لە سلێمانی شۆفێرێک خۆی لە تانکەرێک لادا و ئۆتۆمبێلێکی دیکە کوشتی
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: هاونیشتمانییەک بەهۆی "رووداوێكی سەیر"ـی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
شەوی شەممە (7ـی ئەیلوولی 2024) بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی سەیر روویدا، كە شۆفێری تاكسییەك دوای ئەوەی لە یوتێرنێكی رێگەی عەربەت-سلێمانی خۆی لە تەنكەرێك لاداوە، بەڵام بەهۆی خێراییەوە كۆنترۆڵی لەدەستداوە و كەوتووەتە چاڵێكەوە."
گوتیشی "دوای ئەوەی شۆفێری تاكسیەكە دابەزیوە و لەگەڵ شۆفێری تانكەرەكە بووە بە دەمەقاڵێیان، ئۆتۆمبێلێكی دیکەی جۆری هیۆندا هاتووە و خۆی كێشاوە بە شۆفێری تاكسیەكەدا، بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە."
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لێكۆڵینەوەی یاسایی لە رووداوەكە بەردەوامە.