مەسرور بارزانی پڕۆژە گەورەکەی راگەیاند؛ 'تاوەکو 30 ساڵی دیکە هەولێر کێشەی کەمئاویی نامێنێت'
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێرەوە دەستپێکردنی کاری لە پرۆژەیەک راگەیاند، کە بەهۆیەوە "هەولێر لە کەمئاوی رزگاری دەبێت" و، "تاوەکو 30 ساڵی دیکە کێشەی کەمئاویی نامێنێت."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر بۆ چارەسەری کێشەی ئاو، تۆڕی ئاوی گەڕەکەکانیش رێکدەخرێتەوە؛ گوتیشی: ''پڕۆژەیەکی دیکەی ئاویش بۆ سنووری قووشتەپە و گوندەکانی دەوروبەری جێبەجێ دەکرێت.''
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-9-2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر بۆ چارەسەری کێشەی ئاو، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''لە نزیکەوە ئاگاداری خەمی هاووڵاتییانی چەندین گەڕەکی هەولێر بووم کە گرفتی کەمئاوییان هەبوو.''
مەسرور بارزانی گوتی ''بەداخەوە هەندێک لایەن هەوڵیان دا کێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەکانی خەڵک بکەن بە کەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. بەڵام کێشەی کەمئاوی بە چەند تانکەرێکی ئاو چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستە پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بخرێتەگەڕ کە ئاوی زێی گەورە بگەیێنێتە شاری هەولێر.''
ساڵانە لە وەرزی هاویندا شاری هەولێر و دەوروبەری تووشی گرفتی کەمئاوی دەبن. وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی ''ئەم پڕۆژەیە بە قەبارەیەک ئاو دەگەیێنێتە هەولێر، کە تاوەکو نزیکەی 30 ساڵی دیکە، کێشەی کەمئاوی نامێنێت.''
مەسرور بارزانی گوتیشی ''داوام کردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە، تۆڕی نێوخۆی ئاوی گەڕەکەکانیش رێکبخرێنەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، بتوانرێت ئاو بە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر بگەیێنرێت.''
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە گرفتی کەمئاویی ناحیەی قووشتەپەش کرد و گوتی ''بڕیارم داوە پڕۆژەیەکی دیکەی ئاو بۆ سنووری قووشتەپە و گوندەکانی دەروبەری دەستپێبکرێت.''
ئێستا. بەشێکی دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەر لە رێگەی بیرەکانەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێن. مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە دەبنە هۆکارێک بۆ داخرانی سەتان بیری ئاو، ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێر زەوی.'
وێنە: دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. pic.twitter.com/9q5l6xPJnc
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 8, 2024
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە پڕۆژەیەکی نوێ بۆ پاککردنەوەی ئاو کرد و رایگەیاند، ''داوام کردووە هەرچی زووترە کار لەسەر پڕۆژەی ریسایکلینی ئاو، واتە بەکارهێنانەوەی ئەو ئاوە بکرێت کە لە شاری هەولێر دەردەچێت، بەو جۆرەش رێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین.''
مەسرور بارزانی گوتیشی، رێژەی بەکارهێنانی ئاو بۆ کەسێک لە هەرێمی کوردستان زۆر لە رێژەی ستانداردی جیهان زیاترە، 'بۆیە دەبێ سیستمی پەروەردە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵکیش رەچاوی ئەو بابەتە بکەن؛ زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا نەکەن.''
پڕۆژەکە بە گوژمەی نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت و توانای بەرهەمهێنانی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە کاژێرێکدا هەیە.
زانیاری لەبارەی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر بۆ چارەسەری کێشەی ئاو: