وانەبێژانی خوێندنگە ئایینییەکان داوا دەکەن بکرێنە گرێبەست

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک مامۆستای وانەبێژ کە پێشتر سەر بە وەزارەتی پەروەردە بوون و ئێستا سەر بە وەزارەتی ئەوقافن، داوا دەکەن ئەوانیش بکرێنە گرێبەست. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی ئەوقاف لەسەر هێڵە بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان.
 
مامۆستاکان 150 کەسن کە لە خوێندنگە ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان وانە دەڵێنەوە، ئەوان پێشتر سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بوون و، نزیکەی دوو ساڵە خراونەتە سەر وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان.
 
هەردی سدیق، یەکێک لەو وانەبێژانەیە، ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژان ئێمەی نەگرتووەتەوە، لەکاتێکدا هەموو شایستە و رێکارەکانی وانەبێژیمان هاوشێوەی وانەبێژانی پەروەردەیە." 
 
ئەو مامۆستایانە دابەشی سەر شارە جیاکانی هەرێمی کوردستان بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، "وەزارەتی ئەوقاف لەسەر هێڵە بۆ بەگرێبەستکردنیان و ئەنجامەکانیش دڵخۆشکەر دەبن." 
 
25ـی ئاب، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەواوی وانەبێژانی وەزارەتی پەروەردە دەکەنە گرێبەست.
 
ئێستا مووچەی وانەبێژان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دینارە. بڕیارە دوای بەگرێبەستکردنیان مووچەکەیان لەنێوان 400 بۆ 500 هەزار دینار بێت.
 
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی پەروەردە، ژمارەی وانەبێژان نزیکەی 38 هەزار کەسە. هەروەها بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، پارەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانی وانەبێژان، مانگانە 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.