ئاوی قەڵادزێ: رۆژانە نزیکەی 30 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێنین

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ رایدەگەیێنێت، نزیکەی 99%ی پێداویستیی ئاوی قەڵادزێ لە رووباری زێی بچووکەوە دابیندەکرێت و رۆژانە نزیکەی 30 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بەرهەمدەهێنن. دەشڵێت، گلدانەوە و بەردانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە بەردەوام گرفتیان بۆ دروست دەکات.
 
مارف مەحموود، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ بەردەوامە لە پاڵاوتن و دابینکردنی ئاوی پاک بۆ شارەکە، بەبێ هیچ گرفتێک کاری خۆی دەکات.
 
مارف مەحموود گوتی، لەم وەزری هاوینەدا توانای پاڵاوتن و بەرهەمێنانی ئاو لە پاڵاوگەکەیان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست کە رۆژانە نزیکەی 30 ملیۆن مەتر سێجا بووە، ئەوەش رێژەیەکی بەرزە و بەهۆی زۆریی خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاو لەلایەن هاونیشتمانییانەوە "لەم هاوینەدا بارگرانییەکی زۆریان لەسەر بووە."
 
لە وەرزی بەهار و زستاندا لە رێگەی کانیاوی ئاوی هەڵشۆوە ئاو بۆ قەڵادزێ دێت، بەڵام لە وەرزی هاوین و پاییزدا نزیکەی 99%ی ئاوی قەڵادزێ لە رێگەی پرۆژەی ئاوی خاسەوە دابین دەکرێت.
 
پرۆژەی ئاوی خاس لەسەر رووباری زێی بچووک، ئاوی خواردنەوە بۆ قەزای قەڵادزێ دابیندەکات، پرۆژەکە لە رێگەی چوار حەوزی ئاوەوە کە توانای گلدانەوەی نزیکەی نزیکەی 40 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
 
بەڕێوەبەری پاڵاوگەی ئاوی خاس دەڵێت، ئەو حەوزانەی هەیانن، دەتوانن بۆ یەک رۆژی ئاوی قەزاکە دابین بکات، بۆیە بە ناچاری حەوزەکانیان زیاتر وەکو یەکەی گواستنەوە کار دەکەن.
 
لەبارەی گلدانەوە و گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، مارف مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانە لەگەڵ گلدانەوە و گرتنەوەی ئاوی رووباری زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بەتایبەت لەدوای دروستکردنی بەنداوی کۆڵەسە لە سەردەشت، لە 2017وە گرفت بۆ ئاوی زێی بچووک دروست بووە، ساڵانە بەردەوام بەربەستی ئاو وەرگری پرۆژەکە نۆژەن دەکەینەوە و لەگەڵ گرتنەوە و بەردانەوەی ئاوی رووبارەکە بەربەستەکە تێکدەچێت.
 
مارف مەحموود گوتیشی، "جار هەبووە لە ماوەی 24 کاژێردا دوو جار بەربەستەکەمان دروستکردووەتەوە، بەهۆی بەردانەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە. ئێستا کۆمپانیایەک سەرقاڵی دیزاینکردنی بەربەستێکە بۆ گلدانەوەی ئاوی رووبارەکە، هیوادارین دوای تەواوکردنی دیزاینەکە، حکومەت بودجەی بۆ دابین بکات."