بەھۆی سووتانی خێوەتێک لە کەمپی بەردەڕەش منداڵێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەھۆی سووتانی خێوەتێکی ئاوارەکان لە کەمپی بەردەڕەش منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ و نیو گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 8ـی ئەیلوولی 2023، عەقید ئیبراھیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناوی منداڵەکە رۆنیا حەسەن موسایە، تەمەنی ساڵ و نیوێکە و بەھۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەی گیانی لەدەستداوە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە بەھۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
کەمپی بەردەڕەش دەکەوێتە باشووری قەزاکە و هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان تێیدا نیشتەجێن کە لە کۆتایی ساڵی 2019 بەھۆی ھێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
بەپێی وێنەکانی کە دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە گیراون، خێوەتەکە و کەلوپەلەکانی نێوی بەتەواوی سووتاون.