فەرەیدوون عەبدولقادر: سبەی ئۆتۆمبێلەکەم دەنێرمەوە بۆ یەکێتی
رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤانی کورد، فەرەیدوون عەبدولقادر رایگەیاند، تەنیا یەک ئۆتۆمبێلی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لایە و سبەی دەینێرێتەوە بۆ ئەو حیزبە.
فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی دووشەممە، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە یەکێتی پێیدابووم، بۆیانی دەنێرمەوە."
ئۆتۆمبێلەکەی فەرەیدوون عەبدولقادر، لە جۆری لاندکروزەر و مۆدێلی ساڵی 2015یە. فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێت، "جگە لەوە هیچی دیکەی حیزبم لا نییە، هەرچەندە یەکێکم لە دامەزرێنەرە راستەقینەکانی یەکێتی، بەڵام تەنانەت پارچە زەوی یان شوقەیەکیشم نییە."
5ی ئەیلوولی 2024 هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی دەستی بەسەر دەزگای رۆشنگەریی چاودێردا گرت، کە مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەندارێتیی دەکات.
6ی ئەیلوول مەلا بەختیار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەوەی روویدا پێشێلکردنی تەواوەتی ئازادی و مافی رادەربڕینە. ئەگەر ئەم جۆرە سیاسەتی کپکردنی دەنگی ئازادە بەردەوام بێت، کارەساتی گەورەتر روودەدات. هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان بۆ نەناردین و لەناکاو بەسەریاندا داین و بارەگاکەیان داخستین."
لەوبارەیەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم ھەوڵە نەوەک پەیوەندی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیکردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵکو پاڵپشتیی ئازادیی کاری رۆژنامەوانی و فراوانکردنی سنوورەکانی دیموکراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتی بووە و ھەرواش دەمێنێتەوە."
دوای ئەو رووداوە، فەرەیدوون عەبدولقادر، وەکو پاڵپشتییەک سەردانی مەلا بەختیاری کرد و بە میدیای گوت: "ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نازانن مام جەلال چۆن بیری کردووەتەوە."