لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان: بودجەی دەریاچەی ورمێ بە ئۆتۆمبێل دراوە


رووداو دیجیتاڵ

دەریاچەی ورمێ ئێستا شەپۆڵ نادات و رەوتێکی خێرای بەبیابانبوونی پێوەدیارە. بەگوتەی بەرپرسان، 95٪ی وشک بووە و ئەگەر ئەم پاییزە ئاوی بۆ بەرنەدرێتەوە، بە یەکجاریی وشک دەبێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەڵێت، بەشێک لەو پارەیەی بۆ دەریاچەکە دابین کرابوو، بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل تەرخان کراوە.
 
رەوتی وشکبوونی دەریاچەکە لە یەکەم دەیەی 2000ـەوە دەستیپێکرد. ساڵی 2013 ناوەندی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ پێکهات، بۆ ئەوەی لە ماوەی 10 ساڵدا ئاستی ئاوەکەی بگەیێنێتەوە ئاستی ئیکۆلۆژیک، بەڵام ئەو بەوە تۆمەتبارە کە کەمتەرخەمی و سەرپێچی تێدا کراوە، بۆیە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهاتووە. 
 
جەلال مەحموودزادە، جێگری سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، پارێزگاکانی سنە، ورمێ و تەورێز بودجەکەیان بۆ کاروباری دیکە خەرج کردووە. دەشڵێت: "لەو سێ پارێزگایەدا لەجێی ئەوەی پارەی بودجە بۆ ژیاندنەوەی دەریاچە خەرج بکرێت، ئۆتۆمبێلیان بۆ دامودەزگا جێبەجێکارەکان کڕیوە، یان مووچەی فەرمانبەرەکانیان داوە. ئەو پارەیەی لە ناوەندی ژیانەوەدا خەرجکراوە، نزیکەی 18 تریلیۆن تمەن بووە، هەندێکی بۆ دروستکردنی تونێلی زێی بچووک تەرخان کراوە، هەندێکیشی بۆ نزیکەی 9 ناوچەی ئاوڕێژی دەریاچەکە خەرجکراوە."
 
بەرپرسان هۆکاری وشکبوونی دەریاچەی ورمێ بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی دەگەڕێننەوە، شارەزایانی ژینگە ئیدارەدانی خراپی بەرپرسانیش بە هۆکار دەزانن.
 
عەلی سەلاجەقە، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران گوتی: "لە پاڵاوگەکانی ئاوی تەورێز و ورمێوە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ دەریاچەکە بەردراوەتەوە، بابەتێکی دیکەش تونێلی زێی بچووکە، کە ئەگەر کێشەکەی چارەسەر بێت، 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ دەریاچەکە دەگوازرێتەوە، بابەتێکی دیکە رێکخراوی کشتوکاڵە کە دەبیت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، لەوانە بەرهەمی جێگرەوە و ئەو بەرهەمانەی ئاوی کەمیان دەوێت."
 
بەڵام ماڵپەڕی ئیرنا، زمانحاڵی حکومەت لە گوتارێکدا باس لەوە دەکات کە دەریاچەکە بە ئەنقەست وشک دەکرێت، ئەویش بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە ماددەی لیتیۆم لە قەراخەکانیدا. لیتیۆم کە لە دروستکردنی پاتریی ئۆتۆمبێلی کارەبایی یان دەرمان و مانگە دەستکردەکاندا بەکاردێت، نرخی هەر تۆنێکی بە نزیکەی 20 هەزار دۆلارە.
 
95٪ی رووبەری دەریاچەی ورمێ وشک بووە، هاوینی 2021 رووبەری دەریاچەی ورمێ 2,027 کیلۆمەتر سێجا بووە، هاوینی ئەمساڵ بۆ 1,010 کیلۆمەتری سێجا کەمبووەتەوە. ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ 3.4 ملیار مەتر سێجا ئاوی پێویستە.