رووداو- هەولێر
هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی لە چیای قەرەچووخ ئەنجامدا و دەستی بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرت.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور- گوێڕی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-9-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 7-9-2022 هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری شەش ئۆپەراسیۆنێکیان لە بەشی باکووری چیای قەرەچووخ دەستپێکرد.
سیروان بارزانی گوتی، ئۆپەراسیۆنەکە دوو رۆژی خایاند و تێیدا 36 ئەشکەوتی چەکدارانی داعش دۆزرانەوە و پشکنران و، دەستبەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی دروستکردنی بۆمبیشدا گیراوە.
سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور- گوێڕی هێزی پێشمەرگە گوتیشی، هێزەکانی پێشمەرگە سەرکەوتووانە ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامدا و هیچ زیانێکیش بە پێشمەرگە نەگەیشتووە.
داعش لە حوزەیرانی 2014دا موسڵ و بەشێکی زۆری دیکەی ناوچە سوننەنشینەکانی عێراقی خستەژێر دەسەڵاتی خۆی؛ لە ئابی 2014دا لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رووبەڕووی یەکەمین شکست بووەوە.
2017 کۆتایی خەلافەتی داعش لە عێراق راگەیێندرا، بەڵام یەکێک لەو شوێنانەی پاشماوەکانی داعش وەک پەناگە بەکاریانهێناوە، سنووری مەخموور و چیای قەرەچووخە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ