وردەکاریی کوژرانی سێ کەس لە قەڵادزێ بە گولـلە؛ 10 منداڵ بە بێ باوک مانەوە


رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو ماتۆڕسوارێک بە دەستڕێژی گولـلە لە قەڵادزێ سێ کەسی کوشت. پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بەدوای تۆمەتباری رووداوەکەوەن. کوڕی یەکێک لە کوژراوەکانیش دەڵێت، کێشەیان لەگەڵ کەسدا نەبووە.
 
رووداوەکە شەوی پێنجشەممە، 07-09-2023، بوو. کەمتر لە کیلۆمەترێک لە دووریی قەڵادزێ، ئەو سێ کەسە کاژێر نۆی شەو بە دەستڕێژی گولـلەی ماتۆڕسوارێک کوژران، بەڵام تاوەکو ئێستا تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیر نەکراوە و پۆلیسی راپەڕین دەستی بە لێکۆڵێنەوە کردووە.
 
شاهێدحاڵێکی رووداوەکە دەڵێت، "خەڵک دێت ئێواران لەو سەرتەپکانە دادەنیشن، خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە، دوای ئەوە دەچنەوە بۆ ماڵ."
 
لە رووداوەکەدا هەریەکە لە ئیسماعیل عەبدوڵڵای تەمەن 43 ساڵ کە باوکی دوو منداڵە، محەممەد هۆمەری 49 ساڵ کە باوکی چوار منداڵە لەگەڵ عومەر عەبدوڵڵای 55 ساڵ کوژران کە ئەمیش چوار منداڵی لەدوای خۆیدا بەجێهێشت.
 
محەممەد پیرۆت، برای یەکێک لە کوژراوەکان بە رووداوی گوت، "دەعوەتی برادەرێک بوون، دانیشتبوون و تەقەیان لێکراوە، براکەم کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە، بەڵام کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە."
 
ساڵح محەممەد، کوڕی یەکێک لە کوژراوەکان باس لەوە دەکات، "کێشەمان لەگەڵ کەس نەبووە، کەسابەتی خۆمان کردووە و زیانمان بۆ مێروولەیەک نەبووە."
 
پۆلیسی قەلادزێ دەڵێت: هێزەکانمان لە پۆلیسی قەڵادزێ بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن، تاوەکو ئێستا تۆمەتبار دەستگیرنەکراوە.