخۆشیی دڵ، ئەو پزیشكە باسی لەوە كرد، ئەگەر ناوەڕاستی سنگ ژانی هەبوو، ئەوا ئەگەری زۆرە كێشە لە دەماری دڵدا هەبێت، واتە تەسكبوونەوەی دەماری دڵ، هاوكات هەستكردن بە زیادبوون یان كەمبوونی ترپەی دڵ نیشانەیەكی گیرانی دەماری دڵە، "دەبێت زانیاریی ئەوەشمان هەبێت کە زۆر لێدان و خاوبوونەوەی لێدانی دڵ، بە پلەی یەكەم پەیوەندیی بە كارەبای دڵەوە هەیە."
"قاچ و دەستیش جەڵتە لێیدەدات"
هەر بەپێی زانیارییەكانی دكتۆر زانا بابان، دەگونجێت قاچ و دەستیش جەڵتە لێیان بدات، "هەركاتێك دەماری خوێن گیرا، واتە جەڵتە لەو شوێنەی داوە."
بوونی فریاگوزاریی سەرەتای بۆ كەسێك جەڵتە لێی بدات، تاوەكو گەیاندنی بە نەخۆشخانە، كارێكی پێویستە، بەتایبەت دەبێت 30 جار بە دەست مەساجی دڵی نەخۆشەكە بكرێت لە بەرنامەكەدا بە كرداری باسی لە چۆنێتی كردنی ئەو مەساجە كرد؛ سەبارەت بە چاندنەوەی دڵ بۆ نەخۆشێكی دڵ، ئەو پزیشكە ئەوەی خستەڕوو، تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەو كارە نەكراوە، بەڵام لە لوبنان چاندنەوەی دڵ كراوە و سەركەوتووش بووە.
سەبارەت بە خۆبەدوورگرتن لە نەخۆشیی گیرانی دەماری دڵ، وەكو ئەو پزیشكە روونیدەكاتەوە، دەیەها رێگە هەن، جگە لە خواردنی تەندروست و وەرزشكردن و خۆبەدوورگرتن لە كێشانی جگەرە، رێكخستنەوەی كاتەكانی خەو، جووڵەی رۆژانە و شێوازی ژیانكردنیش كاریگەریی خۆی هەیە، "كە نەخۆشێكی دڵمان بۆ دێت، یەكسەر دەزانین شێوازی ژیانكردنی تەندروست نەبووە، بەتایبەت رێكخستنەوەی كاتەكانی خەو زۆر پێویستە، چونكە خەو وادەكات ئەندامەكانی جەستە خۆیان نوێ بكەنەوە."
ئایا دڵ تووشی شێرپەنجە دەبێت؟
"بۆچی دڵ تووشی شێرپەنجە نابێت؟" ئەوە پرسیاری خوێندكارێكی بەشە پزیشكییەكانی زانكۆی هەولێری پزیشكییە، كە لە بەشێكی بەرنامەكەدا كردی، وەڵامی دكتۆر زانا بابان بۆ ئەو قوتابییە ئەوە بوو، دڵیش تووشی شێرپەنجە دەبێت، بەڵام بە كەمی "ئەوەش بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە."
هەروەك دكتۆر زانا باسی دەكات، پێش ساڵی 2007 نەشتەرگەریی دڵ لە كوردستاندا نەكراوە، بەڵام ئێستا رۆژانە 15 بۆ 20 نەشتەرگەریی دڵ دەكرێت، "سەركەوتنی ئێمە ئەوەیە، نەخۆش نەگاتە نەشتەرگەریكردن، ئەوە سەركەوتن نییە من و هاوڕێكانم زۆرترین نەشتەرگەری بكەین."
دكتۆر زانا بابان ئەوەش دەخاتەڕوو، دڵەڕاوكێ و هەستی ناخۆش كاریگەریی لەسەر رەقبوونی دەماری دڵ هەیە، بۆیە دەڵێت، "دەبێت رق و كینە كەم بكەینەوە، تاوەكو دڵەڕاوكێ كەم ببێتەوە، ئەوكاتە نەخۆشیش كەم دەبێتەوە."
سەبارەت بەوەش، کە ئایا لە نەخۆشخانەكانی دڵ خواردنی تایبەت دەدرێتە نەخۆشەكان، بە جۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ جۆری نەخۆشییەكەی ئەو نەخۆشە، دكتۆر زانا باسی لەوە کرد، لە سەنتەری دڵ خواردنی نەخۆش جیاوازترە لە خواردنی ئاسایی؛ بەڵام وەڵامی ئەوەی لەلا نییە داخۆ خواردنەكە چەند بە زانستی دەدرێتە نەخۆشەكە.
ئەو پزیشكە ئامۆژگاریی نەخۆشانی دڵ و سەرجەم خەڵكیش دەكات خۆیان بەدوور بگرن لە كێشانی جگەرە و ڤەیپیش، چونكە كاریگەریی راستەوخۆ لەسەر دڵ بەجێدەهێڵێت، "بڕیاری قەدەخەكردنی ڤەیپ لە هەولێر كارێكی باش بوو، هیوادارم رۆژێك بێت كێشانی جگەرە لە شوێنە داخراوەكاندا بە تەواوەتی قەدەخە بكرێت". لە كۆتایی قسەكانیشی ئەو پزیشكە جەختی لەوە كردەوە، بوونی سەوزە و میوە لە ژەمەكانی خواردندا زۆر پێویستە، بەتایبەت بۆ كەسێك كە نەخۆشییەكانی دڵی هەبێت.
شەوان كاژێر چەند بخەوین؟ جەلیی خەو باشە؟
دكتۆر ئەحمەد دزەیی، هەڵگری بڕوانامەی بۆردی دكتۆرا لە خۆراكی كلینیكی، وەكو تاكە پزیشكی خۆراك لە بەرنامەكەدا ئامادە بوو، ئەوەی خستەڕوو کە 90%ی هۆكاری گیرانی بۆریی دڵ پەیوەندیی بە شێوازی ژیانكردنی مرۆڤەكانەوە هەیە، كە بە گوتەی ئەو، زۆربەی خەڵكی هەرێمی كوردستان گرنگیی شێوازی ژیانكردنی باش نازانن و مافی خۆیان نەداوەتێ. بەپێی زانیارییەكانی ئەو پزیشكە، ژیانكردنی باش بە پلەی یەكەم پەیوەندیی بە رێكخستنی كاتەكانی خەوەوە هەیە، "ئەگەر كەسێك چواری بەیانی بخەوێت و یەكی دوای نیوەڕۆ هەڵبستێت، لە خەو، هەموو شتێكی لەشی تێكدەچێت، واتە ناڕێكیی خەو كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەموو ئەندامەكانی جەستە هەیە."
لەبارەی چۆنێتی رێكخستنی كاتەكانی خەو، دكتۆر ئەحمەد دزەیی ئەوەی روونكردەوە، باشترین شت ئەوەیە کە مرۆڤ لە كاتی تاریكبوونی شەو بخەوێت و لەگەڵ خۆرهەڵهاتن بەخەبەر بێت، واتە شەوان كاژێر 10:00 بۆ 11:00 بخەوێت، بەیانیانیش زوو لە خەو هەڵسێت، ئەو پزیشكە نموونە لەسەر خۆی دەهێنێتەوە كە 80% بۆ 90%ی شەوان پێش كاژێر 12:00ی شەو خەوتووە. ئەو گوتیشی، "ئێستا بەشێك لە گەنجان تاوەكو سێ بۆ چواری بەرەبەیان لە كافتریا دەمێننەوە، ئیدی چۆن هەموو ژیانیان تێكناچێت؟!"
سەبارەت بەوەش بەشێك لە خەڵكی بۆ رێكخستنەوەی كاتەكانی خەویان بە ناچاری پەنا بۆ جەلیی خەو دەبن، دكتۆر ئەحمەد گوتی، "من وەكو خۆم پشتگیریی خواردنی جەلیی خەو ناكەم."
"لە نەخۆشخانە تووشی بەدخۆراكی بووە"
دوای خەوتنێكی باش، جووڵەی رۆژانە و وەرزشكردن باشترین دەرمانن بۆ خۆدوورگرتن لە نەخۆشییەكان، ئەوەش بۆچوونی دكتۆر ئەحمەد دزەیی بوو.
دكتۆر ئەحمەد خەفەت بۆ ئەوەش دەخوات كە بە شێوەیەكی گشتی جووڵەی رۆژانەی خەڵكی زۆر كەم بووەتەوە، "وەكو وەرزش كەم دەكەین جووڵەی رۆژانەشمان زۆر كەم بووتەوە". بەتایبەت رووی رەخنەی لە گەنجان بوو، كە ماوەیەكی زۆر لە كافتریاكان بێكار دەمێننەوە و لەبارەیانەوە دەڵێت، "بەشێك لە گەنجان نەك هەر لە كافتریا دەمێننەوە، بەڵكو نێرگەلەش دەكێشن و خواردنی خێراش دەخۆن، كە هەمووی خراپە".
ئەو پزیشکە پێشنیازی ئەوە دەكات، هەموو نەخۆشێك كە لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێت، دەبێت قورساییەکەی بكێشرێت تاوەكو روون بێت لە نەخۆشخانە كێشی زیادی كردووە یان كەم، یاخود خواردنی چۆن بووە، "نەخۆش هەیە 30 رۆژ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، دواتر تووشی بەدخۆراكی بووە، بەدخۆراكی واتە زۆر خواردن و كەم خواردنیش هەردووكی دەگرێتەوە،" هەربۆیە بە پێویستی دەزانێت لە نەخۆشخانەكانی كوردستان بەشی تایبەت بە خواردنی نەخۆش بكرێتەوە، "دەبێت خواردنی نەخۆش بەپێی كێش و باڵای نەخۆشەكە دابندرێت، نەك ب ەشێوەی هەڕەمەكی."
"دەبێت سێ ژەم نان بخورێت و نەخواردنی برنج ونان تەندروست نییە"
دكتۆر ئەحمەد دزەیی كە تاكە پزیشكە لە كوردستاندا پسپۆڕییەكەی لە كلینیكی خواردندا هەیە، جەخت لەوە دەكاتەوە، دەبێت مرۆڤ لە 24 كاژێردا سێ ژەمی تەندروست نان بخوات و لەنێوان ئەو سێ ژەمەشدا شتێك بخوات، کە باشترە میوە بێت. ئەو پزیشکە لەوەش تووڕەیە كە خەڵكانێك هەن پزیشك نین و زانیاریی هەڵە لەسەر خۆراك دەدەنە خەڵكی، "نان نەخواردن و برنج نەخواردن لە زانستی پزیشكیدا نییە، بەڕاستی كۆمەڵێك كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەخۆیانەوە زانیاریی نادروست لەسەر خواردن دەدەن."
دكتۆر ئەحمەد جەخت لەوە دەكاتەوە، هەموو نەخۆشێك دەبێت خواردنی جیاوازی هەبێت، "رەنگە خواردنەكەی سەنتەری دڵ چەور نەبێت و خوێی كەم بێت، بەڵام ئەوە هەموو شتێك نییە، ئەگەر مرۆڤێك رۆژانە پێویستی بە 100 كالۆری بێت، دەبێت 45% بۆ 65% بەكاربێت، بەڵام ئایا لە نەخۆشخانەكانی كوردستان ئەوە لەبەرچاو دەگیرێت؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر. هەر بە نموونە، كەسێك كە نەخۆشیی هەناسەدانی هەبێت، دەبێت خواردنێكی جیاوازی هەبێت."
ئەو پزیشکە پسپۆڕە پشتگیریی ئەوە دەكات، بۆ تەندروستییەكی باش، پێویستە مرۆڤ ئاو زۆر بخواتەوە، "ئەوەی تێبینیم كردووە، ئافرەتان كەمتر لە پیاوان ئاو دەخۆنەوە، بەڕاستی تاوەكو ئێستا هۆكارەكی نازانم چییە." لە كۆتایی قسەكانیدا، ئەو پزیشكە رێنوێنیی ئەوەی دا، پێویستە خەڵكی خۆیان بەدووربگرن لە خواردنە لەقوتوونراوەكان.
"منداڵ گەورەترین قوربانییە"
دکتۆر سەنگەر محەممەد، سەرۆكی بەشی تەندروستیی گشتی لە زانكۆی هەولێری پزیشكی، وەكو میوانێكی دیكەی بەرنامەكە، ئەوەی خستەڕوو، لەدوای ساڵانی پەتای كۆرۆنا، شێوازی ژیانكردن گۆڕانكاریی ریشەیی تێیدا روویداوە، "لەدوای كۆرۆناوە كاتی خەوتن گۆڕانكاریی زۆر بەسەردا هات، لەو گۆڕانكارییانەش، منداڵ گەورەترین قوربانییە، چونكە وەكو ئەندامەكانی دیكەی خێزانەكەی درەنگ دەخەوێت، هەتا لە راپرسییەكدا كە لەدوای كۆرۆنا كرابوو، هۆكاری درەنگ خەوتنیان پرسی بوو، هەموو وەڵامەكان بۆ ئاوەدانی و رووناكیی ماڵ گەڕاندبوەوە. دیارە تێكچوونی خەویش هۆكاری نەك نەخۆشیی دڵ، بەڵكو دەیان نەخۆشییە". ئەو پزیشکە ئەوە ناشارێتەوە كە نموونەی جوانی خێزانیش هەیە كە بە زوویی خۆیان و منداڵەكانیان دەخەون.
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوە دا، چەند ساڵێكە لە كۆلێژی پزیشكی بەشی تەندروستیی گشتی و خۆراكزانی كراوەتەوە، "رەزامەندی وەرگیراوە لە چەند نەخۆشخانەیەك هۆبەی خۆراكی بكرێتەوە، ئەو كاتە نەخۆشەكانیش بەپێی نەخۆشییەكەیان خۆراكیان پێدەدرێت."
"ئامارەكان نابنە هۆی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون"
دکتۆر باواجی كەریم، راهێندراوی بۆردی كارگێڕیی تەندروستی، وەكو میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو، لە كاتێكدا كە هۆكاری یەكەمی مردن لە كوردستاندا گیرانی دەماری دڵە، بەڵام ئەو ئامارانە نابنە هۆكاری لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، ئەوەش "گرفتێكی گەورەیە لە كوردستان."
راهێندراوەكەی بۆردی كارگێڕیی تەندروستی باسی لەوەش كرد، گرفتێكی نەخۆشانی دڵ، كەمی دەرمانی چارەسەرە، "بەشێك لە دەرمانخانەكان ئەوە دەدەن نەخۆش كە خۆیان حەز دەكەن بیفرۆشن، یاخود بە ئارەزووی خۆیان نرخ دیاری دەكەن، لە كاتێكدا لە زۆربەی وڵاتان نرخی دەرمان رێكخراوە."
بە بڕوای دکتۆر باواجی كەریم، نەك دەرمان، بەڵكو دەبێت رێكخستنەوەیەك بۆ نرخی نەشتەرگەرییەكانیش بكرێت، چونكە نرخیان جیاوازە.
دکتۆر باواجی بە پێویستیشی دەزانێت هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و ناوەندەكانی توێژینەوە هەبێت، "پێویستە توێژینەوەكانی دكتۆرا و ماستەریش لەسەر بنەمای پێویستی بێت، نەك وەكو ئێستا کە بەشێكی لەسەر بنەمای برادەرایەتییە." ئەو پزیشکە داوا لە خەڵكیش دەكات، هەر شەش مانگ جارێك یان زیاتریش، پشكنینێكی گشتیی خۆیان بکەن، چونكە مەرج نییە كەسێك كە نەخۆش بێت نیشانەكانی نەخۆشیی تێدا دەركەوتبێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا دکتۆر باواجی بە ئەركی بنكە تەندروستییەكانی زانی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بۆ زیادبوونی هەر جۆرە نەخۆشییەك بكەن، "كاری بنكە تەندروستییەكان تەنیا پێدانی حەب نییە، بەڵکو هەشت كاری سەرەكییان هەیە، بەڵام بەداخەوە وەكو پێویست بە ئەركەكانی خۆیان هەڵناستن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ