رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر بۆ چارەسەری کێشەی ئاو رادەگەیێنرێت. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێت: پڕۆژەکە کێشەی کەمئاویی بۆ 15 تاوەکو 20 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات.
شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر لەسەر زێی گەورە بە گوژمەی نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت، کە ئامانج لێی چارەسەریی ریشەیی کێشەی ئاوە لە پارێزگای هەولێر."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی شارەوانی، پڕۆژەکە دەتوانێت نزیکەی 20 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاژێرێکدا بەرهەمبهێنێت، لەکاتێکدا تێکڕای بەرهەمهێنانی هەر سێ پڕۆژەی ئیفراز و سەرجەم بیرە ئاوەکانی هەولێر لە کاژێرێکدا 18 هەزار مەتر سێجایە، "بۆیە ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت کێشەی کەمئاوی بۆ 15 تاوەکو 20 ساڵی داهاتوو بە تەواوی چارەسەر بکات."
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێت، "بەشێکی پڕۆژەکە تەواوکراوە و واچاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا پڕۆژەکە تەواو ببێت."
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-9-2024) لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرسی حکومی پڕۆژەکە رادەگەیێنرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی شەممە لە فەیسبووک نووسیبووی "سبهی لۆ ههولێر رۆژێکی زۆر خۆشه، ههنگاوێکی زۆر گرنگ دهستپێدهکات، بۆ دوورمهودا کێشه و گرفتێکی گهورهی ههولێر چارهسهر دهبێت. یەک له ئاواتهکانم هاتهدی و ههوڵهکانی سهرۆکی حکومهت دهربازمان دهکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ