دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

 
رووداو دیجیتاڵ 

19 رۆژ دوای بێسەروشوێنبوونی، تەرمی نارین گورانی هەشت ساڵان لە ئامەدی باکووری کوردستان دۆزرایەوە. پارێزگاری ئامەد دەڵێت کوژراوە و لە لێواری ئاوێک بە بەرد و دار شاردراوەتەوە. باوک و برای نارین لەسەر رووداوەکە دەستگیر کراون. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، ئەو شوێنەیە کە تەرمی نارینی تەمەن هەشت ساڵانی لێ دۆزرایەوە. 
 
لەدوای دۆزینەوەی تەرمی نارین، پارێزگاری ئامەد چووە بەردەم رۆژنامەڤانان و هەواڵەکەی بە جیهان راگەیاند. 
 
مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."
 
تەرمی نارین گوران بۆ دادپزیشکی ئامەد گوێزرایەوە. بۆ ماوەی چەندین کاژێر لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن چۆن و بە چ شێوەیەک کوژراوە. پارێزەرانی بارۆی ئامەد لە بەردەم دامەزراوەکە ئامادەبوون. 
 
گەوریا ئاتلی، سەرۆکی بارۆی ئامەد، لەو بارەیەوە گوتی: "ئەمە چۆن دەبێت؟ لەکاتێکدا هەموو کەسێک لە گوندەکە بوون، سەربازەکان لەوێ بوون. دەیانگوت بە ئامڕازەکانمان لە سەر و ژێر زەوی دەگەڕێین. ئەی تەرمەکەی چۆن چووە ئەو شوێنە؟ نارین لە کوێ بوو؟ درەنگ کەوتن. ئەو گومانەی لە مێشکی ئێمەدایە، لە مێشکی هەموو کەسێکی دیکەشدا هەیە." 
 
ماوەی 19 رۆژە لەگەڵ ونبوونی، نارینی بچکۆڵ بووەتە رۆژەڤی باکووری کوردستان و تورکیا. لەسەر زاری منداڵان، کچ و کوڕان و ژن و پیاوانە. دۆزینەوەی تەرمی نارین ئەوانەی چاوەڕێی بە زیندوو گەڕانەوەی بوون، بێهیوا کرد. 
 
نوهات ئوگورکان، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ئامەدە و دەڵێت: "نازانین لە ئەمڕۆ بەدواوە چی بکەین، ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە، ناتوانین منداڵەکانمان بە برا و باوکی خۆمان بسپێرین. چۆن دەتوانین؟" 
 
فکرییە سەرت، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت: "نارین وەکو کچی خۆم وایە. بیست رۆژە لەبەر نارین خەو نەچووەتە چاومان." 
 
ئەیلوول سەرت، دەڵێت: "ئێمە دەترسێین، دەترسێین هەمان شت بەسەر منداڵەکانیشمان دا بێت." 
 
لەدوای دۆزینەوەی تەرمی نارین، بە بڕیاری وەزارەتی دادی تورکیا، سێ داواکاری گشتی، لەنێویدا جێگری داواکاری گشتیی سەرۆککۆمار بۆ لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و فراوان راسپێردران. بە بڕیاری ئەو داواکارە گشتییانە، 21 کەس لەلایەن جەنرمەوە دەسبەسەر کران، لەنێویدا باوک، برا، مام و ئامۆزای نارین هەن.