10ی ئەم مانگە لە ئێرلەندا تاوتوێی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی 10ی ئەم مانگە لە دبلنی پایتەختی ئێرلەندا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە جینۆسایدکردنی کوردی ئێزدی بەڕێوەدەچێت و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادە دەبێت.
 
د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، رۆژی سێشەممە 10ی ئەیلوولی 2024، لە دبلنی پایتەختی ئێرلەندا بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان دەكەین."
 
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، كۆبوونەوەكە تایبەتە بەو تاوانانەی بەرامبەر بە کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە کراون، كە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دەچنە خانەی تاوانی نێودەوڵەتی و بریتین لە تاوانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید.
 
دیندار زێباری گوتی، "لەو کۆبوونەوەیەدا گوتاری حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكێش دەكرێت و تێیدا تیشك دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دژی ئێزدییەكان کراون، لەگەڵ هەوڵەكانی دادگاییكردنی ئەندامانی داعش و قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و كەسوكاریان، سەرباری ئازادكردنی رفێندراوان." گوتیشی، "هاوئاهەنگی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی لێكۆڵینەوەی UN بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد) و میكانیزمی كاركردنی حكومەتی هەرێمی کوردستان دوای كۆتاییهاتنی ئەركی یونیتاد دەخرێتەڕوو."
 
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان دوایین ئاماری لەبارەی رفێندراوانی ئێزدیی خستەڕوو و گوتی، "تائێستا 3576 كەس رزگار کراون، لەوانە 1210یان ئافرەت، 339یان پیاو، 1070یان منداڵی كچ و 960یان منداڵی كوڕ و زیاتر لە 1000 کەسی دیکە نێردراون بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر."
 
بەپێی بڕیارنامەى 2697ی ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لە 17ی ئەیلوولى 2024، کۆتایى بە کارەکانى تیمى یونیتاد دێت، لە رۆژی 11ی تەممووز لە قۆناخی یەکەم بڕی (45.95) گێگابایت زانیاریی پارێزراو، كە یونیتاد لە دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان وەریگرتبوون، هەروەها رۆژی 25ی ئابی 2024 لە قۆناخی دووەم بڕی (11.9) گێگابایت زانیاری و لیكۆڵینەوەی تایبەت بە رێكارە یاساییەكان بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستان، رادەستی حكومەتی هەرێمی کوردستان کران.