کۆنسوڵی فەلەستین لەبارەی رۆڵی فەلەستینییەکان لە بەعەرەبکردنی عەفرین بۆ رووداو قسە دەکات


رووداو - هەولێر  

کۆنسوڵى گشتیى فەلەستین لە هەرێمى کوردستان لەبارەی جێگیرکردنی عەرەبی هاوردە لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "ئێمە خۆمان دژى سیاسەتى نیشتەجێکردنین". ئەو هەڵوێستەى بەرپرسە فەلەستینییەکە دواى ئەوە هات کە تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکى لەبارەى دروستکردنى کۆمەڵگەى نیشتەجێکردن لە خاکى عەفرین لە لایەن رێکخراوێکى فەلەستینى بڵاوکردەوە کە عەرەبی هاوردەی تێدا نیشتەجێ دەکرێن. 
 
رۆژی 8ی ئەیلوولى 2022، ژمارەیەک کەسایەتیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان سەردانى کۆنسوڵخانەى فەلەستینیان لە هەولێر کرد بە مەبەستى گەیاندنى ناڕەزایەتى لەبارەى بەشداریکردنى چەند کۆمەڵ و رێکخراوێکى فەلەستینى بۆ دروستکردنى "کۆمەڵگەى نیشتەجێبوون" بۆ عەرەبی هاوردە لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. 
 
لەوبارەوە نەزمى حزورى، کۆنسوڵى گشتیى فەلەستین لە هەرێمى کوردستان رۆژی پێنجشەممە 8-9-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایانە دەکەین کە پێشکێشمان کراون لەبارەى گواستنەوەى پەناخوازە فەلەستینییەکان بۆ خاکى هاووڵاتییانی کورد لە عەفرین". گوتیشى: "ئەوەى لەوبارەیەوە کراوە، هەنگاوى تاکەکە کەسییە". 
 
کۆنسوڵى گشتیى فەلەستین لە هەرێمى کوردستان گوتیشی: "ئەو دۆخەى پەناخوازە فەلەستینییەکان لە سووریا تایبەتە و دەسەڵاتى فەلەستینى هەموو کارێک دەکات بۆ گەڕاندنەوەیان؛ ئێمە خۆمان داواى راگرتنى نیشتەجێکردن دەکەین؛ لۆژیکى نییە کە خۆمان ئەو کارە بکەین؛ ئێمە جەخت لەسەر مافى گەڕانەوە دەکەینەوە و خۆمان قوربانیى سیاسەتى نیشتەجێکردنین".
 
لەبارەی هەمان بابەت، محەممەد حەمۆ، یەکێک لەو کەسایەتییانەی سەردانی کۆنسوڵخانەی فەلەستینیان کرد، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە دەزانین ئەو رێکخراوانەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبی هاوردە لە عەفرین دروستدەکەن فەلەستینین. ویستمان سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و کۆنسوڵەکەیان بۆمان روونبکەنەوە کە مەبەستی ئەو رێکخراوانە چییە لە دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبی هاوردە".
 
محەممەد حەمۆ کە نووسەر و کەسایەتییەکی شاری عەفرینە دەڵێت: "کۆنسوڵی فەلەستین پێى گوتین، کۆنسوڵخانە و حکومەتی فەلەستین لەو کارە ناڕازین؛ داوای لە ئێمە کرد جارێکی دیکە سەردانیان بکەینەوە و ئەگەر کێشەکە هەر چارەسەر نەبوو، شاندێکی ئێمە رەوانەی فەلەستین بکەن بۆ ئەوەی راستەوخۆ ناڕەزایەتیمان بگەیێنینە سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین". 
 
بەگوێرەى ئامارەکانى رێکخراوى هاریکاریکردنی پەناخوازە فەلەستینییەکان، 135 هەزار پەناخوازی فەلەستینى لە سووریادان. 
 
4ى ئەیلولى 2022، تۆڕى میدیایی رووداو راپۆرتێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوەدا کە رێکخراوێکی فەلەستینی لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی بۆ "عەرەبە هاوردەکان" دروستکردووە.
 
کۆمەڵگەکە دەکەوێتە نزیکی شاری جندرێسی رۆژئاوای عەفرین و لە لایەن رێکخراوێک بە ناوی "دڵسۆزیی خێرخوازی"یەوە دامەزراوە. ئەو فەلەستینییانەی کە بودجەی پڕۆژەکە دابین دەکەن، دانیشتووی گوندێکی سنووری قودس/ئورشەلیمن.
 
34 یەکەی نیشتەجێبوونی پڕۆژەکە رادەستکراون، 80 یەکەی دیکەش ئامادەدەکرێن. عەبدین رەشۆ، سیاسەتڤانی کوردی خەڵکی عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانج لە دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەکە "مانەوەی عەرەبە هاوردەکانە لە عەفرین". گوتیشی: "ئەو خێزانانە خانوویان بۆ دروستدەكرێت و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكرێت؛ ئەوان ناگەڕێنەوە و لەو ناوچەیە دەمێننەوە و بەو جۆرەش گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا روودەدات".